"بەهۆی ئاگرکەوتنەوە به‌رده‌وامه‌كانه‌وە هەزاران هێکتار زه‌وی‌ كشتوكاڵی‌ جوتیاران سوتاون"
  2019-06-07       621       
ده‌زگاكانی‌ بەرگری شارستانی عێراق ئاشكرای‌ ده‌كه‌ن كه‌ لەماوەی مانگی‌ رابردودا 236 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەنێو دەغڵ‌و دانی جوتیارانی چوار پارێزگای عێراق ڕویانداوە کە بونەتە هۆی سوتاندنی هەزاران هێکتار لەگەنم‌و جۆی جوتیاران.

ئاوێنه‌: به‌پێی‌ راپۆرتێكی‌ ئاژانسی فڕانس پـرێس كه‌ ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردۆته‌وه‌، ده‌زگاكانی‌ بەرگری شارستانی عێراق ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ مەزەندەدەکرێت 5183 هێکتار زه‌وی‌ كشتوكاڵی‌ جوتیاران به‌هۆی‌ ئه‌و ئاگر كه‌وتنانه‌وه‌ سوتابێت.

سەرچاوەکان دەڵێن، جگە لەو ئاگرانە سەدان ئاگری دیکە کەوتونەتەوە، بەڵام زو کوژێنراونەتەوە بەر لەوەی تەشەنەبکەن. 

راشیده‌گه‌یه‌نن، زۆربەی ئاگرەکان لەچوار پارێزگای باکوری عێراق ڕویانداوە کە بەشی زۆری ناوچەکانیان لەنێوان ساڵانی 2014 هەتا 2017 لە ژێر دەستی داعشدا بون.

دورەید حیکمەت بەرپـرسی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پارێزگای موسڵ دەڵێت، تەنیا دوێنێ پـێنجشەممە 16 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەدەغڵ‌و دانی جوتیارانی پارێزگاکەی کەوتونەتەوە.

ئەفسەرێکی پـۆلیس لەپارێزگای کەرکوک وتویەتی، داعش لەپشت ئەو ئاگرانەوەیە، چونکە جوتیارەکان ئامادە نەبون سەرانەیان بدەنێ. وتوشیەتی داعشەکان بەماتۆرسکیلەوە دێن‌و ئاگردەکەنەوەو بۆمب جێدەهێڵن‌و لەگەڵ گەیشتنی خەڵکی سیڤیل یان کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە بۆمبەکان دەتەقێنـنەوە.

باسی لەوەش کردووه‌ كه‌ بەهۆی ئەو ئاگرانەوە 4 کەس لەشارۆچکەی ئەلعەباسی گیانیان لەدەستداوەو لەداقوقیش کەسێک گیانی لەدەستداوەو 10 کەسی دیکە برینداربون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×