كچی‌ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی‌ سه‌دام نهێنییه‌كان ئاشكرا ده‌كات
  2019-06-04       3767       

 ئا: بارام سوبحی‌

به‌هه‌مو به‌شه‌كانی‌ جه‌سته‌و مێشك‌و گیانمه‌وه‌ له‌سه‌دام ده‌ترسام، ئه‌و ترسه‌ له‌ساته‌ ئاسوده‌ییه‌كانی‌ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌شمدا له‌ڤێرجینیا هه‌ر له‌گه‌ڵمدا بو... ته‌نانه‌ت له‌ماڵی‌ خۆشماندا ده‌ترسام به‌ئاشكرا پێی‌ بڵێم (سه‌دام حسێن)، كچی‌ فڕۆكه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ سه‌دام به‌م جۆره‌ گوزارشت له‌ژیانی‌ خۆی‌ ده‌كات.

كتێبی‌ له‌نێوان دو جیهاندا: هه‌ڵاتن له‌سته‌مكاری‌‌و گه‌وره‌ بون له‌سێبه‌ری‌ سه‌دامدا، نوسینی‌ زه‌ینه‌ب سالبی‌‌و لاوری‌ بێكلونده‌، ئه‌م كتێبه‌ له‌ وه‌رگێڕانی‌: هێمن تاهیرو دڵشاد محه‌مه‌دو عه‌دنان ئیبراهیمه‌، خانه‌ی‌ وه‌رگێڕان له‌سلێمانی‌ له‌دوتوێی‌ (360) لاپه‌ڕه‌دا كتێبه‌كه‌ی‌ چاپ‌و بڵاوكردۆته‌وه‌.
له‌م كتێبه‌دا نوسه‌ر باس له‌ژیانی‌ خۆی‌‌و خێزانه‌كه‌ی‌‌و تێكه‌ڵاوبون له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ی‌ سه‌دام حسێن‌و ژیانی‌ تایبه‌تی‌ سه‌دام‌و مناڵه‌كانی‌ له‌شه‌وان‌و له‌ناو كۆشكه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ ده‌كات. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ باس له‌كارو چالاكییه‌كانی‌ رێكخراوه‌كه‌ی‌ له‌ئه‌مریكا ده‌كات، كه‌ بۆ هاوكاری‌ ژنان دایمه‌زراندوه‌.

كچی‌ فڕۆكه‌وانه‌كه‌
هه‌رچه‌نده‌ سه‌دام حسێن هیچ خزمایه‌تییه‌كی‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ زه‌ینه‌بدا نه‌بوه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ كاره‌كه‌ی‌ باوكی‌ په‌یوه‌ندی‌‌و تێكه‌ڵاوی‌  له‌نێوانیاندا دروست بوه‌. له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: هه‌ندێك له‌پشوی‌ هه‌فته‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ منداڵی‌‌و سه‌راپای‌ لاویم له‌گه‌ڵ ئه‌ودا به‌سه‌ربرد. فێركرابوم به‌ "عه‌مو" بانگی‌ بكه‌م‌و ئه‌ویش وه‌ك برازایه‌ك هه‌ڵسوكه‌وتی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كردم... باوكم فڕۆكه‌وانی‌ ئه‌و بو، سه‌دام له‌سه‌ره‌تای‌ هه‌شتاكاندا بۆ خزمه‌تی‌ خۆی‌ وه‌ك فڕۆكه‌وانێك دایمه‌زراندبو. كاتێك له‌عێراق گه‌وره‌ ده‌بوم خه‌ڵكی‌ ئاسایی‌ به‌ "كچه‌ فڕۆكه‌وانه‌" ئاماژه‌یان بۆ ده‌كردم، منیش رقم له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ ده‌بوه‌وه‌و ئێستاشی‌ له‌سه‌ر بێت هه‌ر رقم لێی‌ ده‌بێته‌وه‌.
دایكی‌ زه‌ینه‌ب كه‌ شیعه‌ بوه‌ له‌ساڵی‌ (1968) هاوسه‌رگیریی ئه‌نجامداوه‌، باوكی‌ زه‌ینه‌ب بڕوانامه‌ی‌ خوێندنی‌ ئه‌كادیمیای‌ فڕۆكه‌وانی‌ له‌سكۆتله‌ندا به‌ده‌ستهێناوه‌. ساڵێك پاش ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌و له‌و مانگه‌ی‌ باوكی‌ له‌لایه‌ن هێڵی‌ ئاسمانی‌ عێراقییه‌وه‌ پله‌كه‌ی‌ بۆ كاپتن به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ زه‌ینه‌ب له‌دایكبوه‌، دواتریش دو برای‌ به‌ناوه‌كانی‌ حه‌یده‌رو حه‌سه‌ن له‌دایكبون. ناوبراو ده‌ڵێت: خانه‌واده‌كه‌م هیچ ئاره‌زویه‌كیان له‌سیاسه‌ت نه‌بو، باوكم كوڕی‌ به‌رپرسێكی‌ دیاری‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ بو خۆی‌ له‌سیاسه‌ت كه‌نارگیر كردبو. دایكیشم هه‌رگیز حه‌زی‌ به‌كۆبونه‌وه‌ی‌ حزبی‌ نه‌ده‌كرد.

هیوایه‌ته‌كانی‌ سه‌دام
له‌م كتێبه‌دا زه‌ینه‌ب به‌ده‌ر له‌بیره‌وه‌رییه‌كانی‌ خۆی‌، سودی‌ له‌بیره‌وه‌رییه‌كانی‌ دایكی‌ وه‌رگرتوه‌ كه‌ له‌په‌ڕاوێكدا تایبه‌ت بۆی‌ نوسیوه‌. عالیه‌ی‌ دایكی‌ زه‌ینه‌ب له‌باره‌ی‌ هیوایه‌ته‌كانی‌ سه‌دامه‌وه‌ ده‌ڵێت: راوكردن یه‌كێك بو له‌هیوایه‌ته‌كانی‌.. مه‌شروبی‌ زۆر ده‌خوارده‌وه‌و ویسكی‌ شیفاس ریگاڵی‌ سكۆتله‌ندی‌ لاپه‌سه‌ند بو... مه‌راقی‌ له‌سه‌ما بو، به‌تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵ میوزیكی‌ رۆژئاواییدا، وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌رگیز له‌سه‌ماكردن ماندو نه‌ده‌بو، كه‌چی‌ نه‌ سه‌ماكه‌رو نه‌ مه‌یخۆرێكی‌ باش بو.
هه‌ر له‌باره‌ی‌ خواردن‌و خواردنه‌وه‌ی‌ سه‌دامه‌وه‌، عالیه‌ ده‌ڵێت: سه‌دام زۆر حه‌زی‌ له‌گۆشت بو، رۆژانه‌ مه‌ڕی‌ نوێی‌ بۆ سه‌رده‌بڕرا. ستافی‌ چێشتخانه‌كه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ مه‌سیحی‌ بون.. تا زۆرتری‌ بخواردایه‌ته‌وه‌ زیاتر شادمان ده‌بو، قه‌ت نه‌مبینی‌ ره‌فتارێكی‌ سه‌رخۆشانه‌ بكات. وا ده‌رده‌كه‌وت خواردنه‌وه‌ زیاتر ده‌یگه‌شێنێته‌وه‌‌و شه‌وق‌و زه‌وقی‌ پێده‌دا. هه‌ندێكجار ساته‌ میهره‌بانه‌كانی‌ ئه‌و كاتانه‌ بون كه‌ ده‌یخوارده‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ئاره‌زوی‌ سێكسی‌ سه‌دام، ده‌ڵێت: سه‌دام هه‌رگیز سڵی له‌به‌كارهێنانی‌ ئافره‌ت بۆ خۆشییه‌كانی‌ خۆی‌ نەدەکردەوە. به‌شێوه‌یه‌ك باسی‌ به‌غدای‌ ده‌كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ژنێك بێت‌و ئه‌ویش خۆشه‌ویستی‌ له‌گه‌ڵدا بكات... هه‌رگیز له‌ژن تێر نه‌ده‌بو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین ژنی‌ له‌به‌رده‌ستدا بو. ده‌یوت ده‌مه‌وێت قه‌ره‌بوی‌ رۆژه‌ سه‌خته‌كانی‌ ژیانی‌ گه‌نجی‌‌و چالاكی‌ سیاسی‌ بكه‌مه‌وه‌. له‌ئێواره‌یه‌كدا پێیوتین: كاتێك له‌زیندان بوم چێژم له‌جوتبونی‌ دو باڵنده‌ش بینیوه‌.

به‌كرو سه‌دام‌و هیتله‌ر
به‌گوێره‌ی‌ گێڕانه‌وه‌كانی‌ زه‌ینه‌ب، سه‌دام چه‌ند رۆژێك به‌رله‌وه‌ی‌ ببێته‌ سه‌رۆك كۆمار كاتێك چوه‌ته‌ ماڵیان به‌ته‌نها بوه‌ یان یه‌ك پاسه‌وانی‌ له‌گه‌ڵدا بوه‌. دواتر ده‌ڵێت: شه‌وێكی‌ ته‌مموزی‌ ساڵی‌ (1979) كاتژمێر هه‌شتی‌ ئێواره‌ هات بۆ ماڵمان‌و وتی‌ له‌پیاوه‌ پیره‌كه‌ "مه‌به‌ستی‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر" بو نه‌جاتم بو، ئه‌و شه‌وه‌ زۆر شادمان‌و میهره‌بان بو.. ئه‌و شه‌وه‌ باسی‌ له‌هاوڕێیه‌كی‌ كرد به‌ناوی‌ محه‌مه‌د ئه‌لهه‌مه‌دانی‌ وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ كه‌ به‌تۆمه‌تی‌ خیانه‌ت كوشتبوی‌، له‌كاتێكدا شه‌وێك پێش ئه‌وه‌ی‌ بیكوژێت خوانی‌ ئێواره‌ی‌ له‌گه‌ڵ خواردبو.
له‌باره‌ی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ كتێبه‌وه‌، زه‌ینه‌ب ده‌ڵێت: ده‌زانم سه‌دام كتێبه‌كانی‌ هیتله‌رو ستالینی‌ كۆده‌كرده‌وه‌، هه‌ندێكجاریش خزمه‌تكارێكی‌ هه‌بو بۆی‌ ده‌هێنا تا دوای‌ خوانی‌ ئێواره‌ بیخوێنێته‌وه‌. جارنا‌جارێكیش ناوه‌كانیانی‌ ده‌هێنایه‌ ناو گفتوگۆوه‌.. سه‌دام وه‌ك ئه‌وان ته‌ماشای‌ خۆی‌ ده‌كردو هه‌وڵیده‌دا له‌وانیش زیاتر بێت. عالیه‌ش ده‌ڵێت: سه‌دام بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌كرد سه‌ركرده‌یه‌ك به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك شوێنی‌ بكه‌ون‌و بیپه‌رستن، ئیدی‌ سه‌ركرده‌ نییه‌.

شه‌ڕی‌ ئێران‌و جه‌نگی‌ كه‌نداو
عالیه‌ له‌بیره‌وه‌رییه‌كاندا به‌م جۆره‌ ساتی‌ ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ عێراق‌و ئێران ده‌گێڕێته‌وه‌: شه‌وێك سه‌دام ناردی‌ به‌شوێنمانداو له‌نزیك روباری‌ دیجله‌ ئاهه‌نگمان ده‌گێڕا.. سه‌دام وه‌ك ئاو ویسكی‌ ده‌خوارده‌وه‌. له‌هه‌ر كاتژمێرێكدا یه‌كێك له‌پاسه‌وانه‌كانی‌ ده‌هات‌و قسه‌یه‌كی‌ ده‌چرپاند به‌گوێیدا. له‌نیوه‌ شه‌ودا پاش ئه‌وه‌ی‌ سێ‌ چاره‌كی‌ بتڵێك ویسكی‌ خوارده‌وه‌، به‌ده‌نگی‌ به‌رز وه‌ڵامی‌ پاسه‌وانێكی‌ دایه‌وه‌ "لێیانده‌و با یارییه‌كه‌ ده‌ست پێبكات"، سبه‌ی‌ رۆژ تێگه‌یشتین كه‌شتییه‌كانی‌ ناردوه‌ بۆ شه‌تلعه‌ره‌ب‌و به‌م شێوه‌یه‌ جه‌نگی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ عێراق‌و ئێران ده‌ستی‌ پێكرد.
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌دام په‌لاماری‌ كوه‌یتی‌ داو داگیری‌ كرد، ئه‌مەریكا سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانییه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كرد بۆ ده‌ركردنی‌ هێزه‌كانی‌ سه‌دام له‌ كوه‌یت‌و ئه‌وه‌ش به‌شه‌ڕی‌ كه‌نداو ناسراوه‌. عالیه‌ ده‌ڵێت: دواهه‌مین جار له‌ (28/كانونی‌ یه‌كه‌م/1990) سه‌دامم بینی‌، دو هه‌فته‌ پێش هه‌ڵایسانی‌ جه‌نگی‌ كه‌نداو بو.. راسته‌وخۆ پرسیارم لێكرد ئایا پێشبینی‌ جه‌نگ ده‌كات؟ له‌وه‌ڵامدا وتی‌: ئه‌مریكییه‌كان هێرش ناكه‌نه‌ سه‌ر عێراق، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ترسیان له‌كاردانه‌وه‌ی‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ تر هه‌یه‌. هه‌روه‌ها بڕوای‌ وابو سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان ناتوانن به‌رگه‌ی‌ گه‌رمای‌ عێراق بگرن.

باوكم بۆچی‌ وازی‌ هێنا؟
له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ (1982) باوكی‌ زه‌ینه‌ب كراوه‌ته‌ فڕۆكه‌وانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق، به‌ڵام به‌هۆی‌ دۆخی‌ عێراق‌و چاودێری‌ به‌رده‌وامی‌ ده‌زگا موخابه‌راتییه‌كان‌و ره‌فتاره‌كانی‌ سه‌دامه‌وه‌ هه‌رگیز به‌و كاره‌ی‌ خۆشحاڵ نه‌بوه‌، به‌پێی‌ گێڕانه‌وه‌كانی‌ زه‌ینه‌ب، دواتریش داوای‌ له‌منداڵه‌كانی‌ كردوه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ خێزان به‌هیچ جۆرێك باس نه‌كه‌ن.
زه‌ینه‌ب دۆخی‌ خێزانه‌كه‌یان له‌و چه‌ند ساڵه‌ی‌ باوكی‌ فڕۆكه‌وانی‌ سه‌دام بوه‌، به‌م جۆره‌ ده‌گێڕێته‌وه‌: له‌پاش ئه‌و ساڵه‌ من‌و براكانم گرفتاری‌ ژیانی‌ عه‌مو بوین.. ئێمه‌ هه‌رگیزو ته‌نانه‌ت بۆ ساتێكیش ئازاد نه‌بوین، دایكم‌و باوكم هه‌مو ئه‌و ماوه‌یه‌ ئه‌وه‌یان ده‌زانی‌، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش بو باوكم هه‌رگیز نه‌یده‌ویست ببێت به‌فڕۆكه‌وانی‌ سه‌رۆك كۆمار. دایكیشی‌ ده‌ڵێت: هاوڕێیه‌تی‌ عه‌مو ئاسان نه‌بو.. هه‌رگیز متمانه‌ی‌ به‌هیچ پیاوێك نه‌ده‌كرد تاوه‌كو متمانه‌ی‌ به‌ژنه‌كه‌ی‌ نه‌كردایه‌.
حسێن كامیلی‌ زاوای‌ سه‌دام هه‌رچه‌نده‌ بڕوانامه‌ی‌ شه‌شی‌ ئاماده‌یشی‌ نه‌بوه‌، كه‌چی‌ لێپرسراوی‌ پرۆگرامی‌ چه‌ك‌و دروستكردنی‌ كه‌لوپه‌لی‌ سه‌ربازی‌ بوه‌، یه‌كێك بوه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ ئه‌ركی‌ چاودێریكردنی‌ باوكی‌ زه‌ینه‌بی‌ پێ‌ سپێردراوه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند راپۆرتێك له‌باوكی‌ زه‌ینه‌ب ده‌دات، سه‌دام بانگی‌ ده‌كات‌و پێی‌ ده‌ڵێت: دو بژاده‌رت له‌به‌رده‌مدایه‌: هاوڕێیه‌تی‌ من یان فڕۆكه‌وانی‌ من؟ زه‌ینه‌ب ده‌ڵێت: باوكم هاوڕێیه‌تی‌ ئه‌وی‌ هه‌ڵبژاردو وه‌ك كاپتنێك گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی‌، دواجاریش وه‌ك سه‌رۆكی‌ فڕۆكه‌وانی‌ مه‌ده‌نی‌ عێراق ده‌ستنیشانكرا.

خوێندنی‌ كچه‌كانی‌ سه‌دام
سه‌دام حسێن سێ‌ كچی‌ هه‌بوه‌، ره‌غه‌د ساڵێك له‌زه‌ینه‌ب گه‌وره‌تر بوه‌، ره‌نا دو ساڵ له‌ زه‌ینه‌ب بچوكترو حه‌لاش هه‌شت ساڵ بچوكتر بوه‌. زه‌ینه‌ب ئاشكرای‌ ده‌كات كچه‌كانی‌ سه‌دام له‌خوێندنگه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ سه‌ر به‌كۆشك ده‌یانخوێند، نه‌ده‌بو كچه‌ تكریتییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كۆشك تێكه‌ڵاو بن، هه‌روه‌ها لقێكی‌ جیای‌ زانكۆیی‌ دامه‌زرا تا زه‌مانێك ته‌مه‌نیان گه‌وره‌بو تیای‌ بخوێنن.
زه‌ینه‌ب ده‌ڵێت: كچه‌كانی‌ سه‌دام هه‌رگیز رێگه‌یان پێنه‌درا وڵات به‌جێبهێڵن. هیچ كات چانسی‌ ئه‌وه‌یان نه‌بو له‌بۆتیكه‌كانی‌ له‌نده‌ن‌و پاریس یان له‌مۆڵه‌كانی‌ ئه‌مریكا كه‌لوپه‌ل بكڕن. به‌ڵام كه‌ته‌لۆگی‌ هه‌مو مۆده‌یه‌كی‌ ئه‌م سه‌رزه‌وییه‌یان له‌به‌رده‌ستدا بو، ئاماژه‌یان بۆ جلوبه‌رگی‌ هه‌ر كه‌سێك بكردایه‌و بیانوتایه‌ حه‌زمان لێیه‌تی‌، ئیتر ده‌بو جلپۆشه‌كه‌ جله‌كه‌ی‌ پێ‌ ببه‌خشینایه‌.

زانكۆو كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌
زه‌ینه‌ب كاتێك له‌زانكۆی‌ موسته‌نسرییه‌ له‌به‌شی‌ زمان خوێندویه‌تی‌، كچێكی‌ كورد به‌ناوی‌ لانه‌ بوه‌ته‌ هاوڕێی‌، ده‌ڵێت: لانه‌ كچی‌ دایك‌و باوكێكی‌ پسپۆڕو به‌توانا بو، یه‌كێك له‌و شتانه‌ی‌ لانه‌ به‌دڵم بو ئه‌وه‌ بو به‌لایه‌وه‌ قورس بو هه‌ست‌و سۆزه‌كانی‌ ده‌رنه‌بڕێت. دواتر دێته‌ سه‌ر باسی‌ روداوی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌ڵێت: رۆژێكیان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌مانخوێند، به‌گوێمدا چرپاندی‌‌و وتی‌ پێویسته‌ نهێنییه‌كت پێ‌ بڵێم كه‌ زۆر ناخۆشه‌. له‌ باكور حكومه‌ت گازی‌ كیمیایی‌ رشتوه‌ به‌سه‌ر كورده‌كانداو هه‌زاره‌ها كه‌سیان لێ‌ مردون. دوای‌ بیستنی‌ ئه‌م هه‌واڵه‌، زه‌ینه‌ب ده‌ڵێت: نه‌متوانی‌ هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كم هه‌بێت‌و هیچ شتێكی‌ پێ‌ بڵێم.

سێ‌ هاوسه‌رگیری‌
زه‌ینه‌ب سێجار پرۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ ئه‌نجامداوه‌. جاری‌ یه‌كه‌میان له‌گه‌ڵ خوێندكارێكی‌ زانكۆ كه‌ خه‌ڵكی‌ سامه‌ڕا بوه‌و سوننه‌ مه‌زه‌ب بوه‌، دوای‌ ماره‌بڕین له‌یه‌كتر جیابونه‌ته‌وه‌. جاری‌ دوه‌میان شوی‌ به‌كوڕێكی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بی‌ دانیشتوی‌ ئه‌مریكا كردوه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ خراپی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ خۆی‌‌و خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ دوای‌ گواستنه‌وه‌ی‌ لێی‌ جیابۆته‌وه‌. ئه‌م هاوسه‌رگیرییه‌ش له‌سه‌ر داوای‌ دایكی‌ بوه‌، چونكه‌ وه‌كو زه‌ینه‌ب باسیده‌كات دایكی‌ وتویه‌تی‌ له‌ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌كه‌وێته‌ به‌ر په‌لاماری‌ حه‌زه‌ سێكسییه‌كانی‌ سه‌دام، بڕیاریداوه‌ له‌عێراق دوری‌ بخاته‌وه‌.
هاوسه‌رگیری‌ سێیه‌می‌ زه‌ینه‌ب له‌گه‌ڵ كوڕێكی‌ به‌ ره‌گه‌ز فه‌له‌ستینی‌ بوه‌ به‌ناوی‌ ئه‌مجه‌د له‌ كانونی‌ دوه‌می‌ 1993، هه‌ردوكیان له‌كاتی‌ خوێندنی‌ زانكۆ یه‌كتریان ناسیوه‌و تائێستاش پێكه‌وه‌ ده‌ژین. له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌شدا زه‌ینه‌ب رۆژی‌ روخاندنی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن به‌خۆشترین رۆژی‌ ژیانی‌ ناوده‌بات.

سه‌دام له‌ئه‌مریكا
زه‌ینه‌ب هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ره‌تای‌ نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ عێراقی‌ به‌جێهێشتوه‌، به‌ڵام له‌م كتێبه‌دا ترسی‌ خۆی‌ له‌سه‌دام ناشارێته‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ روخاوه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌نوسێت: به‌ته‌واوی‌ به‌هه‌مو به‌شه‌كانی‌ جه‌سته‌و مێشك‌و گیانمه‌وه‌ له‌سه‌دام ده‌ترسام، ئه‌و ترسه‌ له‌ئه‌ندامه‌كانی‌ له‌شمدا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لێم دورنه‌ده‌كه‌وته‌وه‌، له‌ساته‌ ئاسوده‌ییه‌كانی‌ هاوسه‌رگیریه‌كه‌شمدا له‌ڤێرجینیا هه‌ر له‌گه‌ڵمدا بو... ته‌نانه‌ت له‌ماڵی‌ خۆشماندا ده‌ترسام به‌ئاشكرا پێی‌ بڵێم (سه‌دام حسێن). هه‌رگیز به‌شدارییم له‌كۆڕو كۆبونه‌وه‌یه‌كدا نه‌ده‌كرد كه‌ ده‌رباره‌ی‌ عێراق باو له‌خوێندنه‌كه‌شمدا له‌سه‌ر عێراق هیچم نه‌ده‌نوسی‌.

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×