"رێكنه‌كه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی پێگه‌ی كوردی له‌كه‌ركوك لاواز كردوه‌"
  2019-06-13       1134       

لایەنە کوردیەکانى کەرکوک ڕەخنە لە پارتى و یەکێتى دەگرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رێکنەکەوتنى ئەو دو حیزبە، پێگەى کوردى له‌كه‌ركوك بەتەواوەتى لاواز کردوە.

ئاوێنه‌: سەید کەمال، بەرپرسى پەیوەندیەکانى کۆمەڵى ئیسلامى لە کەرکوک، پێیوایە ڕێککەوتنى یەکێتى و پارتى لەسەر دانانى پارێزگارێک بۆ کەرکوک و کاراکردنى ئەنجومەنى پارێزگا، دۆخى شارەکە تاڕادەیەک هێور دەکاتەوە.

ئه‌و به‌ده‌نگی ئه‌مریكای وتوه‌"خەڵکى کەرکوک باجى ململانێى نێوان یەکێتى و پارتى دەدات، یەکێتى و پارتى گەڕ ڕێکبکەون بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەبن و دۆخى کوردیش باشتر دەبێت."
لاى خۆیشیەوە شێخ سدیق، بەرپرسى حیزبى شیوعى لەپارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ڕێککەوتنى یەکێتى و پارتى ماناى چارەسەرکردنى کۆى کێشەکانى کەرکوک نییە، بەڵکو بەشێک لەکێشەکان چارەسەر دەبن."

بەبڕواى جوان حەسەن ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە کوتلەى یەکگرتوى ئیسلامى، ڕێکنەکەوتنى یەکێتى و پارتى پێگەى کوردى تەواو لاواز کردوە، دەرفەتى بە پارێزگارى ئێستاى کەرکوک داوە بە ویستى خۆى تەسفیەى کورد بکات.

جوان حەسەن بەدەنگى ئەمەریکاى وت"بەهۆى رێکنەکەوتنى یەکێتى و پارتى، گوندە کوردنیشینەکانى دەوروبەرى کەرکوک وێران بون، دەغڵ و دانى جوتیاران سوتا، بودجەى کەرکوک لە گوند و ناوچە و گەڕەکە عەرەب نیشینەکاندا خەرج دەکرێت، بەرێوەبەرە کوردەکان لادەبرێن و عەرەب لەجێگەیان دادەنرێت."

بەڵام نەجات حسێن ئەندامى کوتلەى تورکمانى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، تیشکى خستە سەر ناکۆکى نێوان پێکهاتەکان لەسەر پۆستى پارێزگارى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"کورد داواى پۆستى پارێزگار دەکات بە حساب زۆرینەیەو ئیستیحقاقى خۆیەتى، عەرەبیش دەڵێت نەخێر ئێمە زۆرینەین و ئیستیحقاقى ئێمەیە، ئێمەى تورکمانیش دەڵێین، تائێستا پۆستى پارێزگار لاى ئەو دو پێکهاتە بوە، با ئەمجارە لاى ئێمە بێت."

وتیشى"دەبێت هەر سێ پێکهاتەکە دابنیشین، لەسەر کۆى پۆست و کێشەکان بەتەوافق رێکبکەوین.

هاوکات ئیسماعیل حەدیدى کەسایەتى دیارى عەرەبى سونە لەکەرکوک، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگى ئەمەریکا وتى"یەکێتى و پارتى خۆیان لەسەر پۆستى پارێزگار رێکناکەون، هەرکاتێک ئەوان رێککەوتن، ئینجا قسەلەسەر ئەو پۆستە دەکرێت."





زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×