ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی ڕایگهیاند، ئاسایشی سلێمانی بەبێ هیچ پاساوێک ڕەتی كردهوه مۆڵەتی بەستنی کۆنگرەی تەڤگەر بدات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بەفەرمی داواکاریی مۆڵەتی بۆ بەستنی سێیەمین کۆنگرەی خۆی ئاراستەی پارێزگهی سلێمانی کردبوو. دوای ئەوەی پارێزگهی سلێمانی داواکارییەکەی ڕەوانەی ئاسایشی سلێمانی کرد، دوێنێ ئاسایش سلێمانی وەڵامی داواکارییەکەی تەڤگەری ئازادی داوەتەوە و ڕەزامەندی دەرنەبڕیوە کە مۆڵەت بدرێت لە شاری سلێمانی کۆنگرە ببەستێت.
حسێن کەرکووکی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەر و بەرپرسی کۆمیتەی دیپلۆماتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە ڕۆژنیووزی ڕایگهیاندووه، دوێنێ ئاسایشی سلێمانی پێی ڕاگەیاندووین کە بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی بەستنی کۆنگرەتان پێ نادەین.
ئاسایشی هۆكارهكهی ئاشكرا ناكات
کەرکووکی ئاماژەی بۆ ئهوهش كرد، ئاسایشی سلێمانی هیچ پاساوێکی بۆ ڕێگرییەکە نەهێناوەتەوە. گوتی، «پێشتر ئیدارەی کەرکووک پێیان گوتین کە دۆخی ئەمنیی شارەکە لەبار نییە، بۆیە بڕیارماندا کۆنگرە دوابخەین. بەڵام ئاسایشی سلێمانی هیچ پاساوێکیان پێ نهگوتین تا بزانین بۆچی ڕێگهمان پێنادرێت کۆنگرە ببەستین.»
بڕیاربوو ٣ی ئایاری ئەمساڵ تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان سێیەمین کۆنگرەی خۆی لە شاری کەرکووک ببهستێت، بەڵام بهپێی قسهی گوتەبێژی تەڤگەر، پاش هەماهەنگییان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک، بەهۆی نالەباریی دۆخی ئەمنییەوە بەستنی کۆنگرەکەیان بۆ کاتێکی نادیار دواخستووه.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ کۆنگرەی دامەزراندنی بەستووە و ساڵی ٢٠١٧ش دووەمین کۆنگرەی خۆی ساز كرد.
حیزبێكی فهرمییه لهعێراق
لە ٤ی كانوونی یهكهمی ٢٠١٧-هوه وەک حیزبێكی سیاسی لە تەواوی عێراقدا دانی پێدانراوە و مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە. بهڕێوهبهرانی تەڤگەر چەندین جار جەختیان کردووەتەوە کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە داوای مۆڵەتیان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام وەزارەتەکە تاوەکو ئێستا وەڵامی داواکارییەکەی نەداونەتەوە.
دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٨ حكوومهتی عێراق وهك حیزبێك مۆڵەتی فەرمی به تهڤگهر دا، کۆنگرەی فهرمی خۆی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ساز كرد.
ڕێگهی پێنادرێت له ههرێمی كوردستان بارهگه بكاتهوه
ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داخستنی بارەگهی ئەو حزبانەی دەرکرد کە مۆڵەتی هەرێمی کوردستانیان نییە. ڕۆژی ٢٧ی هەمان مانگیش ئاسایشی سنووری سلێمانی بڕیارەکەی لەسەر تەڤگەری ئازادی جێبەجێ كرد و سەرجەم بارەگهکانیان داخران.
سەرباری گرتنەبەری ڕێکارە قانوونییهكان لە بەغدا و هەولێر و هەروەها هەوڵەکانیان لە ئاستی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییهكان و ناوەندە جیهانییەکان دژ بە داخستنی بارەگهکانیان، بەڵام هەتا ئێستا بارەگهکانی تەڤگەری ئازادیی كۆمهڵگهی كوردستان بە داخراوی ماونەتەوە.
ژێدەر: anf