مێژووی زمان، کنەکردن بەناو کات و شوێندا
  2019-06-07       5623       

ئا: نوری که‌ریم

 

 

مێژووی زمان
کنەکردن بەناو کات و شوێندا
توورە یانسۆن
وەرگێڕانی لە ئینگلییەوە: نوری کەریم

   ئەو زمانەی ئێستا بەکاری دەهێنیت و قسەی پێدەکەیت، سەردەمانێکی زۆر نەبووە و ڕۆژگارێکیش دێت بەکار ناهێنرێت و قسەی پێناکرێت. ئەمە چارەنووسی هەموو زمانەکانە؛ پەیدا دەبن، بۆ ماوەیەک بەکار دەهێنرێن و پاشان نامێنن. هێشتا لەگەڵ ئەوەش جیاوازیی زۆر هەیە لەنێوانیاندا. هەندێکیان تەنیا لە ماوەی ژیانی چەند نەوەیەکدا، قسەیان پێدەکرێت، لە کاتێکدا ئەوانی تر بۆ هەزاران ساڵ. هەندێک زمان تەنیا لەلایەن دەیان کەسەوە بەکار دەهێنرێن، ئەوانی تر لەلایەن سەدان ملوێنەوە.
   چۆن زمان پەیدا دەبن و نامێنن؟ بۆچی چارەنووسی وەها جیاوازیان هەیە؟ ئەمانە بابەتگەلێکن ئاسایی دەبێت بزانین چی ڕوودەدات لەو خەڵکانەی کە ئەم زمانانە بەکار دەهێنن. بە واتایەکی تر، زمان و مێژوو هاوبەستــی یەکترن. بەڵام ڕووداوی مێژووییش زۆر جار هاوبەستە لەگەڵ ئەوەی بە چ زمانگەلێک خەڵک دەدوێن. دەوری زمان لە مێژوودا، بابەتی ئەم کتێبەیە.
   لە یەکەم لاپەڕەوە تا دوا لاپەڕە، لە دوو سێ جێگەدا، بە چەند ڕستەیەکی چەند وشەیی ئاماژە بە زمانی کوردی دەکات، بەڵام هەرکە لە خوێندنەوەی کتێبەکە تەواو دەبیت، بۆت دەردەکەوێت، کە لە ماوەی ئەم بیست سی ساڵەی دواییدا چ بەڵایەک بە سەر زمانی کوردیدا هاتووە.
   وەک دەڵێن، ئەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵ جیا دەکاتەوە و وای لێدەکات کە هێزی بەسەر هەموو ئاژەڵاندا بشكێت، هەر زمانە. باشە زمان چۆن پەیدا بووە؟ ئەگەر ئێمە ناوێک لە قاقای پێکەنین یان پڕمەی گریان نەنێین، جیاوازی چییە لە هاتووهاورای ئاژەڵانی شیردەر؟ بە لایەنی کەمەوە تەمەنی زمان پێنج هەزار ساڵە، چونکو ئێمە لەو کاتەوە بەڵگەی بوونی زمانمان بە دەستەوەیە. ئەو زمانانەی کە لەو کاتەدا پێیان دوواون، لە ڕووی سستمییەوە هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ ئەمانەی ئێستادا. مرۆڤەکان چۆن لەڕووی زیندەزانییەوە هیچ جیاوازییەکیان نییە، زمانیش لەڕووی سستمییەوە هەر ئاوایە. بە شێوەیەکی گشتی نە زمانی سووک هەیە و نە قورس، بەڵکو تەنانەت نە زمانی پێشکەوتوو هەیە نە دواکەوتوو. زانایەکی زیندەزانیی زانکۆی ئۆکسفۆرد کەڵک لەو وشانە وەردەگرێت، کە جووتیارێکی کوێرەدێیەکی ئەفریقا بە کاریان دەهێنێت بۆ ناوی ڕووەکەکانی، وە جووتیارەکەش کەڵک لەو زاراوە تەکنەلۆجیانە وەردەگرێت کە ئەو بەکاری دەهێنێت. ئەوەی زمانی جووتیارەکە جیا دەکاتەوە لە زمانی زاناکە، تەنیا دەگەڕێتەوە بە جێگەی کۆمەڵایەتی ئەو زمانانە لە ناو ئەو خەڵکانەی کە قسەیان پێدەکەن. پلەوپایەی زمان لە ناو کۆمەڵگادا چەند بەرز ڕاگیرێت، ئەوەندە زێتر گەشە دەکات، ڕۆژ بە ڕۆژ زێتر ستاندارتر دەبێت و هەرچی ئاسانتر بیروبۆچوونی ئاڵۆزی زانستی و فەلسەفی دەگەیەنێت. پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. دەکرێت لە بێخاوەنی زمانێک، هەر کەسێک ببێت بە خاوەنی و تەنانەت چیرۆکنووسی وەها پەیدا ببێت، بانگەشەی ئەوە بکات کە ڕێنووس و ڕێزمانی تایبەتی بە خۆی هەیە. هەموو ئەمانە بابەتی گرنگی ئەم کتێبەن.
   هاتنە کایەی زمانی نوێ و نەمانی زمانی تر، پڕۆسەیەکی بەردەوامە، بەڵام ڕەوەندی گشتی هەرچی زێتر بەرەو ئەوە دەچێت، کە ژمارەیان بەرەو کەمی بچێت. زمان وەک ئامڕازێک بۆ پەیام گەیاندن بە یەکتری هاتۆتە کایەوە و لە سەردەمانێکی مێژووییدا ئەرکی پێناسەکردنی گرووپی خەڵکی کەوتۆتە سەر شان. هەر کاتێک زمان بگەڕێتەوە سەر ئەرکە بنچییەکەی خۆی، ئەو هەلومەرجە دێتە ئاراوە هەموو جیهان ببێت بە خاوەنی یەک زمان. پڕۆسەی چۆنییەتی هاتنەکایەی زمان و نەمانی، بابەتێکی هەرە گرنگی مێژووی زمانە.
تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان زمان و کۆمەڵگا، هەم بۆ زمانناسانی مێژوویی بەكەڵکە هەم بۆ مێژووناسان. لەوانەشە بەکار بێت، کاتێک، کە ئێستا و داهاتوو لەبەرچاو دەگیرێت. پەیوەندیی نێوان زمانەکان لە ڕۆژی ئیمڕۆدا، لە هەموو کۆمەڵگاکانی جیهاندا لە بێخەوە لە گۆڕاندان و زمانی ئینگلی لە گەلێک لەم پڕۆسانەدا بە قووڵی تێوەگلاوە. بۆ تێگەیشتنی ئەوەی بەڕاستی ڕوودەدات و هەڵسەنگاندنی گرنگییەکەی و ئاکامەکانی، دەکرێت بەجێ بێت لە ئیمڕۆ ورد ببینەوە، لە گۆشەنیگای ئەوەی تائێستا ڕوویداوە. ئەم کتێبە یارمەتیدەرە لە پێدانی وەها گۆشەنیگایەک.
   ئەم کتێبە وەها دانراوە، کە کتێبێکی خوێندن بێت بۆ خوێنکارانی زانکۆ و لەلایەن خوێنکارانی مێژوو، زمانناسی و زمانەوە کەڵكی لێوەر بگیرێت. سەرەتا لە ساڵی 1996دا بە زمان سویدی نووسراوە بۆ سویدی زمانان و لە ساڵی 2012دا، بە زمانی ئینگلی بۆ ئینگلی زمانان و بەو پێیە لە هەندێک بەشی کتێبەکەدا گۆڕانکاریی زۆری تێیدا کراوە. من لە نێوان هەر دووکیاندا ئەوەی دواییم هەڵبژارد، چونکو خوێنەرانی کوردی زمان زۆر زێتر ئاشنان بە زمانی ئینگلی تا سویدی.
ئەم کتێبە بە قەبارە 386 لاپەڕە، لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپ کراوە و بڵاوکراوه‌تەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×