شاندێكی یەكێتی بەشداریی لەمەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم دەكات
  2019-06-09       1643       

كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان تایبەت بە پرسی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك كۆتایی هات‌و وتەبێژی یەكێتیش، لەتیف شێخ عومەر رایدەگەیەنێت شاندێكی حزبەكەی بەشداریی لەمەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم دەكات.


ئاوێنە: ئەمرۆ "یەك شەممە" دوابەدوای كۆتایهاتنی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە میدیاكانی حزبەكەی وتوە " لەسەر بانگهێشتی رەسمی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وەفدێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەشداری لە مەراسیمی سوێندخواردن‌و دەستبەكاربوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات".


بەر لەدەستپێكردنی كۆبونەوەكەش قادر عەزیز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سەرپەرشتیاری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاندبو  كۆبونەوەكەی ئەمرۆی مەكتەبی سیاسی تایبەتە بە دواین گۆرانكاری پەیوەندی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پرسی پارێزگارێكی كورد لەپشكێتی بۆ شاری كەركوك.


وتیشی " مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرسێكی سیاسی گرنگ نیە، هەروەك ئاشكراشیكرد لەكۆبونەوەكەی ئەمرۆیاندا پرسی بەشداریكردنی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بۆ بەشداریكردنیان لەو مەراسیمە یەكلایی دەبێتەوە".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×