وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ده‌ڵێت: سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وان گرنگه‌
  2019-06-10       330       

مه‌ولود چاوشئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌دیداریدا له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی جه‌خت له‌ بایه‌خی سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆكی پارتی، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ مه‌ولود چاوشئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌هه‌ولێر كۆبۆته‌وه‌.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردوه‌ كه‌ لە دیدارەكەدا وەزیری دەروەی توركیا پیرۆزبایی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستانی لە مه‌سعو بارزانی كردوه‌و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستوه‌و هه‌روه‌ها جەختی لە گرنگی پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی و بایەخی سەقامگیریی هەرێم كردۆتەوە.

هەر لەو دیدارەدا وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، هەردولا لەسەر پەرەپێدانی ئەوە پەیوەندییانە هاوڕا بون.

هەروەها وەزیری دەرەوەی توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ بەشداریكردن لە ئاوەدانكردنەوەی موسڵ و ناوچەكانی تر نیشان داوه‌.

تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوا پێشهاتەكان تەوەرێكی تری ئەو دیدارەكه‌ی نێوانیان بوه‌.

© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×