کەرکوک لەنێوان قودس و دڵدا
  2019-06-06       1240       

شیروان برایم خواز


کەرکووک کە نزیکەی حەوت هەزار ساڵە مەڵبەندی شارستانیەت و پێکەوەژیانە، هەر لەسەرەتای دروست بوونییەوە تاکو ئەمڕۆ، ڕەگەزی کورد، پێکهاتەی سەرەکی ئەتنییە جیاوازەکانی بووە.
گەر بە تێگە باوەکە، پڕۆسەی ئازادی بکەینە قەتیعەی زەمەنی پێش خۆی، پرسیارێکی جددی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئەویش لەماوەی پازدە ساڵی ڕابردوودا کەرکووک چی لەدەستداوە و چی بەدەستهێناوە؟ گەر پێشتر هێزێکی داپڵۆسێنەری وەکوو بەعس، ڕۆژانە خوێنی پێکهاتەکانی کردبایە جامێکەوە و هەموو پێکەوە ڤوربانی دەستی "ڕۆبسبێر"ێکی وەکوو سەددام بوون، ئەو تاڵینۆشینە کردبوونی بە برای خوێن و خەبات بەڵام ئەمڕۆ هێزە هەمەجییەکانی حکومڕانی کەرکووک کە لەمانا و مەغزا قووڵەکانی پێکەوەژیان تێناگەن، بەشێکیان بوونەتەوە بە جەللادە قامچیبەدەستەکەی پێشوو، قەقنەس ئاسا لەخۆڵی دیکتاتۆرەکەی ڕابردوودا بەهەمان سلووکی نائینسانیانەوە زیندووبوونەتەوە و ڕەفتار دەنوێنن.. ئەمانە لەجیاتی نمایشی دەستەڵاتێکی دیموکراتیزەکراو، بەبەرچاوی زوومی کامێراکانی دونیاوە هێزی تاڵانچی و فەرهوودکەریان بەردایە گیانی شەکەتی ئەم شارە لەخوێندا شەڵاڵە.. هەرچی سەرخان و ژێرخانێک کە گوزارشت بوو لە مێژوویەکی چەندین هەزارساڵە هەموویان دزی و لووشیان دا..
سەرەڕای ئەوەی دواتریش لە سەفقەیەکی دۆمینە ئاسادا شارەکەیان بە حاکمی کاتی ئەمریکا "پۆل بریمەر" دۆڕاند و گۆڕییانەوە بە پارە، ئیدی نەیانتوانی ئەوهەلەش بقۆزنەوە کە لەماوەی پازدە ساڵی تەمەنی حکومڕانی کوردی لەشارەکەدا کەمترین خزمەتی ئیداری و ڕۆشنبیری بە شارەکە بکەن، لەکاتێکدا کۆی ئەم پۆستە سەرەکییانە لای کورد خۆی بووە:
١-پۆستی پاریزگای کەرکوک لای کورد بوە
٢-سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.
٣- لە بواری ئەمنیدا زۆربەی پۆستە حەساسەکان لای یەکێتی و پارتی بوون تەنانەت دوو بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی لێبوو یەکێکیان پارتی و ئەوەی تریان یەکێتی .
٤- کێڵگە نەوتیەکان لەلایان پارتی و یەکێتی دەستیان بەسەر داگیرابوو تا ساڵی٢٠١٧ ئێستاش بەشێکیان لە ژێر دەستدایە بۆ خزمەتی حزب و ئەشخاس ، کێڵگەی نەوتی ( بای حەسەن ) و ( ئاڤـان ) لەژێر دەسەڵات حکوومەتی کوردستان دابوو و بەستراون بە هێڵی نەوتی کوردستانەوە لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبران و، نەوتەکەیان دەفرۆشرا. پێویست بوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارەی ( پـترۆدۆلار ) ی نەوتی کەرکووک حەپەلۆش نەکەن کە ( ٥) دۆلارە بۆ هەر بەرمیڵێکی نەوتی فرۆشراو ،بەو بڕە پارەی پترۆدۆلار، دەتوانرێت مووچەی ئەو فەرمانبەرانەش بدات کە بە گرێبەست دامەزراون یان لانی کەم دەتوانرا بۆ کۆمەڵێک پرۆژە سوودی لێوەربگرن.
٥-لە بواری پەوەردە لە جیاتی یەک پەوەردەی کوردی دوو پەروەردەی کوردی لێبون وەک بەشە خێر ئەویشیان دابەش کردوو لە نیوان خۆیان ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی حزب و خزم بوو نەوەک مەسەلەی خزمەتی کە رکوک بێت،بەداخەوە لەدوای لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر زۆر لە خوێندکارانی کورد روو لەقوتابخانە عەرەبیەکان دەکەن بەمەش ئایندەی خوێندنی کوردی لە مەترسی دایە ،خێزانی کورد ناچار دەبن بەهۆی دۆخی کەرکوکەوە، منداڵەکان بگوازنەوە بۆ خوێندنگەی عەرەبەکان لەو شارە.
٦-لە ھەلبژاردنی رابووردوو پارتی و یەکێتی لەکەرکوک(( ٨)) کورسیان پەرلەمانیان ھە بوو
گەر بە شێوایەکی لۆژیکی لەو پۆستانە وردبینەوە دەکرا باشترین خزمەت پێشکەشی شاری کەرکوک بکرایە،بەلام بەداخەوە جگە لەوەی خزمەتی ئەم شارەیان نەکردوە بەلکوو ھەرچی خێر و بێری ئەو شارە ھەیە خراواتە خزمەتی شەخس و حزب .


پارتی و یەکێتی لەسەر ململانێی حزبی ئەوشارەیان ھەلا بە ھەلاکرد..
بەتاڵکردنەوەی جادووی کوردایەتیی جووتحیزب ئەوکاتە بوو بە کەتوار کە هەڵکردنی ئاگری نەورۆزیان کردە بەردە ڕەشەکەی کەعبە و کەسیان ئامادە نەبوو تەنەزول بۆەویتریان بکات کە شقارتەکە داگیرسێنێ، ئیدی هێزێک لە دەنکە شقارتەیەک خۆش نەبێت بۆ بەرژەوەندی باڵای گەلەکەی، چۆن باوەڕ بەوە بکەین بەناوی کوردایەتییەوە ئەمانە هەڵوێستمان پێ بفرۆشنەوە..
ئەمە سەرەڕای ئەوەی دواجار لەڕێی لێدان لە وەتەری عاتیفەی خەڵک، کوردایەتی بکەنە پەردەی داپۆشەری تەزویری هەڵبژاردن و کردیشیان..
درۆی ورووژاندنی هەستی خەڵک لەژێر ناوی کوردایەتییەوە خستبوونییە پێگەیەکەو، شەرعییەتیاندابوو بەوەی کە ئەم بنیادەمە کوردپەروەرانە ماڵەکانیان لە هەولێر و سلێمانی بێت و بۆ شەوخەو بچنەوە ئەوێندەر، نیقمەتی تەقینەوە و شەهیدبوونیش بۆ خەڵکە داماوەکە جێبهێڵن..
هەربۆیە ئێستا کە بەرەبەرە پۆستەئیدارییەکانیان لێدەستێننەوە و عەرەب جێگەیان دەگرێتەوە، خەڵک هێندە وەکوو ڕووداوێکی گرینگ سەیری بابەتەکە ناکات..
ئێستاش کە ۱٦ی ئۆکتۆبەر و لێکەوتەکانی بوون بە ئەمری واقع و کورد بەناچاری کەوتووەتە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامەکانی، لەونێوەدا پارتی و یەکێتی دەیانەوێت هەریەکەیان وەکوو موزایەدە ئەم ڕووداو و گۆڕانکارییانە بە یەکدی بفرۆشنەوە، تەنانەت لەنێو ماڵی خۆشیاندا لەسەر پێناسەی خیانەتەکە و چۆنیەتی ناوهێنانی ڕێکنەکەوتوون، بۆیە پێگەی کورد بەجۆرێک لاواز بووە، کە جگە لە داشێک بەدەست دوو جەمسەری ئێرانی ـ ئەمریکی هیچی دیکە نییە و ناشتوانێت بەم کاستە دۆڕاوەوە یارییەکی هۆشیارانە بکات کە مەترسی گەورە ھەیەلەسەر شاری کەرکوک لەڕوی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە، ئێستاش پارتی و یەکێتی لە پێناو خەونی حزبی و شەخسی خۆیان ئامادەنین پارێزگارێکی کورد یەک لایبکەنەوە ، ھەردوکیان موزایەدە بەسەر یەکتر داکەن،شەرەدەنوکیان لە بەرژەوەندی خەلک دا نابێت و کەرکوک لە سایەی ئەم جوت حزبە ئاسۆی رون نابێت .


بە پێی بڕیاریکی دادگای فیدڕاڵی ژمارە۱۱۳ لەڕۆژی ۲۹/ ۱٠/ ٢٠١٧ بەم شێوازە تەعریفی ناوچە جێناکۆکەکان دەکات ( ناوچە جێناکۆکەکان ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە لە پارێزگاکانی (کەرکوک، دیالی و نینوی) لە لایەن حکومەتی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان لە بەرواری ۱۹/ ۳/ ۲٠٠۳ بەڕێوەبردراوە)
بە پێی شیکردنەوەی مەحکمەی اتحادی کەرکوک بە ناوچەی جێناکۆک ئەژمارناکرێ.......

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×