ئاڵا شاڵی: كاری میدیا بوێری دەوێت
  2019-01-04       1477       
ئاڵا شاڵی

ژنەمیدیاكاری كورد، ئاڵا شاڵی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاوێنە رایدەگەیەنێت هه‌ندێ جار  زیاد له‌ شه‌ش كاژێر له‌به‌رده‌م سه‌رما وەستاوە تا یه‌ك لێدوان وه‌ربگرێت، هه‌ندێ جار بۆ یه‌ك لێدوان یان بۆ وه‌رگرتنی یه‌ك زانیاری بیست ئیمه‌یڵم ناردوه‌، دەشڵێت "كاری میدیا بوێری دەوێت".

 

ئاوێنە: ئاڵا شاڵی كێ یه‌؟ 

ئاڵا شاڵی: له‌ دایك بوی شاری سلێمانیم دایكم خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌و باوكم خه‌لكی سلێمانیه‌، له‌  ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه‌ كوردستانم بەجێهێشتوه‌ و  ماوه‌ی ٢٩ ساڵه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ژیم، لێره‌ قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی  و زانكۆم ته‌واو كردوه‌،  ماجیسته‌رم هه‌یه‌ له ئاداب ئه‌ڵمانی و زانستی ته‌له‌فزیۆن و سینه‌ما و كۆمه‌لایه‌تی، هاوسه‌رگیریم كردوه‌و دایكی دو كچم . 



ئاوێنە: دەوترێت میدیا جیهانێكی پر لە سەرئێشەیە بۆ ژنان، بۆچی ئاڵا شاڵی میدیای هەڵبژارد؟


 ئاڵا شاڵی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌خۆمم راده‌بینی،  له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌دڵه‌وه‌  كاری میدیام خۆش ده‌وێت، راسته‌ میدیا جیهانێكی پر له‌ سه‌ر ئێشه‌یه‌ بۆ  ژنان بەڵام ده‌بێت لێره‌دا ئه‌وه‌ جیاكه‌ینه‌وه‌ پر له‌سه‌ر ئێشه‌یه‌ له‌ كوی؟ له‌ ئه‌وروپا باشترە  به‌راود  بە كوردستان هەروەها لەكوردستانیش باشتره‌ بەراورد بە وڵاتانی دیه‌كه‌ی عه‌ره‌بی، كاری میدیا كارێكی ئاسان نیه‌ كارێكی پر له‌ به‌رپرسیاریه‌تیه‌، به‌ڵام  من هه‌میشه‌ ده‌ڵێم هه‌ر كارێك خۆشت ویست و  به‌دڵ ویستت ئه‌وه‌ بەدڵنیاییەوە زال بیت به‌سه‌ر هه‌مو كێشه‌كاندا كه‌ له‌و كاره‌دا رو به‌روت ده‌بنه‌وه‌ . كاری میدیا بۆ دایك ئاسان نیه‌ به‌تایبه‌تی له‌ئه‌وروپا، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رگیز بۆ یه‌ك ساتیش  په‌شیمان نه‌بومه‌ته‌وه‌، خۆشه‌ویستیم بۆ كاره‌كه‌م وایكردوه‌ كه‌ هه‌ندی جار  زیاد له‌ شه‌ش كاژێر له‌به‌رده‌م سه‌رما رابوه‌ستم تا یه‌ك لێدوان وه‌رگرم، هه‌ندێ جار بۆ یه‌ك لێدوان یان بۆ وه‌رگرتنی یه‌ك زانیاری بیست ئیمه‌یڵم ناردوه‌، یاخود ئه‌وه‌ی مه‌حاڵ بوه‌ كۆڵم نه‌داوه‌ تا ئەنجامم داوە له‌و كاتانه‌دا زیاتر بۆم ئاشكرا ده‌بێت چه‌ند كاره‌كه‌مم خۆش ده‌وێت، كاری میدیا بوێری ده‌وێت، ئه‌مه‌ ته‌نها سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی من بۆ میدیا بو . ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كاری میدیا بۆ ژنان چه‌ند سه‌خته‌  ئه‌وه‌ ده‌ڵێم زۆر به‌ڵام له‌ میدیای كوردیدا نه‌ك له‌ میدیای ئه‌روپیدا. بێگومان   ژنیش  ده‌توانێت هاوشێوه‌ی پیاو  كاری میدیا بكات  به‌مه‌رجێك پیاوه‌كان رێگه‌ بده‌ن، له‌ میدیا ئه‌وروپیه‌كاندا كه‌ من هه‌میشه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ زۆربه‌یان ده‌ناسم‌و گفتوگۆیان له‌ گه‌ڵ ده‌كه‌م زۆر ئاگاداری شێوازی كاریانم، له‌وەی  به‌ باشی كاره‌كان جیاكراونه‌ته‌وه‌. سیستێم هه‌یه‌ و تواناكان ده‌بینرێن پشتگیریان ده‌كرێت،  به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ میدیای كوردیدا هه‌تا ئێستا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ ژنان به‌و شێوه‌یه‌ نیه‌، ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم رووداو توانیویه‌تی ئه‌وه‌ بكات ده‌رفه‌تی بۆ ژنان ره‌خساندوه‌، ئێستا ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ش هاوكاربێت كه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ په‌ره‌بسه‌نێت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێت ژنانیش هاوشێوه‌ی پیاو له‌ هه‌مو بواره‌كاندا كار بكه‌ن ئه‌وه‌ پێویستمان به‌ شۆرشی بیركرنه‌وه‌یه‌ له‌ كوردستان.



ئاوێنە:  خوێندنەوەی ئەوروپیەكان بۆ دۆزی گەلی كورد چۆنە؟‌ 

 

ئاڵا شاڵی: بیرم نایه‌ت رۆژێك نه‌بوبێت له‌وه‌ته‌ی له‌ ئه‌ڵمانیام ‌ باسی نه‌هامه‌تی كورد و مێژوی كورد، چه‌وسانه‌وه‌ی كوردم بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ نەكردبێت  كه‌ چاوم پێكه‌وتون،  پاشان به‌هۆی كاره‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ سیانزه‌ساڵ بۆ رادیۆی ئه‌ڵمانی كارم كردوه‌ ئێستاش  زیاد له‌ پێنچ ساڵه‌ بۆ روداو  كار ده‌كه‌م چاوم به‌ هه‌مو چین و توێژه‌كان كه‌وتوه‌و هه‌ر  له‌ سه‌رۆكی وڵاتانه‌وه‌ هه‌تا كه‌سێكی ئاسایی بۆ هه‌مویان باسی كوردستان ده‌كه‌م و پرسی كورد باسده‌كرێت، ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م پێنج ساڵه‌ی رابوردودا دۆزی كورد زیاتر  بوەته‌ ‌ مژاری ئه‌وروپیه‌كان، ئه‌وان باش له‌ كێشه‌كان و زوڵم و زۆردارییه‌كانی  دراوسێكانی  كورد  گه‌شتون،  بێگومان له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌تی وڵاتانی ئه‌وروپی هه‌مویان بەهۆی بونی په‌یوه‌ندیه‌كانی كورد ئێستا به‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات باشتر ئاگاداری دۆخه‌كه‌ن، له‌سه‌ر ئاستی خه‌ڵكی ئه‌وروپی مێدیا رۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌، جاران كه‌س نه‌ی ده‌زانی كوردستان كه‌وتۆته‌ كوێوە بەڵام ئێستا ئێستا خه‌ڵكی ئه‌وروپا باشتر ئاگادارن و كوردیان خۆش ده‌وێت، ئه‌وروپیه‌كان كوردیان خۆش ده‌وێت و ده‌یانه‌وێت هاوكاری كورد بكه‌ن به‌ڵام تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌ مه‌ترسی دا نه‌بێت. 

 

ئاوێنە: میدیای كوردی لە چ قۆناغێكدایە، بەراورد بە میدیا جیهانیە پێشكەوتوەكان؟

 

ئاڵا شاڵی: ئه‌گه‌ر تۆ بته‌وێت پێگه‌ی وڵاته‌كه‌ت به‌هێزبێت ، ئه‌گه‌ر بته‌وێت لۆبی بۆ كورد بكه‌یت، ئه‌گه‌ر بته‌وێت كۆمه‌ڵگایه‌كی هۆشیارت هه‌بێت ده‌بێت میدیای بەهێزت هەبێت. 
میدیا له‌ هه‌مو وڵاتێكدا به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی  گه‌وره‌ی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵگه‌،   به‌ئاسانی ناوترێت چواره‌م ده‌سه‌ڵاته‌، میدیای كورد تا ئێستا نه‌ی توانیوه‌ ئه‌و به‌رپرسیاره‌تیه‌ به‌ ته‌واوی بگرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی، ته‌نها ئه‌گه‌ر ته‌ماشای هه‌واڵه‌كان بكەین چه‌ند كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هۆشارانه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌واڵه‌كان دەكەن‌  یاخود وریایه‌نه‌ مامه‌له‌ نه‌كه‌ن،  چه‌واشه‌ كردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی رق و كینه‌ كۆمه‌ڵگا ماڵ وێران ده‌كات نه‌ك هۆشیار، رۆژنامه‌وانی دەبێت بێلایەن بێت، بینه‌ر ده‌بێت خۆی بریار بدات چی ده‌وێت و چی ناوێت نه‌ك تۆ وه‌ك میدیاكار بریاری بۆ بده‌یت یاخود  له‌ به‌ر خاتری لایه‌نێكی سیاسی راستیه‌كان نه‌خه‌یته‌ رو، ره‌خنه‌ی  زۆر هه‌یه‌  ده‌توانم بڵێم تاوان زۆر ده‌كرێت له‌ میدیای كوردیدا،خۆشحاڵانه‌ روداو شۆرشێكی كرد توانی هاوشێوه‌ی میدیاكانی جیهان  كاری میدیا جی به‌ جی كات، رووداو لۆكاڵی جێهێشت و چوه‌ ده‌روه‌ بۆ ناو میدیای جیهان، ئه‌وه‌ گرنگه‌ بۆ كورد،   رووداو توانی چاوی كورد بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌ركه‌ دروسته‌كه‌ی سه‌رشانی میدیا چی یه.‌ 




ئاوێنە: توانیویەتی كوردستان بە دونیای دەرەوە بەگشتی ‌و ئەوروپییەكان بەتایبەتی ئاشنا بكات؟

 

ئاڵا شاڵی: بێگومان میدیا رۆڵێكی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌، چه‌ند نمونه‌یه‌كی بچوك كه‌ به‌سه‌ر خۆمدا هاتوه‌، به‌ سه‌دان جار له‌ چه‌ندین كۆبونه‌وه‌  و كۆنفرانسی وڵاتانی ئه‌وروپا كه‌ ئیمه‌ تاكه‌ میدیای كورد بوین له‌ وی ئاماده‌بوین، چه‌ندین جار هه‌مو میدیاكانی جیهان كه‌ له‌ وی ئاماده‌بون پرسیاریان كردوه‌ ئێوه‌ی خه‌ڵكی كوێن، هه‌میشه‌ ده‌تان بینن له‌ هه‌مو شوێنێكن پرسیاری سه‌رنج راكێش ده‌رباره‌ی كورد و كوردستان  ده‌كه‌ن. روداو توانی پرسی كورد به‌رێته‌ هه‌مو كۆبونه‌وه‌كانی به‌پرسانی جیهان له‌ ناتۆ، له‌ئه‌نجومه‌نی یه‌كتی ئه‌وروپا، له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا له‌كۆنفرانسه‌ گرنگه‌كانی جیهان له‌مانه‌ هه‌موی رووداو باسی پرسی كوردی كردوه‌،  ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆی دا كارێكی زۆر گه‌وره‌یه‌ بۆ كورد جگه‌ له‌ لۆبی كردن گه‌یاندن و ناساندنی پرسی كورده‌ به‌ جیهان،  چه‌ندین جار ئێمه‌ ‌ له‌ كۆنفراسی گرنگدا   بوین راسته‌خۆ هه‌مو میدیاكانی جیهان گواستویانه‌ته‌وه‌ له‌و كاته‌دا ئیمه‌ پرسیارمان كردوه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی كورد ‌ له‌و كاتێكدا به‌ ملیۆن ئه‌ڵمانی، هۆڵه‌ندی و فه‌ره‌نسی و  وڵاتانی دیكه‌ ته‌ماشایان كردوه‌ له‌وه‌ گرنگ تر بۆ كورد چیه؟‌ تۆ له‌ رێگه‌ی روداو‌ به‌ ملیۆن خه‌ڵكت ئاگاداری پرسی كورد كردوە، هیچ میكانزمێك ناتوانێت هاوشێوەی میدیا پرسی گەلێك به‌ جهیان بگه‌ینێت.

 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×