2019-06-08   819     
فراكسیۆنی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، ''ڕێکاری سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێم بۆ دەرەوەی پەرلەمان بەھەر پاساوێک بێت بێ ئەرزش کردنی دەسەڵاتی یاسادانانەو دوورە لەھەموو عورفێکی پەرلەمانی، بەشداری لەو سوێندخواردنە ناکەین کە لەدەرەوەی بینای پەرلەمان دەکرێت''.
ئاوێنه: لەراگەیەندراوێكدا فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، سەرباری تێبینی زۆرمان لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و شێوازی کاراکردنەوەی، بە پێویستی دەزانین کە کاندیدی سەرۆکی ھەرێم لە بەردەم پەرلەمان سوێندی یاسایی بخوات.
ئاماژەی بەوەش كردوە،" پێچەوانەکردنەوەی ئەم رێکارە یاساییە و گواستنەوەی ڕێکاری سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێم بۆ دەرەوەی پەرلەمان بەھەر پاساوێک بێت بێ ئەرزش کردنی دەسەڵاتی یاسادانانەو دوورە لەھەموو عورفێکی پەرلەمانی.
لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی نەوەی نوێ هاتووە، "لە کاتێکدا دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان پێویستی بە بەهێزکردن و رێزگرتنی زیاترە لە دام ودەزگا شەرعیەکان و پەرلەمان، کە سەرچاوەی یەکەمی یاسادانان و چاودێریکردنی حکومەتە پێویستە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرس و ملکەچ بێت.
جەختی لەوەشكردووەتەوە، بە پێچەوانەوەی هەموو عورفێکی دیموکراسیەوە پەرلەمان دەبرێتە خزمەتی کەسەکان کە مەبەست لەو کارە بێ بەها کردنی بەرزترین و پیرۆزترین دامەزراوەی ھەرێمی کوردستانە کە نوێنەرایەتی سەرجەم چین و توێژ و پێکھاتەکانی هەرێم دەکات.
فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەشڵێن، بۆیە ئێمە وەکو فراکسیۆنی نەوەی نوێ بەشداری لەو سوێندخواردنە ناکەین کە لەدەرەوەی بینای پەرلەمان دەکرێت.
ئەو ڕاگەیەنراوەى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە کاتێکدایە بڕیارە ڕۆژى ١٠ى حوزەیرانى ٢٠١٩ لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا مەراسیمى سوێندخواردنى سەرۆکى هەرێم و کاندیدى سەرۆکى حکومەت بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەت ڕابسپێرێت.