ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، 45 حاڵەتى سوتاندنى دەغڵ
و دانى جوتیاران تۆمارکراون کە سوتاندنەکانیان دەستى لە پشتەو پێویستە لێکۆڵینەوەى
جدى بکرێت.
ئاوێنه: رێبوار تەها، یەکێک لە نوێنەرانى کەرکوک لە پەرلەمانى عێراق،
بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دیاردەى سوتاندنى دەغڵ و دانى جوتیاران دیاردەیەکى
سروشتى و ئاسایى نییە، 45 حاڵەت تۆمارکراون کە بە دەست سوتێنراون."
وتیشى"ئێمە بەدواداچونمان کردوە و گەیشتوینەتە ئەنجام،
کە هەندێک لەو دەغڵ و دانانە دەست لەپشت سوتاندنیانەوە هەیە."
سەبارەت بەو دەستانەى لەپشت سوتاندنى دەغڵ و دانى جوتیارانەوەن،
پەرلەمانتارەکەى عێراق وتى"رەنگە داعش بێت، رەنگە دەستى ترى نادیار بێت بۆ نانەوەى
پشێوى و ناکۆکى لەنێوان پێکهاتەکاندا."
وتیشى"سوتاندنى دەغڵ و دانى ئەمساڵ کە لەمێژودا وێنەى
کەمە، کارەساتە و ڕوبەڕوى وڵات بوەتەوە، نابێت حکومەتى عێراق ئەمە بە ئاسایى وەربگرێت،
بەڵکو دەبێت لێپێچینەوە بکرێت."
رێبوار تەها، ئاماژەى بەوەشکرد داوایەکى رهسمیان داوەتە
پەرلەمانى عێراق بۆ لێکۆڵینەوە کردن و قەرەبوکردنەوەى جوتیاران، بریارە لەدانیشتنى
سبەینێ پێنجشەمەى پەرلەمانى عێراق دا گفتوگۆى لەسەر بکرێت.
وتیشى"داوامانکردوە پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر مەسەلەى سوتاندنى
دەغڵ و دانى جوتیاران بکات، پاشان بریار بدات لەسەر قەرەبوکردنەوەى جوتیاران و لێکۆڵینەوەى
جدى له مەسەلەکە."