كۆمپانیای روسنەفت لەقەزای ئاکرێ بەدوای نەوتدا ده‌گەڕێت
  2019-06-04       928       
سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای روسنەفت ئاشكرای‌ ده‌كات، كۆمپانیاكە بەنیازە لەمساڵدا پرۆسه‌ی‌ گه‌ڕان بەدوای نەوتدا لەقەزای ئاکرێ ده‌ستپێیبكات.

ئاوێنه‌: به‌پێی‌ هه‌واڵێكی‌ ئاژانسی ئیته‌ر تاسی روسی له‌سه‌ر زاری ئیگۆر سیچینی، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای رووسنەفت بڵاویكردووەتەوە، كە كۆمپانیاكە بەنیازە ئەمساڵ لە ناوچەی بجیلی سەر بە قەزای ئاکرێ بەدوای نەوتدا بگەڕێت.

كۆمپانیاكه‌ پێشتر رایگه‌یاندبو كه‌ تاوەكو مانگی 12ی ساڵی 2018 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 3 ملیار دۆلار قەرزداری كۆمپانیای روسنەفت بووە، بەڵام بەپێی راگەیەندراوی روسنەفت، قەرزەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەك ملیارو 400 ملیۆن دۆلار دابەزیوە.

لەكۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری سان بتروسبۆرگ كە ٢٥ی ئایاری ساڵی 2017 لەڕوسیا بەڕێوەچو، حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و کۆمپانیای روسنەفتی روسیا گرێبەستێکی ستراتیژی وەبەرهێنانیان واژۆکرد. ئەو رێککەوتنە گشتگیرە بووە هۆکاری ئەوەی کە روسیا بەچڕی بێتە ناو کەرتی نەوت‌و گازی هەرێمی کوردستان، هەر لەدەرهێنان‌و دۆزینەوەی نەوت، تا گواستنەوەو بەبازاڕکردنی رۆڵێکی سەرەکی ببینێت. 

لەدووەم رۆژی کۆڕبەندی ئابوری سان پترسبۆرگدا، دوای کۆبونەوەی نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان‌و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم بەئامادەبونی ئیگۆر سچین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەو ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆکرا.

رێککەوتنە گشتگیرەکەی روسنەفت‌و حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند مانگ دواتر خۆی لەواژۆکردنی چەندین گرێبەست بینیەوە.

روسنەفت، یه‌كێك له‌كۆمپانیا روسیه‌ گه‌وره‌كان‌و لەلایەن ئیگۆر سچین، راوێژكارو كەسایەتی نزیك لەڤلادیمیر پوتین سه‌رۆكی‌ روسیاوه‌ بەڕێوەدەبرێت.

کۆمپانیای روسنەفت، بنەکەی سەرەکی لەمۆسکۆیە، بەڕێوەبەری جێبەجێکار ئیگۆر سچین، راوێژکاری نزیکی سەرۆکی روسیا ڤلادیمیر پوتینە.

كۆمپانیاكه‌ له‌بوارەکانی نەوت‌و گازو بەرهەمە نەوتی‌و پێترۆکیمیاییەکان كارده‌كات. داهاتی ساڵانەی‌ 9 ملیار دۆلارو قازانجی ساڵانەی‌ 1.3ملیار دۆلاره‌.

خاوەندارییەتی روسنەفت له‌50%ی‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ حکومەتی روسیاو له‌ 19.75%ی‌ بۆ کۆمپانیای BPو له‌ 0.54%ی‌
بۆ ده‌وڵه‌تی‌ قەتەرو کۆمپانیای گلینکۆر.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×