وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا گه‌یشته‌ به‌غدا
  2019-06-08       346       

هایكۆ ماس، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ به‌ سه‌ردانێكی رانه‌گه‌یه‌ندراو گه‌یشته‌ به‌غدای پایته‌خت و بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراقدا تاوتوێی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكاو ئێران بكات.

ئاوێنه‌: سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌چوارچێوه‌ی گه‌شتێكی چوار رۆژه‌یدا  دێت بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌ پێشتر راگه‌یه‌ندرابو ته‌نها ئوردن و ئیمارات و ئێران له‌خۆده‌گرێت.
 
ئێواره‌ی دوێنێ هایكۆ ماس له‌سه‌ره‌تای گه‌شته‌كه‌یدا گه‌یشته‌ ئوردن و بنكه‌ی سه‌ربازی "ئه‌زره‌ق"ی به‌سه‌ركرده‌وه‌ كه‌ سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی بۆ شه‌ڕی داعش له‌وێ جێگیركراون.

ئه‌مڕۆش له‌ ئوردنه‌وه‌ به‌سه‌ردانێكی رانه‌گه‌یه‌ندراو گه‌یشته‌ به‌غدا.

پێشتر وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌به‌رنامه‌ی گه‌شته‌كه‌ی ماس-دا بۆ ناوچه‌كه‌ ته‌نها ناوی ئوردن و ئیمارات و ئێرانی هێنابو كه‌ سه‌ردانیان ده‌كات به‌ڵام ئه‌مڕۆ دوێچه‌ڤیله‌ له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ عێراق باسی له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ به‌هۆكاری ئه‌منیی پێشتر ناوی عێراق له‌به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌دا نه‌هاتوه‌.

به‌پێی كه‌ناڵی دوێچه‌ڤیله‌ی ئه‌ڵمانی بڕیاره‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌عێراق له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراقدا كۆببێته‌وه‌و تاوتوێی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكاو ئێران بكه‌ن.

بڕیاره‌ دوای عێراق، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا سه‌ردانی ئیمارات و ئێران بكات كه‌ ئه‌مه‌ی دواییان به‌ سه‌ختترین وێستگه‌ی گه‌شته‌كه‌ی ده‌ژمێردرێت كه‌ تێیدا هه‌وڵی رزگاركردنی رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران و وڵاتانی زلهێز ده‌دات، ئه‌وه‌ش به‌ نوێنه‌رایه‌تی وڵاتانی ئه‌وروپای به‌شدار له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا.

ئیران پێشتر هۆشداری دابوه‌ وڵاتانی ئه‌وروپی نێو رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر سزاكانی سه‌ری له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ به‌رده‌وام بن ئه‌وا له‌ به‌شێكی رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌كشێته‌وه‌.

به‌پێی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی هایكۆ ماس بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروستكردنی گوشاره‌ له‌پێناو هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌و رزگاركردنی رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی نێوان تاران و وڵاتانی زلهێز.

ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێران باس له‌ به‌رنامه‌ موشه‌كیه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته‌ش بكات.

ماریا ئیدبار، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا گه‌شته‌ چوار رۆژییه‌كه‌ی ماس-ی به‌ "گه‌شتێك بۆ نێو دڵی قه‌یرانه‌كان" ناوبردوه‌.

بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیماراتی عه‌ره‌بیشدا پرسی جه‌نگ له‌ یه‌مه‌ن تاوتوێ بكات.

© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×