"نزیکەی 10 دۆنم گه‌نم‌و ده‌غڵ‌و دانی‌ جوتیارانی‌ كه‌لار سوتا"
  2019-06-07       681       

به‌وته‌ی‌ بەرپرسی بنکەی بەرگری شارستانی کەلار، له‌ئه‌نجامی‌ ئاگره‌كه‌ی‌ ئه‌مرۆی‌ چه‌ند گوندێكی‌ سنوری‌ فه‌زای‌ كه‌لار، نزیکەی 10 دۆنم گه‌نم‌و ده‌غڵ‌و دانی‌ جوتیاران سوتاوه‌.

ئاوێنە، ئەیاد موحەمەد: بەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئاگرێكی‌ گه‌وره‌ لەگوندی قاسماغاوە كه‌وته‌وه‌و بەسنوری گونده‌كانی‌ ده‌وروبه‌ریدا پەرەی سەند تا سنوری گوندی بەرلوت‌و بەردەسور.

له‌باره‌ی‌ زیانه‌كانی‌ ئاگره‌كه‌، ئیبراهیم محمد بەرپرسی بنکەی بەرگری شارستانی کەلار بەئاوێنەی ڕاگەیاند،  "لەئێستادا ژمارەیەکم لەبەردەستدا نیە، بەڵام پارچەیەک گەنم سوتاوە بەوتەی خاوەنەکەی جێگای تەنو نیوێک گەنم بوە هەروەها بەدۆنم نزیکەی 10 دۆنم جاڕو پوش‌و پاوان سوتاوە".

وتیشی‌، " لەناوجاڕەکاندا ڕێژەیەکی زۆر کا سوتاوە کەکۆکراوەتەوە بەهۆی ئاگرەکەوە ڕێژەیەکی زۆری سوتاوە".

سەبارەت بەهۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە ئیبراهیم محمد وتی، "هۆکاری ئاگرەکە ئێستا من بەڵگەیەکم لەبەردەست نیە بڵێم چیە، بەڵام ئاگری ئەم ساڵ جیاوازە به‌به‌راورد بە 10 ساڵی ڕابردو، هۆکارەکەی من لە %85 بۆ دەستی ئەنقەست ئەیگەڕێنمەوە".

ئه‌وه‌شی‌ رونكرده‌وه‌، "لەئێستادا ئاگرەکە لەم سنورە نەماوە، بەڵام لەگوندێکی تری گەرمیان ئاگرکەوتوەتەوە -کوڵەجۆی حاجی حەمەجان- ئەو ئاگرانەی کە لەپوش‌و پاوان‌و دەغڵودانی گەرمیان دەکەوێتەوە زۆرن‌و ڕوبەرێکی زۆر سوتاوە، بۆیە نازانرێت چەندێک سوتاوە".

راشیگه‌یاند، "شه‌وی‌ رابردوش به‌رده‌وام بوین له‌كوژاندنه‌وه‌ی‌ ئاگر لەگوندەکانی  شێرەوەن، گاکوڵ، سەوزبڵاخ، ئاوای گەورە، هەمو سنوری ئەم گوندانە سوتاون، بۆیە ناتوانرێت ڕێژەکەی دیاری بکرێت".

هاوکات لایخۆیەوە یەکێک لەو کەسانەی بەهۆی ئاگرەکەی ئەمڕۆی سنوری قاسماغاو بەرلوت‌و بەردەسورەوە زیانی بەرکەوتوە بەناوی فایق محمد فرەج، به‌ئاوێنەی‌ وت، "ئێستا سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرین لای گوندی بەرلوت کایەکی زۆری چەند فەلاحێک سوتاوە تائێستا ئاگرەکە نەکوژاوەتەوە، بەهەمو فەلاحەکانەوە نزیکی 100 گڵابەکامان سوتاوە". 

سەبارەت بەهۆکاری كه‌وتنه‌وه‌ی‌ ئاگرەکەی‌ ئەمڕۆ، سەردار محمود بەڕێوەبەری یاریدەدەرێتی ئاسایشی کەلار بەئاوێنەی ڕاگەیاند، "دو کەس دەستگیر کراون، ئەو دو کەسە کاسبن خەریکی کا کوتان بون لەو سنورەدا مەکینەو هەباشەیان پێبوە، بەوتەی خۆیان ئەڵێن ئاگرەکە لەئەنجامی شۆرتی تراکتۆرەکەیانەوە دروستبووه‌، بەڵام بۆمان کۆنترۆڵ نەکراوە ئەوان هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی ئەمڕۆی سنوره‌کەن".

ئه‌وه‌شی‌ وت، "ئەو دو کەسە کوردن‌و خەڵکی ناوچەی شارەزورن، بەمەبەستی کاسپیکردن هاوتون بۆ ناوچه‌كه‌،  بەڵام لەئاسایشی کەلار تاکو ئێستا دادوەر ڕاینەگرتون، چاوەڕوانی ئەو کەسانە دەکەین کە زەرەرو زیانیان بەرکەوتوە ئەگەر سکاڵا تۆمارکەن دواتر دادوەر ڕایان دەگرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×