داوا له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كرێت روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌رێمی كوردستانیش بگرێته‌وه
  2019-06-05       1217       

هۆشیار عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عێراق داوا له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌مو عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ بگرێته‌وه‌و ده‌شڵێت‌"بەپێی دەستور و یاسا فیدرالیەکان دەبێت لێپێچینەوە، گەندەڵکارانی هەرێمیش بگرێتەوە."

ئاوێنه‌: هۆشیار عەبدوڵا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە"لەكاتێكدا ستایشی بڕیارەكەی عادل عەبدولمەهدی دەكەین بەكردنەوەی ناوچەی سەوز لەبەردەم هاوڵاتیاندا، ئەوەش لەكاتێكدا پێشتر چەندین بەڵێن هەبون بۆ كردنەوەی ئەو ناوچەیە بەڵام جێبەجێ نەكران و سنوری بانگەشەیەكی راگەیاندنیان تێنەپەراند، هیوادارین لەگەڵ كردنەوەی ناوچەی سەوز هەمو دۆسیەكانی گەندەڵی سەبارەت بە كەسایەتیەكانی كابینەی ئێستای حكومەت و كابینەكانی پێشو بكاتەوە، بەتایبەتیش كە چەندین كەسایەتی هەن كە گومانی گەندەڵیان لێدەكرێت و بەڵگەش لەسەر گەندەڵیەكانیان هەیە، بەوشێوەیەش هیوادارین بەرێز عادل عەبدولمەهدی جدی بێت لەكردنەوەی دۆسیەكانی گەندەڵی هەروەك جدی بو لە كردنەوەی ناوچەی سەوز."

عەبدوڵا رونیشی كردەوە"بەپێی دەستور و یاسا فیدراڵیەکان پێویستە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی گشتگیر بێت و لەسەر ئاستی تەواوی عێراق بێت واتا هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە نەك تەنها پارێزگاكانی سەر بەحكومەتی فیدراڵی بەتایبەتیش كە لە هەرێم ژمارەیەكی زۆری دۆسیەی گەندەڵی هەن كە چاوەڕێی ئەوە دەكەن كەسێك بیانكاتەوە لێپرسنەوە لە تێوەگلاوان بكات."

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×