وتەبێژى یەکێتى: قسەکانى کەمال کەرکوکى لەبارەى کەرکوکەوە گومانى لا دروست کردوین
  2019-06-06       1859       

وتەبێژى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، رایگه‌یاند، گەر ئەو قەناعەتەیان لا دروست ببێت کە پارتى رێککەوتنەکانى نێوانیان جێبەجێ دەکات، بەشدارى لە بۆنەى سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێمى کوردستاندا دەکەن کە نێچیرڤان بارزانییە.

ئاوێنه‌: لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، لەتیف شێخ عومەر وتى"ئێمە بەپەرۆشى و دڵسۆزییەکى گەورەوە لەهەنگاوەکانى پێکهێنانى حکومەتدا بەشدار دەبین، گەر ئەو قەناعەتەمان لادروست ببێت کە پارتى رێککەوتنەکان جێبەجێ دەکات."

ئەگەرچى هەندێک زانیارى لەبارەى ئەنجامدانى کۆبونەوەى دوو قۆڵى لەنێوان یەکێتى و پارتى لە ڕۆژانى داهاتو بڵاوکراونەتەوە، بەڵام وتەبێژەکەى یەکێتى دەڵێت"هێشتا وادەى کۆبونەوە دانەنراوە، بەڵام پەیوەندى بەردەواممان لەگەڵ پارتى هەیە لەسەر جێبەجێکردنى رێککەوتنەکان لەکاتى خۆیاندا."

بەپێى وتەى لەتیف شێخ عومەر، ئەو بڕگانەى تایبەتن بەمەسەلەى یەکلایىکردنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک، گرفتى بۆ رێكکەوتنى نێوان ئەوان و پارتى دروستکردوە، وتى"پارتى نەیانتوە رێککەوتنەکان جێبەجێ ناکەین، بەڵام هەنگاوى واقیعى نییە."

دەربارەى نەهاتنە پێشەوەى پارتى بۆ دانانى پارێزگارێکى یەکێتى بۆ کەرکوک و هەڵوێستى حیزبەکەى، لەتیف شێخ عومەر وتى"ئێمە رێککەوتنمان هەیە، نەهاتنە پێشەوە پاساو قەبوڵ ناکات، هەردولامان قەناعەتمان وابوە دانانى پارێزگارێکى کورد، لانىکەم رێگر دەبێت لە پرۆسەى تەعریب."

سەبارەت بەوەى گەرەنتى چىیە گەر پارتى و یەکێتى لەسەر دانانى پارێزگارێک بۆ کەرکوک رێکبکەون، بەڵام عەرەب و تورکمان رێگر نەبن لەبەردەم دەست بەکاربونى ئەو پارێزگارەدا، وتەبێژەکەى یەکێتى وتى"ئێمە و پارتى رێککەوتین لەسەر کەسێکى یەکێتى بۆ پارێزگار، دواتر هەوڵەکانمان لەرێگەى بەغداوە لەگەڵ عەرەب و تورکمان و کەمایەتیەکانى تردا دەخەینە گەڕ، بۆ رێککەوتن و ئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکوک."

پێشتر کەمال کەرکوکى سەرۆکى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/ گەرمیانى پارتى، لەلێدوانێکدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، رایگەیاند"پارتى بە دانانى پارێزگارێکى یەکێتى ڕازى نییە، بەڵکو پارێزگارێکى بێلایەنى دەوێ."

لەوبارەیەوە لەتیف شێخ عومەر، وتی"یەکێک لە گرفتەکان قسەکانى دکتۆر کەمال کەرکوکى بون، ئەو قسانە نیگەرانیان لاى یەکێتى دروستکرد بەوەى پارتى نایەوێت رێکكەوتنەکان وەکو خۆیان جێبەجێ بکات، بۆیە داواى دڵنیایى زیاتر و هەنگاوى عەمەلیمان کردوە."

وتیشى"قسەکانى دکتۆر کەمال کەرکوکى پێچەوانەى رێککەوتنەکانى نێوانمان بو."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×