هۆشیار عەبدوڵا: لەرەشنوسی بودجەدا پێشێلکاری زەق بەرامبەر پێشمەرگە كراوە
  2019-01-05       840       
هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند كە لەرەشنوسی بودجەی 2019ی عێراقدا پێشێلكارییەكی زەق بەرامبەر بە پێشمەرگە هەیە بەڵام بەشێكی هەرە گەورەی ئەو غەدرە لە هەرێمی كوردستانەوە دەست پێدەكات. دەشڵێت؛ یەكێك لە ئەركەكانیان گۆڕینی ئەو غەدرەیە بەمەرجێك وەزارەتی دارایی عێراق هاوكارییان بكات. 

ئاوێنە: هۆشیار عەبدوڵا، كە پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕانە لەپەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێكدا باسی لەوە كردوە كە بەگوێرەی دەستور پێشمەرگە بەشێكە لەدامەزراوەی ئەمنی و بەرگری عێراق و لەكۆی یاساكانی بودجەشدا بە رەشنوسی بودجەی ئەمساڵی عێراقیشەوە، بەو شێوەیە وەسف كراوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ راگەیەندراوەكەدا خشتەیەكی خستۆتەڕو كە پارەی تەرخانكراوی بۆ تێكڕای سێكتەرەكانی دەزگا ئەمنییەكان بە ژمارە تێدا هاتوە بەڵام تاكە شوێن كە پارەو شایستەكانی دانەنراون پێشمەرگەیە.

وتویەتی"رەنگە یەکێك بڵێت ئەوە نییە لە ماددەی 10 لە برگەی (ب) تەخسیسات بۆ پێشمەرگە کراوە لە تەخسیساتی هێزەکانی وشکانی عێراقدا، لەڕاستیدا ئەوە تەنها ئینشایە، چونکە بە گوێرەی زانیاریمان بەو پێیەی پێشتر لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری بوین لە وەزارەتی بەرگری برگەیەک بەم ناوەوە نییە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "لەم رەشنوسەدا هیچ کەس بە ژمارە نازانێ پێشمەرگە چەندی هەیە، هەمو دەزگاکانی تر دیارە چەندیان هەیەو پێشمەرگە نەبێت."

باسی لەوەش كردوە كە لەدو كۆبونەوەی رەسمیدا كە وەزیری دارایی تێدا ئامادە بوە بەر لە ناردنەوەی رەشنوسی بودجە بۆ پەرلەمان، داوای لێكردوە "پشکی پێشمەرگە ئەگەر دو فلسیش بێت بکەن بە رەقەم و ژمارە، بەڵام بەداخەوە نەکراو نەیان کرد، لەبری پێشمەرگە وەزارەتی دارایی ٤٦٦ ملیاری بۆ حەشدی شەعبی زیادکرد!"

هۆشیار عەبدوڵا وتویەتی"هەڵبەتە دەزانم بەشێکی هەرە گەورەی ئەو غەدرە لە پێشمەرگە لێرە هەیە، لە هەرێمەوە دەست پێدەکات هەر لە بە حزبیکردنیانەوە تا دیارنەبونی ژمارەی راستەقینەیان و دەیان كێشەی تر بەڵام لە ڕەشنوسی بودجەشدا دەکرا بەڕەقەم نەک بە ئینشا پشکیان دیاری بکرایە."

بەبڕوای هۆشیار عەبدوڵا گرنگترین کارێک کە ئێستا لە هەرێمەوە بکرێ ئەوەیە ژمارەی راستەقینەی پێشمەرگە بخرێتە بەردەست، ناکرێ لەسەروی چوار سەد هەزار کەس بەناوی ئەم وەزارەتەوە موچە وەربگرێ، ئاخر وەزارەتی بەرگری عێراقی کەمتر لە ۲۸۹ هەزار عنصری موچەخۆری هەیە، ئەوەی هەرێم چ لۆژیکێک پەسەندی دەکات!.


لەكۆتاییشدا وتویەتی"وەک ئەندامانی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران یەکێک لەئەرکەکانمان گۆڕینی ئەو برگەیە و دیاریکردنی ژمارەیەکی رونە بۆ پێشمەرگە بەو مەرجەی وەزارەتی دارایی عێراق هاوکارمان بێت."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×