ئه‌رسه‌لان باییز بۆ نێچیرڤان بارزانی: ناهه‌قیت به‌رامبه‌ر مام جه‌لال كرد
  2019-06-17       2269       

ئه‌رسه‌لان باییز، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ره‌خنه‌ له‌ناوه‌ڕۆكی وته‌ی ده‌ستبه‌كاربونی نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی نوێی هه‌رێم ده‌گرێت و ده‌شڵێت، ناهه‌قی به‌رامبه‌ر به‌ مام جه‌لال كردوه‌.

ئاوێنه‌: رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌، نێچیرڤان بارزانی، له‌ڕێوڕه‌سمێكدا، دوای سوێندخواردنی یاسایی وه‌ك سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان وته‌ی ده‌ستبه‌كاربونی له‌پۆسته‌ تازه‌كه‌یدا پێشكه‌شكرد كه‌ به‌پێی قسه‌ی ئه‌رسه‌لان باییز، له‌وته‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانی، جیا لەحزبەكەی خۆی، قوربانی‌و ماندوبونی هەمو لایەن‌و پێكهاتەكانی تری كوردستانی فەرامۆش كرد.

ئه‌رسه‌لان باییز، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، له‌وتارێكدا كه‌ له‌ میدیای ره‌سمی حزبه‌كه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، رایگه‌یاندوه‌"هەمو كەس یان حزبێك بۆی هەیە هەرچی چاكەو دەسكەوت‌و سەركەوتنەكانە بۆ خۆی تۆمار بكات‌و بنوسێتەوە یان بگێڕێتەوە، كەس‌و حزب‌و لایەنەكانی تر نادیدەبگرێت‌و فەرامۆشیان بكات، بەڵام مێژونوسێكی بێلایەن، سەرۆكی نەتەوە یان وڵاتێك هەمو لایەن‌و كەس‌و چاك‌و خراپەكان، سەركەوتن‌و شكستەكان وەكو خۆی بەدیدەكات‌و ناهەقی ناكات."

وتوشیه‌تی"بەڵام بەداخەوە بەپێچەوانەی ئەو نەریتە زانستییە، بەڕێز سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان، جیا لەحزبەكەی خۆی، قوربانی‌و ماندوبونی هەمو لایەن‌و پێكهاتەكانی تری كوردستانی فەرامۆش كردو هێمای بەهیچ كامێكیان نەدا. كە ئێمەومانانێك هەرگیز چاوەڕوانی ئەو ئەنجامەمان نەدەكرد."

ئه‌رسه‌لان باییز بۆ نێچیرڤان بارزانی وتوشیه‌تی"بەڕێزت…! دەست بخەرەسەر ویژدانت… بەگۆڕی رەحمەتیی (باوكت) ئایا ئارامیی ئەو 15 ساڵەی رابردوی كوردستان، یەكڕیزیی‌و تەبایی لەبەرامبەر سیاسەتەكانی عیراق‌و دەوروبەر…ئارامی‌و ئاوەدانیی كوردستان… بەبێ هاوكاری‌و هەماهەنگی (ی.ن.ك)‌و دەستپێشخەریی راستەوخۆی (مام جەلال) دەبو…؟؟ ئەی هەر برایانی پارتی، تەنانەت بەڕێزت نەبوی دەتانوت: (مام جەلال) چەند لەیەكێتی چوە… هێندەش لەپارتی… عیراقییەكانیش دەیانوت: (مام جەلال) لەهەمو عیراق چوە."

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وتوشیه‌تی"ئەی كەواتە سەرۆك… بۆچی بێمروەتیت لەئاستی ئەو پیاوە گەورەیە كرد….؟ ئایا ئاڵۆزی‌و كێشەكانی ئەمڕۆی نێوان هەردو حزب هیچ پەیوەندییەكی بە (مام جەلال)ەوە هەیە… ئایا ئەگەر (مام جەلال) لەژیاندا بمایە هەمو دەنگە سەوزەكان بۆ ئێوە نەدەچو…؟؟ ئەی كەواتە ناهەقیی نییە (مام جەلال) بخرێتە نێو كێشەو ئاڵۆزییەكانی ئەمڕۆی كوردستان‌و… لەبەرنامەی كاری چوار ساڵەی ئایندەدا ستایشێكی نەكەی…؟"

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردوه‌ كه‌ "ناوهێنان یان نەهێنانی ئەو مرۆڤە گەورەیە، هیچ لەپلەو پایەی؛ زیادو كەمناكاتەوە… بەڵام بۆ خۆت گەورەیی بو… وەفایەك بو بۆ ئەو پیاوەی كە رێزو خۆشەویستیی تایبەتی بۆ ئێوە هەبو ‌و لەدەیان كۆڕو كۆبونەوەو دانیشتندا هەمیشە مەدح‌و سەنای دەكردی… من لەوە دەگەم كە بەشێكی هۆكاری ئەو فەرامۆشكردنە بۆ رازیكردنی بەشێك لەكادیرو لایەنگرانی حزبەكەتە… بەڵام لەبەرامبەر ئەوەشدا ستایشی (مام جەلال) بۆ ئێمە فێنكاییەكی دەرونی‌و… كردنەوەی بەشێكی تری دەرگا نیوە كراوەكەو راكێشانی سۆزی چەند سەد هەزار ئەندام‌و لایەنگرانی (ی.ن.ك) بو، كە دەركەوت بەلای ئێوەوە هەر (بەناو) شەریكی پانزە ساڵەی پارتی بوە."

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"هەمو لایەك باش دەزانن (مام جەلال)ێك ئەگەر لەژیاندا بمایە… بە تەله‌فۆنێك… بە نامەیەك… دەستپێشخەرییەك، كێشە سەخت‌و ئاڵۆزەكانی ئێستای هەردو حزبی چارەسەر دەكرد."

ئه‌رسه‌لان باییز وتوشیه‌تی"هەق بو وەكو سەرۆكی نوێی هەمو حزب‌و لایەنەكانی كوردستان، دڵت گەورەتر بوایەو پێت لەهەندێ گلەیی‌و رەخنە بخشاندایە‌و لەوتاری دەستبەكاربونەكەت ڕەنگی نەدایەوە. ئاخر هەقە سەرۆكی میللەت پزیشك‌و دەرماننوسی چارەسەری نەخۆشەكان بێت."

له‌كۆتاییشدا وتویه‌تی"سەرۆك… بەهیوام بەشێك لەوتارەكەت راگوزەرانە بێت‌و بەرنامەی كاری چوار ساڵەت نەبێت…بەڕێز سەرۆك… بێمروەتیت كرد… ناهەقیت كرد (پێش هەمو كەس دەرهەق بە خۆت) ئینجا دەربارەی (مام جەلال)… گلەیی بێ لێت."


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×