بەدرخانییە کەمالیستەکان
  2019-06-13       3270       

دکتۆر جەبار قادر

 

بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی بەدرخان پاشا خزمەتی زۆریان بە ڕژێمی کەمالی کرد. ئەو بەدرخانیانەی لە تورکیا مانەوە ناچار بوون پاشناوی "چنار" یا "کوتای" هەڵبگرن. پاشناوی چنار مستەفا کەمال دابووی بە حوسێن واسیف بەدرخان وگوایە پێی وتووە کە تۆ وەک دار چنار باڵا بەرز و دامەزراوەی. ئەم حوسێن واسیفە دوو جار بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی مەزنی نیشتمانی تورکیا "پاڕلەمان" و دوو جاریش مستەفا کەمال کردی بە وەزیری فێرکردن و دواتریش بە باڵیۆزی تورکیا لە ڕۆما و مۆسکۆ. هەر لە مۆسکۆش کۆچی دوایی کرد. حوسێن واسیف چنار ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە دەرکردنی یەکێ لە گرنگترین قانوونەکانی پەروەردە وفێرکردن و جێبەجێ کردنی، کە قانوونی "تەوحیدی تەدریسات" بوو. بە پێی ئەم قانوونە هەموو دەزگاکانی خوێندن و فێرکردن لە تورکیا گرێدران بە وەزارەتی فێرکردنەوە و بە پێی یەک سیستەم ڕێکخرانەوە. هەر بە پێی ئەو قانوونە قوتابخانە ئاینییەکان هەڵوەشێنرانەوە. لە هەمان ڕۆژدا کە ئەم قانوونە دەرچوو خیلافەت هەڵوەشێنرایەوە. حوسێن واسیف بە داهێنەری فێرکردن و پەروەردەی سیکولار لە تورکیا دادەنرێ. ئەو هەر لە سەردەمی بزووتنەوەی کەمالییەوە تێکەڵاویان ببوو و ڕۆژنامەی "إزمیرە دوغرو" "بەرەو ئەزمیڕ"ی لە گەڵ مستەفا نەجاتی هاوڕێیدا لە باڵیکەسیر دەردەکرد و گوتاری ئاگرینی لە دژی یۆنانییەکان تێیدا دەنووسی، کە ئەو دەمە ئەزمیڕیان گرتبوو. حوسێن واسیف ماوەیەک داواکاری گشتیش بوو لە دادگای سەربەخۆیی" استقلال محکمەسی" کە نەیارانی مستەفا کەمالی قەڵاچۆ دەکرد. 
ئەسعەد چناری براشی لایەنگرێکی دڵسۆزی کەمالیستەکان بوو و لە دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی "دەنگی تورک - تورک سێسی" بوو، دواتریش بوو بە نوێنەری ئەزمیڕ لە پاڕلەمانی تورکیا. 
حیکمەت چناریش کوڕی ئەمین عالی بەدرخان بوو، لە دوای تەواوکردنی خوێندن لە ئەڵمانیا گەڕایەوە بۆ تورکیا و پاشناوی چناری هەڵگرت و وەک بەڕیوەبەر کاری دەکرد و لە ساڵی ١٩٩٢کۆچی دوایی کرد. 
حەیدەر چنار کە کوڕی ڕامی بەدرخان بوو لە ساڵی ١٩٢٠ هەموو پەیوەندییەکی لە گەڵ بەدرخانیاندا بڕی بۆ ئەوەی "خۆی پاک بکاتەوە لە بیر و بۆچوونەکانیان" 
موسا عەنتەر زۆر بەڕێزەوە باس لە مزیەت چنار خانم دەکات، کە کچی ئەمین عالی بەدرخان بوو و ماڵەکەی لە ئەستەموڵ وەک بنکەیەکی کولتوری وا بوو بۆ گەنجان و قوتابیانی کورد کە بۆ خوێندن هاتبوون بۆ ئەو شارە. باسی موراد ڕەمزی چناریش دەکات کە کوڕی بچووکی بەدرخان پاشا بوو و لە دەزگاکانی پۆلیس و دادوەری کاری دەکرد و لە ساڵی ١٩٤١ دا کۆچی دوایی کرد. موسا عەنتەر لە زمانی ئەوەوە زانیاری ورد لە سەر دابەشبوونی بەدرخانییەکان بە سەر سێ گروپدا دەگێڕیتەوە. 
بەشێکی تر لەو بەدرخانیانەی لە تورکیا مانەوە پاشناوی"کوتای" یان هەڵگرت. جەمال کوتای یەکی لە دیارترین کوتاییەکانە. جەمال کوتای ڕۆژنامەوان و مێژوونووسێکی دیاری تورکیا بوو و نزیکەی سەد ساڵ ژیا"١٩٠٩ - ٢٠٠٦" و ١٨٧ بەرهەم و کتێبی لە دوای خۆی بەجێهێشت. تەنها "مێژووی خەباتی سەربەخۆیی و ئازادی" لە بیست بەرگدا، هەڵبەتە مەبەست مێژووی بزووتنەوەی کەمالییە، کتێبی "ئەو مێژووەمان کە نەزانراوە" ش لە چوار بەرگدایە. کاتێ کۆچی دوایی کرد هەندێ لە ڕۆژنامەکان شۆک بوون کە زانیان جەمال کوتای بە ڕەچەڵەک کورد و لە بنەماڵەی بنەماڵەی بەدرخان پاشایە. 
لەم جۆرە ڕووداو و سەربوردانەوە دەبێ ئەوە فێر بین کە مەرج نیە نەوەی "شۆڕشگێران، نیشتمانپەروەران، خەباتکاران" وەک باو باپیرانیان بن. ڕەنگبێ هەمان شتیش بۆ نەوەکانی خۆفرشان و پیاوانی داگیرکەر دروست بێت.

 


ئەم چەند دێڕە بەشێکە لە لێکۆڵێنەوەیەکی درێژ لە بارەی بەدرخانیانی کەمالیستەوە، بەم زووانە بڵاودەبێتەوە.

زۆرترین بینراو
سەعدی پیرە: یەكێتی هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكەی پارتی بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن دەبێت
شاسوار عەبدولواحید: پێشنیار بۆ پارتی و یەكێتی دەكەم ماوەیەك ئۆپۆزسیۆن بن
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: به‌شداری هه‌ڵبژاردنێک ناكه‌ین بە نایاسایی و نادەستوری بەڕێوەبچێت
شه‌ش خاڵ بۆ نه‌بونی متمانه‌ به‌ "هه‌ژماری من" ئاشكراده‌كرێت
مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز: هەژماری من رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچە بنێرن بۆ بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: نیگەرانین لە راگەیەندراوەكەی پارتی بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن
وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕیاری دا، جیاوازیی مووچە و دەرماڵە بۆ بەشێك لە فەرمانبەران خەرج بكرێتەوە
بەیاننامەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەمووچە
ئەدهەم بارزانی: كار لەسەر بەلاڕێدابردنی دۆخەكە دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت
هێمن هەورامی: بڕیارەكەی پارتی بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بەرەو تاك پێكهاتە بردوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×