په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان: باند و گروپە چەکدارەکان دۆخی هەرێم ئاڵۆز ده‌كه‌ن
  2019-06-16       1659       

پەرلەمانتارێکی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند؛ ماوەی زیاتر ساڵێکە دۆخێکی نائاسایی دروست بوە بەهۆی بونی چەندین باند و گروپی چەکدارەوە، کە ئێستا ئەو گروپانە بون به‌هێزی تاکەکەس و بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرانەش لە خەڵک وەردەگرن.

ئاوێنه‌: شاخەوان رەئوف بەگ، پەرلەمانتاری گۆڕان و ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەو ناوخۆ و ئاسایش لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای ره‌سمی حزبه‌كه‌ی رایگەیاند؛ بونی چەندین باند و گروپی چەکدار وایکردوە دۆخی سیاسی و بەتایبەتیش ئەمنی هەرێمی کوردستان بە ئاقارێکی دیکەدا ببات پێشیوایە ئەگەر حکومەت بەر بەو دیاردەیە نەگرێت، دۆخەکە زۆر ئاڵۆز دەبێت.

وتیشی"لەئێستادا شیرازەی ئەمنی هەرێم تێکچوە و وایکردوە بێسەروبەرەیی زۆر دروست بوە، بۆیە ئەرکی وەزارەتی ناوخۆ و حکومەتە کە رێگەچارەی گونجاو بدۆزنەوە."

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە "چەندین کۆمپانیا بەناوی سیکیوریتییەوە دروست بون، کە کۆمپانیای شەخسن و بەشی زۆریان هی بەرپرسەکانە، بەهۆی نەبونی بەرنامە و رێکنەخستنی ئەو کۆمپانیایانە، وایکردوە کەس و بەرپرسەکان بۆ کاری تایبەتی خۆیان بەکاریانبهێنن."

باسی له‌وه‌ش كردوه‌ كه‌ "بونی ترس و دڵەراوکێ لای بەرپرسەکان، وایکردوە پەنا بۆ دروستکردنی هێزی تایبەت و فەوج و گروپی چەکدار ببەن، ئەوەش تا سەر بەوشێوەیە نابێت و پێویستیشە ئەو بەرپرسانە خۆیان دەستبەرداری ئەو هێزانە ببن و خۆیان مەدەنی بکەن."

شاخەوان رەئوف بەگ ئاماژەی بەوەشکرد"هەندێک گروپ و باند بە سودوەرگرتن لە خراپی دۆخەکە، بەشێوەی مافیایانە مامەڵە دەکەن و هەڵدەکوتنە سەر کەسە دەوڵەمەندەکان و کۆمپانیاکان و سەرانەیان لێوەردەگرن."





زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×