2019-06-18   1057     
بهپێی راپۆرتێكی رێكخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، چاوەڕاندەکرێت تا ساڵی 2050 ژمارەی دانیشتویانی جیهان لە 7 ملیارو 7 سەد ملیۆنهوه بۆ 9 ملیارو 7 سەد ملیۆن كهس زیاد بکات.
ئاوێنه: جۆن ویلمۆت، بەڕێوەبەری بەشی دانیشتوانو کاروباری کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان، رایگهیاندووه، تەمەنی دانیشتوانی جیهانی بەشێوازێکی لەسەخۆ پیر دەبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕاندەکرێت هەتا ساڵی 2050 لە 7 ملیارو 7 سەد ملیۆنی ئێستاوە زیاد بکات بۆ 9 ملیارو 7 سەد ملیۆن كهس.
بهپێی راپۆرتێكی رێكخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ژمارەی دانیشتوانی جیهان هەتا کۆتایی ئەم سەدەیە ڕەنگە بگاتە نزیکەی 11 ملیار كهس.
ڕاپۆرتی پێشبینی نوێی ڕێژەی دانیشتوانی جیهان ئاماژە بەوەش دەکات كه 9 وڵات بەرپرسیارن لەزیاتر لەنیوەی زیادبونی دانیشتوانی جیهان لەئێستاوە هەتا ساڵی 2050، ڕیزبەنەکەش بەمشێوەیەیە: هندستان، نایجیریا، پاکستان، کۆنگۆ، ئیتیۆپیا، تانزانیا، ئیندۆنسیا، میسرو ئەمەریکا.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت، لەوڵاتانی بیابانی ئهفریقا ڕێژەی دانیشتوان هەتا ساڵی 2050 دەبێتە دوهێنده.
جۆن ویلمۆت ئهوهشی وتووه، زیادبونی ژمارهی دانیشتوان لهجیهاندا زیاتر لەوڵاتە هەژارەکاندایه، لەکاتێکدا زیادبونی ڕێژەی دانیشتوانەکەیان ئاستەنگی زیاتر بۆ هەوڵەکانی ڕوبەڕوبونەوەی هەژاریو بەرەوپێشبردنی یەکسانی جێندەرو باشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی دەهێنێتە كایهوه.
ڕاپۆرتەکە ئەوەش پشتڕاست دەکاتەوە کە دانیشتوانی جیهان تەمەنیان زیاتر دەبێتو ئاستی لەدایکبونی منداڵ کەمتر دەبێتەوە.
لهراپۆرتهكهدا هاتووه، ڕێژەی لەدایکبونی منداڵ لەجیهاندا بهرهوكهمبونهوه دهچێت، بهجۆرێك لەساڵی 1999 بە 10 ژن 32 منداڵ لەدایکدەبون، بەڵام ئەم ڕێژەیە لەساڵی 2019 کەمبۆتەوە بۆ 25 منداڵو بهپێی ڕاپۆرتەکە، چاوەڕواندەکرێت تا ساڵی 2050 بگاتە 22 منداڵ.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، پێویستە ڕێژەی لەدایکبون بۆ 10 ژن 21 منداڵ بێت تا گۆڕانکاریی لەدانیشتواندا مسۆگەر بکرێتو ئاستی دانیشتوانیش کەم نەبێتەوە.
ڕاپۆرتەکە ئهوهشی خستۆتهرو كه بەهۆی شهڕو توندوتژییەکانهوه ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئاوارە بون، بەوەش هەندێک وڵات ڕێژەی دانیشتوانی بەشێوەکی بەرچاو دابەزیوە، چونکە خەڵکێکی زۆر کۆچ دەکەنو ژمارەیهک لەوڵاتانی جیهانیش ڕێژەکەیان بەئاستێکی زۆر زیادیکردووە، لەبهرئهوهی پەنابەرێکی زۆر ڕویان تێدەکەن.