قەیرانی نێوان وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئێران: شەڕی زێڕینگەری یان راستەقینە؟
  2019-06-07       1698       

عەزیز شێخانی


قەیران و ئاژاوەکان گرێدراوی ژیانی مرۆڤایەتی و بە تایبەت پرسە سیاسییەکانن، کە لە ئاستە نێونەتەوەیی، ناوچەیی و نێوخۆییەکاندا سەرهەڵدەدەن. قەیران و تەنگژەکان تەمەن و زەمنی جیاوازیان هەیە و  بە سەر سێ جۆری  کورت، نێوەنجی و درێژماوەدا بەشدەکرێن. پێشبینیکردنی قەیرانەکان  دژوارە، بەڵام بەشێکی زۆر لە قەیرانە سیاسییەکان رەگ و ریشەی کۆنیان هەیە و دەکرێ خوێندنەوەیان بۆ بکرێ. قەیرانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە قەیرانێکی درێژماوە پێناسەدەکرێ، کە لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا لە مەیدان و بەستێنی سیاسی، ئابوری، کولتوری، ئیدۆلۆژیک و هتد درێژەی کێشاوە. شایانی باسە، کە قەیران و ئاژاوەکان بەردرێژن و تەنیا دوو دەوڵەت یان لایەنی دژبەر ناگرنەوە، بەڵکو لە ئاستی جیاواز و بە گوێرەی قەبارەی ئەکتەرەکان رووبەرێکی کەمتر یان زیاتر دادەپۆشن. قەیرانی ئێران و ئەمریکاش تەنیا لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا نییە و لە ناوچە و جیهاندا زۆر دەوڵەت و لایەنی دیکەش دەگرێتەوە. بوونی ئێران لە بەشێک لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەڕەشەکانی لە ئیسڕائیل و دەوڵەتە عەڕەبە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆخەکەیان ئاڵۆزتر کردوە.

بێگومان ئێران لە بەرامبەر هێزە گەورە و زلهێزەکاندا توانای خۆڕاگری نییە. مێژوو و سەربردەی ئەو وڵاتە و سەرکردەکانی بە ئاشکرا هاوار دەکات، کە توانای خۆڕاگریان لە بەرامبەر هێزە دەرەکییەکاندا کەمە و لە کۆتاییدا شەڕەکانیان دۆڕاندوە. هێرشی ئەسکەندەر، مەغولەکان، عەڕەبەکان و شەڕ لە گەڵ عوسمانی و رووسەکان و تەنانەت شەڕی ٨ ساڵە لە گەڵ عێڕاق سەلمێنەری ئەو تێڕوانینەیە. چاوخشاندن بە رێککەوتننامە مێژووییەکان لاوازیی ئێرانییەکان لە شەڕەکاندا ئاشکرادەکات. کۆماری ئیسلامی ئێران لەو نێوەدا لە گەڵ نیزام و ئیدارەکانی پێشووی ئێران جیاوازییەکی نییە و لە ئەگەری سازبوونی شەڕی گەورە، چارەنووسی لەوانی دیکە چاکتر نابێ. شەڕی دەوڵەتان بە قسە ناکرێ و هەڕەشە گەورە و بەتاڵەکان لە مەیدانی شەڕ و تێکنۆلۆژیدا خێرێکی زۆریان نییە.

پێوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا هەوراز و نشێوێکی زۆری بڕیوە، بەڵام هیچ کات لە رواڵەتی دوژمنکارانە نەچۆتەدەر.  سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە رواڵەت لە سەر بناخەی دژایەتی ئەمریکا و رۆژئاوا دامەزراون. ئەو نیزامە لە ماوەی تەمەنیدا پشتیوان و یارمەتیدەری تاقم و لایەنی دژی ئەمریکایی بووە و بە شێوازی جیاواز یارمەتی ئەو رێکخراو و تاقمانەی داوە. شەڕی ئەمریکا و رۆژئاوا لە ئەفغانستان، عێڕاق و هەروەها قەیرانی سووریە باڵانسی هێزی لە ناوچەدا تێکدا و دەرفەتی گونجاو و لەباری بۆ ئێران رەخساند. رووخانی نیزامی بەعس و سەدام لە عێڕاق بە خەڵاتێکی زێڕینی رۆژئاوا و ئەمریکا بۆ ئێران بەئەژمار دێت، کە دەرفەتی درێژبوونەوەی سیاسەتی ئێرانی لە ناوچەدا خوڵقاند. عێڕاق و شارە ئایینییەکانی وەک نەجەف و کەربەلا و هەروەها باشووری کوردستانی خستەژێر رکێفی ئێران و سیاسەتەکانی ئەم رێژیمە.

درێژە کێشانی قەیرانی سووریە و شکستی رۆژئاوا و ئەمریکا لە چارەسەرکردن و کۆتاییهێنان بەم قەیرانە، دەستی ئێران و رووسیەی لە ناوچەدا زیاتر ئاوەڵەکرد. ئێران لەوە زیاتر خزایە قەیرانەکانی ناوچە و لە سورییە، یەمەن و وڵاتانی دیکە و هەروەها لە لوبنان زیاتر و چڕتر دەرکەوت. ئەم وڵاتە زیاتر لە جاران  پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لوبنان کرد و بە سازکردنی حەشدی شەعبی لە عێڕاقدا  قەیرانەکانی ناوچەیان قوڵتر بوونەوە. هەڵەی رۆژئاواییەکان و ئەمریکا لە ناوچە و ناسەرکەوتوویی ئەوان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە عێڕاق، سوریە، لوبنان، یەمەن و هتد بەرپرسانی ئێرانی  بۆ کەڵکوەرگرتنی دۆخەکە بە قازانجی خۆیان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران مەکوڕتر کرد. شایانی باسە، کە ئێرانییەکان و بەرپرسانی نیزام پاش ئەو سەرکەوتنانە دۆخی ناوخۆیی وڵاتیان پاشگوێ خست و قورساییەکی زۆر خرایە سەر شانی خەڵک، گەلانی ئێران و ئابووری تێکشکاوی وڵات. لە ئاکامدا، خەڵک دژ بە دۆخی نالەباری سیاسیی و ئابوری شێلگیرانەتر لە جاران هاتنە مەیدان و ناڕەزایەتیی و تووڕیی خۆیان بەرامبەر بە نیزام و دەسەڵاتداران دەربڕی.

لە روانگەی نێونەتەوەییەوە پەلاماردانی وڵاتێک و لێدان لە وڵاتێکی خاوەن سەروەری پێویستی بە کۆمەڵێک پێشمەرج و هەروەها پڕکردنەوەی پێوانە نێودەوڵەتییەکان و ئامادەکردنی رایەلکەی پێویستە. لە مێژووی هاوچەرخدا زۆر بە کەمی دیتراوە، کە راستەوخۆ زلهێزێک پەلاماری ئێران بدات و نیزامی سیاسی لەو وڵاتە بگۆڕێ. سیاسەتی ئەمڕۆی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران و لە کەنداوی فارس و ناوچەدا لە جاران جیاوازترە و لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێ. ئەمریکاییەکان رادەگەینن، کە بە مەبەستی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بەرپەرچدانەوە هەڕەشەکانی تاران   هێز کۆدەکەنەوە. شیاوی باسە،  ئێرانییەکان لە ماوەی رابردوودا هەڕەشەی زۆر و زەمەندیان کردوە و باس لەوە کراوە، کە دەتوانن ناردنەدەری نەوت لە ناوچەی کەنداوی فارس بەتەواوەتی راگرن.

توندکرانی سیاسەتی ئەمریکا دژ بە ئێران و رێڕەوی سیاسەتەکانی کۆشکی سپی بۆ کۆکردنەوەی هێز لە جیرانەتی ئێران لە روانگەی جیاوازەوە لێکدراوەتەوە. بەرپرسانی رێژیمی تاران سەرەڕای ترس و نیگەرانیەکی بەرچاو لە بارودۆخی خوڵقاو، سیاسەتی تازەی ئەمریکا بە جۆرێک شەڕی رەوانی دژ بە ئێران دەژمێرن. بە باوەڕی ئەوان، ئەمریکا بۆ پاڵەپەستۆخستنە سەر ئێران و ناچارکردنی بە قەبووڵکردنی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچە تەوژمی پاڵەپەستۆکانی زیاتر کردوە. بەشێک لە چاوەدێران دەڵێن، کە شەڕە قسەی بەرپرسانی دوو وڵات و کۆکردنەوەی هێز لە کۆتاییدا ئەمریکا و ئێران بە قبوڵکردنی بژاردەی وتووێژ رازیدەکات. ئێران  و نیزامی ئاخوندی بۆ درێژدان بە دەسەڵات ناچارن لە گەڵ ئەمریکا بگونجێن و کۆتایی بە قەیرانی درێژخایەن لە گەڵ ئەو وڵاتە بێنن. شکاندنی درووشم و بەڵێنی خومەینی و خامنەیی لە سەر ئامادەنەبوون بۆ دانووستان لە گەڵ ئەمریکا بە شەڕی رواڵەتی بۆ خەپاندن و بە لاڕێدابردنی خەڵکی ئێران پێناسە دەکدێ. خواردنەوەی  جامی ژەهر لە کولتووری ئاخوندەکاندا بۆ قبوڵکردنی پشنیاری ناچاری پێناسەدەکرێ، کە ئاخوندەکانی تاران بۆ کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لە گەڵ ئەمریکا دوور نییە بۆ جاری دووهەم بیخۆنەوە!

بارودۆخی تازە و جوڵاندنی هێز و شەڕە قسەی نێوان بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لە پاشکۆی خۆیدا چەند بژاردەیەکی پێیە. بژاردەی یەکەم، تەسلیمبوونی ئێران و ئامادەبوونی ئێران بۆ دانیشتن لە گەڵ ئەمریکایە، کە بە رواڵەت ئەگەرێکی کەمی هەیە. شایانی باسە، کە ئێرانییەکان حەزیان لە دانیشتنی ژێربەژێرە و لەو رێگایەوە دەتوانن مانۆڕی زیاتر بدەن و راستییەکان باشتر لە بەرچاوی خەڵکی نێوخۆ بەراوەژوو نیشان بدەن.  بژاردەی دووهەم، خۆ گونجاندن لە گەڵ دۆخەکە و درێژەدان بە سیاسەتی چاوەڕوانییە، کە رەنگە لە کۆتاییدا نێوبژیکەرێک دوو لایەن بە یەکتر بگەیەنێ. لە ئەگەری تێپەڕینی کات و رۆژگاردا رەنگە پاش هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی لە ئەمریکا  سیاسەتی کۆشکی سپی بەرامبەر بە ئێران بگۆڕدرێ. تێوەگلان لە شەڕ سێهەمین بژاردەیە، کە دوو لایەن لە مەیدان و شوێنی جیاواز دژ بە بەرژەوەندییەکانی یەکتر هێز بەکار بێنن(وەکو بە بارمتەگرتن، تەقینەوە، لێدان لە هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی وڵاتانی ناوچە و هەروەها هێرشی ئاسمانی و موشەکی بۆ سەر بارەگا و ناوەندی ئابوری و سیاسی تاران). دوو وڵات تێدەکۆشن، کە شەڕەکەیان زیاتر لە مەیدانی قسە و  لە کاناڵی راگەیاندنەکاندا درێژەبدەن و خۆیان لە سازکردنی شەڕی راستەقینە دەبوێرن. ئاشکرایە، کە ئێران لە هیچ بواریکدا دەرەقەتی ئەمریکا نایەت و لە نێوخۆشدا دۆخێکی شپرزە و ستەمکارانە زاڵە.  وێدەچێ، کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هاوسێیەتی ئێران بۆ تەقینەوەی بارودۆخی ئێران ئەرینی بێت و ئەگەری سەرهەڵدان و خرۆشانی خەڵک دژ بە رێژیم زیاتر بکات.

شەڕی راستەوخۆیی دوو وڵات زۆر بە ئەگەریکی کراوە و نیزیک نازاندرێ. ئەمریکا بۆ شەڕی ئێران پێویستی بە پشتیوانی رۆژئاوا و هەروەها رەوتی تێگەیشتن لە گەڵ زلهێزەکانی وەک رووسیە و چین هەیە. ئورووپا و وڵاتانی رۆژئاوایی ئامادەنین وەکوو سەردەمی شەڕی عێڕاق و لیبی پشتگیری سیاسەتی ئەمریکا لە شەڕەکاندا بکەن و ناخوازن خۆیان تووشی شەڕێکی نادڵخواز بکەن. رووسیەش ئامادە نییە لە جیرانەتی ئێران چاو لە بەرژەوەندییەکانی بپۆشێ و بێدەنگی هەڵبژێرێ. سەرەڕای ئەوە، ئەمریکا بۆ شەڕ لە گەڵ ئێران پێویستی بە هاوکاری هێزە سیاسییەکانی ئێران لە ئاستی سەرتاسەریی و هەروەها ناوچەیی هەیە، کە هێشتا لەو پێوەندییەدا هەنگاوی پێویست هەڵنەگیراوە. وانە مێژووییەکان دەیسەلمێنن، کە هەڵگریساندنی شەڕ کاریکی ئاسانە، بەڵام کۆتاییهێنان و ئیدارەکردنی قەیرانەکانی پاش شەڕ ئەرکێکی دژوار و تاقەتپڕوکێن. بۆیە زۆر دوورە، کە کۆکردنەوەی ئەمجارەی هێز لە ناوچە لە شەڕی قسە و هەڕەشە و وردە گورزی سەربازی تێپەڕبێ. جێگای باسە، کە شەڕی ئێران و ئەمریکا لە بەستێن و مەیدانی جیاوازدا زۆر لەمێژە دەستیپێکردوە و درێژەی هەیە. شەڕی رەوانی، بەوەکالەت، کولتووری، ئابوری، ئیدۆلۆژی و هتد بەشێک لەو شەڕانەن، کە لە مێژساڵە درێژەیان هەیە، بەڵام هێشتا نەبۆتە شەڕێکی یەکلاکەرەوە و راستەقینە کە براوە و دۆڕاوی شەڕی روخساریان دەرکەوێ.

لەو نێودا خەڵک و دەستە و رێکخراوە جیاوازەکانی دژ بە رێژیم بەرچاوڕوون نین. بەشێکی زۆری خەڵک لە ژێر کارتێکەریی و کاریگەری سێڵاوی بەرینی پڕوپاگەندە و مێدیا هەودای بیرکردنەوەیان شێوێندراوە.  جێگای باسە، کە بەشێکی زۆر لە خوێندنەوە و لێکدانەوەکان لە سەر بناخەی تێگەیشتنی کرچ و کاڵ و کورتماوە و تێکەڵ لە گەڵ کفوکوڵن، کە  وێنەی رووداوەکان بە تەمومژاوی تەفسیر و تەتەڵە دەکەن. ئەمریکا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە زۆر بە کەمی لە ئاستی فەرمی ئاماژە بە رووخانی رێژیم و هەروەها ئوپۆزیسیۆنی ئێران دەکەن، کە ئاماژەیەکە بە سیاسەتی ناڕوونی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران. رۆژانی رابردوو و دۆخی شڵەقاوی ئەم ماوەیە سەلماندی، کە حیزب و رێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەی ئێران زۆر هێواشن و توانای جوڵەکردن و خوێندنەوەی راستەقینەی دۆخەکەشیان نییە. نەبوونی هێزگەلی جێگەی باوەڕ و بەهێز لە ئاستی خەڵک و هێزە رۆژئاواییەکان بە قازانجی رێژیم دەشکێتەوە.

پێشبینیکردن بەشێکی زۆر لە رووداوەکان لە بازنەی ژیانی مرۆڤدا و بەتایبەت پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان کارێکی ئاسان و ساکار  نییە. ئاشکرایە، کە نیزامی تاران پەککەوتە و نەخۆشە و درەنگ یان زوو لێدەکەوێ و دەبێتە بەشێک لە رابردوو. تێگەیشتنی راستەقینە  لە دۆخەکە پێویستی بە مەنتقی لێکدانەوە و لۆژیکی تەتەڵەکردنی روواوەکانە. سێبەری درووشمەکان زۆر ترسناک و سامناک نین، بەڵام هەردووک لایەن دەتوانن بە ئیمکانات و هونەری خۆیان ناوچە زیاتر بشێوێنن و ئاژاوەی زیاتر بخوڵقێنن. بۆ تێپەڕاندن ئەم نیزامە هەموو رێگاکان ئەرێنن، بەڵام رەوا نییە ئەزموونەکان تاقی بکرێنەوە. رێژیم بۆ سەرکوتکردنی خەڵک ئازا و خاوەن هێزە، بەڵام بۆ شەڕی راستەقینە لە گەڵ زلهێزەکان شکاو و زەلیلە.

ئاماژەکان دەریدەخەن، کە گەلانی ئێران لە پێوەندی لە گەڵ دواڕۆژی خۆیاندا خاوەنی بژاردەی ئاشکرا نین. رێگا مژاوییە و هێزە سیاسییەکانی وڵات خاوەنی رێکار و نەخشەی باوەڕپێکراو نین. خەڵک و گەلانی  جۆغرافیای ناسراو بە ئێران بە هەموو چین و توێژەکان و بەتایبەت بژاردە و خەڵکی ئازادیخواز لەو رۆژانەدا ئەرکی گەورەیان لەسەر شانە. باشترە کە بە چاوێکی کراوە و تێگەیشتنەوە بەرە دواڕۆژ هەنگاو هەڵگرن و رێز لە ئازادیی و کراوەیی بگیردرێ. دوورکەتنەوە لە درووشمە بەتاڵەکان بە هەنگاوی یەکەم دەژمێردرێ. جێگەی خۆیەتی، کە بە  یەکگرتوویی و هاودەنگی کۆی نیزام بکرێتە ئامانج. ئەگەر ئەو شەڕە لە شەڕە قسەیەک زیاتر نەبوو، خەڵک ناکرێ بە شێوازی رابردوو بێدەنگ و تەسلیمی دەسەڵات و نیزام بن. بەجێیە، کە کۆڵەکەکانی نیزام بە دەستی خەڵکی وشیار بکرێنە ئامانج، کە ئاکام و دواڕۆژێکی روون، ئەرینی و مرۆڤانەتری بەدواوەیە. 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×