هەڤاڵ ئەبوبەکر: هەرگیز هاوکارییەکانی نێچیرڤان بارزانیم بیرناچێتەوە
  2019-06-10       2377       

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی وێڕای پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات بەبۆنەی دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی هەرێم، ده‌ڵێت"بۆئەوەی دەوڵەتێکی بەهێزمان هەبێت، پێویستە هەمومان پاڵپشتی لە نێچیرڤان بارزانی بکەین، من هەرگیز هاوکارییەکانی نێچیرڤان بارزانیم بیرناچێتەوە."

ئاوێنه‌: هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، به‌ روداوی راگه‌یاند"پێویستە هەمومان پاڵپشتی نێچیرڤان بارزانی بکەین بۆئەوەی پایەکانی دەوڵەتێکی بەهێز لەخۆمانا رەنگبداتەوە."

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەشکرد"لەو ماوەیەدا لە ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگای سلێمانی کارم لەگەڵیدا کردوە، هەمو کارەکانی بە راوێژکردوە، بڕوایەکی تەواوی بە لامەرکەزی، دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و کاری هاوبەش هەیە، هەروەها بڕوایەکی تەواوی بەوە هەیە کوردستان وەکو یەکەیەکی سیاسی، ئابوری و جوگرافی سەیربکرێت نەک وەکو وڵاتێکی دابەشبو بۆ دو زۆن، بە دڵنیاییەوە ئەم سیفاتانە لە کردەوەکانیدا رەنگبداتەوە، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرکەوتو دەبێت".

وتوشیه‌تی"سەرەڕای بارودۆخی ناهەمواری کوردستان و قەیرانەکان، بەڵام نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتێکی بەهێزی ئێمە بوە و توانیویەتی لە زۆربەی کار و پرۆژەکانماندا بەدەممانەوە بێت."

زیاتر وتویه‌تی"یەکێک لەو کارانە، دەستپێکردنەوەی پرۆژەی شوقەکانی سیتەک و مێرگەپان بو کە لەو قەیرانەدا بڕێک پارەی مانگانەی بۆ تەرخانکردین کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، هەروەها دامەزراندنی 284 کەس لە نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە لەسەر داواکاری من، بۆیە هەرگیز ئەو هاوکارییانەم بیرناچێتەوە."

ئەمڕۆ دوشەممە، نێچیرڤان ئیدریس بارزانی لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا بە ئامادەبونی 1200 کەس وەکو دوەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×