بەهۆكاری جیاواز نزیكەی 140 دۆنم لەپوش‌وپاوان دەسوتێت
  2019-06-12       651       

بەپێی راگەیەنراوێكی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان‌و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بەهۆكاری جیاواز لەشارباژێر نزیكەی 140 دۆنم لەپوش‌و پاوان دەسوتێت.


ئاوێنە: ئەمرۆ "چوار شەممە" بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان‌و ژینگەی سلێمانی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا ئاشكرایدەكات بەهۆكاری جیاجیا نزیكەی 140 دۆنم لەپوش‌و پاوان لەسنوری شارباژێر سوتاون، دەشڵێت "بەهۆی وەرزی هاوین و بەرز بونەوەی پلەی گەرما و وشكبونی ئاو و هەوا  لەم وەرزەدا، ڕوبەرێكی زۆر لە گژوگیای چیا و پێدەشتەکان وشك دەبن، ئەمەش هۆکارێكی سەرەکیە بۆ کەوتنەوە و تەشەنەکردنی ڕوداوی ئاگرکەوتنەوە".

 



دەقی راگەیەنراوەكەی پۆلیسی دارستان‌و ژینگەی سلێمانی


بە هۆکاری جیاواز لە شارباژێر نزیکەی ( ١٤٠ ) دۆنم لە پوش و پاوان سوتا


بەهۆی وەرزی هاوین و بەرز بوونەوەی پلەی گەرما و ووشك بوونی ئاوو هەوا لەم وەرزەدا، ڕووبەرێكی زۆر لە گژوگیای چیا و پێدەشتەکان ووشك دەبن، ئەمەش هۆکارێكی سەرەکیە بۆ کەوتنەوە و تەشەنەکردنی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە. 



لە ئەنجامی ئەو هۆکارانەی کە باسکران و بەهۆی هەورە بروسکەوە لە سنوری گوندەکانی ( سوێریلە و هەرمیلە ) لە شاخی بەنەنی، ئاگرێکی بەرفراوان کەوتەوەو دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستانی شارباژێر گەیشتە شوێنی ڕووداوەکەو بە هاوبەشی لەگەڵ بنکەی پۆلیسی ناحیەی زەلان و پۆلیسی ئاگرکوژێنەوەو بەهاوکاری خەڵکی ناوچەکە توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت، بەهۆی ئاگرەکەوە زەرەرو زیان بەر سروشتی ناوچەکە کەوتووە و ( ٢٠ ) دۆنم لە پوش و پاوان و چەند دارێكی تەمەن جیاواز سووتان.


هەروەها لە دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی تردا کە لە ( شاخی گۆیژە و لە سنوری ناحیەی سیتەك ) کەوتەوە، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستانی (سیتەك) گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکان و بە هاوکاری ئاگرکوژێنەوەی سیتەك توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، زەرەرو زیانی ئاگرەکە سوتانی نزیکەی لە ( ١٢٠ ) دۆنم لە پوش و پاوان و هەروەها سوتانی زیاتر لە ( ٢٠٠٠ ) داری تەمەن جیاواز.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×