ئه‌مریكا فڕۆكه‌وانی دیكه‌ی تورك‌ بۆ مه‌شقكردن له‌سه‌ر فڕۆكه‌ی ئێف35 وه‌رناگرێت
  2019-06-07       871       
فڕۆكه‌ی ئێف35ی ئه‌مریكی

دو به‌رپرسی ئه‌مریكی رایانگه‌یاند، واشنتۆن بڕیاریداوه‌ فڕۆكه‌وانی دیكه‌ی تورك بۆ مه‌شقكردن له‌سه‌ر فڕۆكه‌ی ئێف35 وه‌رنه‌گرێت كه‌ بڕیاربو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی فڕۆكه‌وانی تورك له‌ئه‌مریكا پێشوازیان لێ بكرێت.

ئاوێنه‌: بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندی به‌ گرژییه‌كانی نێوان واشنتۆن و ئه‌نكه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ سوربونی توركیا له‌سه‌ر كڕینی سیستمی موشه‌كی ئێس400 روسی.

ئه‌و دو به‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌ به‌ ئاژانسی رۆیته‌رز-یان راگه‌یاندوه‌ كه‌ پاشگه‌زبونه‌وه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ئه‌گه‌رێكی كراوه‌ ده‌بێت ئه‌گه‌ر توركیا له‌ پلانه‌كانی بۆ كڕینی ئێس400 پاشگه‌زببێته‌وه‌.

به‌رپرسانی ئه‌مریكا پێشتر چه‌ند جارێك رایانگه‌یاندوه‌ كه‌ نابێت توركیا له‌هه‌مان كاتدا خاوه‌نی سیستمی ئێس400و فڕۆكه‌ ئێف35 بێت.

به‌پێی قسه‌ی ئه‌و دو به‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌ بڕیاره‌كه‌ ته‌نها فڕۆكه‌وانی توركی دیكه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ بڕیار بوه‌ بۆ مه‌شق بچنه‌ ئه‌مریكاو هیچ بڕیارێكی ره‌سمی نییه‌ بۆ راگرتنی مه‌شق به‌و فڕۆكه‌وانه‌ توركانه‌ی ئێستا له‌ ئه‌مریكان بۆ وه‌رگرتنی مه‌شق.

له‌ئێستادا چوار فڕۆكه‌وانی تورك له‌ بنكه‌ی ئاسمانی "لوك"ن له‌ ئه‌ریزۆناو سه‌رقاڵی وه‌رگرتنی مه‌شقن له‌سه‌ر فڕۆكه‌ی ئێف35و دو فڕۆكه‌وانی دیكه‌ش له‌وێ خه‌ریكی خوێندنن و جگه‌ له‌و شه‌ش كه‌سه‌، به‌پێی قسه‌ی سوپای ئه‌مریكا، 20 توركی دیكه‌ كه‌ كارمه‌ندی بواری سیانه‌ی فڕۆكه‌ن له‌و بنكه‌ ئاسمانییه‌ن و خه‌ریكی وه‌رگرتنی مه‌شقن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×