ئەردۆغان: ئۆپراسیۆنی‌ خواكوڕك بەردەوام دەبێت
  2019-06-04       542       
ئەردۆغان له‌كاتی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌نوس‌و په‌یامنێراندا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا جه‌خت له‌به‌رده‌وامیی‌ ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ سوپای‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌خواكورك دژی‌ په‌كه‌كه‌.

ئاوێنه‌: دوای ئه‌نجامدانی نوێژی جه‌ژن له‌مزگه‌وتی گه‌وره‌ی چامڵجا له‌ئیستانبوڵ ئه‌ردۆغان وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نوس‌و په‌یامنێرانى دایه‌وه‌.

له‌باره‌ی‌ ئۆپراسیۆنه‌كانی‌ خواكوركه‌وه‌ وتی‌، "بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی خواكوڕك، وەزیری بەرگریی‌و فەرماندە سەربازییەكان لەسەر سنورن، لەرێگەی تەلەفۆنەوە قسەم لەگەڵ كردون، تا دەگەینە ئەنجام ئۆپەراسیۆن بەردەوام دەبێت".

له‌شه‌وی‌ 27 له‌سه‌ر 28ی‌ 5ی‌ 2019وه‌ سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی‌ سه‌ربازیی‌ به‌رفراوانی دژی‌ گه‌ریلاكانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان -په‌كه‌كه‌- له‌ناوچه‌ سنورییه‌كانی‌ باشورو باكوری‌ كوردستان‌و به‌تایبه‌تی‌ له‌ده‌ڤه‌ری‌ خواكورك ده‌ستپێكردووه‌.

لەبارەی كڕینی سیستمی موشەكی S-400 لەروسیاو نیگەرانییەكانی ئەمەریكا، ئه‌ردۆغان وتی، "رێككەوتنمان كردووەو سورین لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەمان."

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌رو كه‌ پێشنیازیان بۆ ئەمەریكا كردووە كە لیژنەی ھاوبەش دروستبكەن‌و ئەو لیژنەیە لەسەر ئیس400 بەدواچون‌و لێكۆڵینەوە بكەن. 

وتیشی‌، داوامان لەئەمەریكا كردووە سیستمی دژە موشەكمان پێ بفرۆشێت‌و مامەڵەتان وەك روسیا بێت، ئێمەش ھەنگاو دەنێین، بەڵام وەڵامەكەی ئەمەریكا بەدڵی ئێمە نەبو".

راشیگه‌یاند، "ئه‌گه‌ر وه‌ك روسیا ئه‌مه‌ریكا داواكاریی ئه‌رێنی هه‌بێت، ئێمه‌ ده‌توانین له‌باره‌ی پاتریۆته‌وه‌ هه‌نگاو بنێین. ئه‌وه‌مان به‌خۆیشیان گوتووه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ له‌باره‌ی پاتریۆته‌وه‌ داواكارییه‌كی ئه‌رێنی وه‌ك هی ئێس-٤٠٠ه‌كان نه‌هاتووه‌، ئێستا له‌بازرگانی نێوده‌وڵه‌تیدا پێویسته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش بێت. ئه‌گه‌ر وا نه‌بێ ئێمه‌ ناچار نین هیچ شتێك بكڕین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×