بەهۆی سەربرینیان لەسەر شەقامەكان دەستبەسەر برێك گۆشت دەگیرێت
  2019-06-16       1853       

 

لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی پارێزگای سلێمانی، بەهۆی سەربرینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەكان دەستبەسەر برێك گۆشتی سوردا دەگرن، ئاماژەبەوەش دەكەن ئەو ئاژەڵانە بەدەر لەرێنماییە تەندروستییەكان سەربردراون.


ئاوێنە: ئەمرۆ "یەك شەممە" لیژنەهاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتوە "لەدو رۆژی رابردودا، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە دەست بەسەر چەند ئاژەڵێكی سەربراودا گیراوە، كە خاوەنەكانیان بەدەر لە رێنماییە ڤێترنەری و تەندروستیەكان سەریاندەبڕن و لە شەقام و شارێكان، بەهاوڵاتیانی دەفرۆشن".


راشیدەگەیەنێت ئەو ئاژەڵانەی لەسەر شەقام و شارێكاندا دەفرۆشرێت، پشكنینان بۆ ئەنجام نەدراوە دور لە رێنماییەكانیان سەردەبرێن، دەشڵێت " گۆشتەكەی گومانی گواستنەوەی نەخۆشییە هاوبەشەكانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵی لێدەكرێت كە مەترسی بۆسەر تەندروستی بەكارهێنەرانی دروست دەكات".

داواش لەهاوڵاتیان دەكەن بە هیچ شێوەیەك گۆشتی سەر شەقام‌و شارێكان نەكرن‌و لەهەر دوكانێكیش گۆشتیان كری لەو مۆرە دڵنیا ببنەوە كە بەسەر گۆشتەكەوەیە‌و هەر گۆشتێكیش مۆری بەسەرەوە نەبو لیژنەكانی قایمقامیەت ئاگادار بكەنەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×