پهرلهمانتارێكی گۆڕان لهپهرلهمانی عێراق پێی وایه كه پارتی كاری بۆ زیادكردنی پشكی ههرێم لهبودجهی عێراقدا نهكردوه، چونكه نایهوێت نهوتی ههرێم رادهستی عێراق بكات. داواش لهو بهرپرسانهی پارتی دهكات كه لهبری ئهوهی رێگه بهمان نیشان بدهن كه چی بكهن، به مهسعود بارزانی و مهسرور بارزانی بڵێن نهوت رادهستی عێراق بكهن بۆ ئهوهی بهغداش موچهی تهواوی هاوڵاتیانی ههرێم بدات.
ئاوێنە، ئەیاد محهمهد: غالب محهمهد، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لەپهرلهمانی بە ئاوێنەی ڕاگەیاند"ماوەیەکە لەتۆڕی کۆمەڵایەتییهكان و هەندێک لهڕاگهیاندنهوه دەبیستین و دەخوێنینەوە کە دۆخی دارایی هەرێم لەساڵی نوێدا باش نابێت، خەڵکی هەرێم ئەو پرسیارەی لادروست بوە ئایا بە داهاتی ناوخۆ و نەوت و ئەو سەرچاوەی داهاتانەی هەرێم بەو ڕێکەوتنەی هەرێم لەگەڵ بەغداد کراوە بۆچی ئەبێت دۆخی دارایی باش نەبێت؟"
بهبڕوای غالب محهمهد هۆکارەکەی بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە مهسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقدا ڕێک کەوتوە بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لەڕێگەی بەندەری جەیهانهوهو لەم مانگەوە 90 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک هەناردەی بەندەری جەیهان کراوە لەڕێگەی بۆری هەرێمی کوردستانەوە.
وتیشی"کەس نازانێت ئەم ڕێککەوتنە کێ سودمەند ئەبێت لێی جگەلەوەی ئاشکرایە کە حیزبەکان سودی خۆیانی تێدایە هەروەها ڕون و ئاشکرا دیارە پارتی لەڕێگەی وەزیرەکەیەوە کە وەزیری داراییە هەروەها لەو کاتەش وەزیری پلاندانان بوە بەوەکالەت هەوڵی جدی نەداوە کە ڕێژهی پشكی ههرێم كه (12.67)ه زیادبکات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پارتی نایەوێت نەوت ڕادەستی عێراق بکات و دۆخی دارایی هەرێم باشبێت و عێراق پابەند بکات بەناردنی بودجەوە."
غالب وتیشی"لەنەناردنی بودجە لەبەغداوە پارتی قازانج دەکات خەڵکی هەرێمی کوردستانیش زیانی بەردەکەوێت، هەروەها ئەو بەرپرسانەی پارتی کە بونەتە پاڵەوانی فهیسبوک و سەرشاشە کە ڕێگە بەئێمە پیشان ئەدەن چی بکەین، لە نەزانیانە ئەو قسانە دەکەن، چونكه نازانن ئیشی پەرلەمانی عێراق چیەو دەسەڵاتی پەرلەمان چیە، پەرلەمان دەتوانێت تهنیا "موناقەلە و کەمکردنەوە" بکات، کە ئەمەش هیچ کارناکاتە سەر زیادکردنی ڕێژەی بودجەی کوردستان."
وتوشیهتی"کەواتە باشتر وایە ئەو کەسانە لەکاتی سێڵفی گرتنیان لەگەڵ مەسرور و مهسعوددا ئەگەر جورئەت دەکەن تەنها خولەکێک لەکاتی خۆیان تەرخان بکەن و پێیان بڵێن زەحمت نەبێ ئەزبەنی ئەو نەوتە بنێرن بەپێی ڕێککەوتنەکە بۆئەوەی موچەی تەواوی هاوڵاتیان بدرێت لەکاتی خۆیدا".
بهپێی قسهی غالب محهمهد ئێستا ڕۆژانە حکومەتی هەرێم بڕی (430) هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکات لەگەڵ سەرجەم داهاتی ناوخۆ دەتوانرێ موچە بدرێت، بۆ نمونە داهاتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی (114) ملیاردینار بوە لەساڵێکدا بەمەش ئەوەمان بۆ ڕوندەبێتەوە کە دەتوانراو دەتوانرێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەبێ پاشەکەوت بدرێت، کەچی لەساڵی ڕابردودا بەپاشەکەوتیشەوە 9 مانگ موچەدراوە.
لەکۆتایدا غالب وتیشی"داواکارم لەسەرجەم لایەنەکان بەبزوتنەوەی گۆڕانیشەوە لەکاتی گفتوگۆکردن بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت یەکەم کاریان جەختکردنەوە بێت لەسەر تەسلیمکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغداد و پێدانی موچەی فەرمانبەران بەبێ پاشەکەوت لەکاتی خۆیدا و نەهێشتنی نادادپەروەری لەنێوان پارێزگاکاندا لەدابینکردنی پارە بۆ پرۆژەکان، ئەگەر بێتو ئەوخاڵانە جێبەجێنەکرێت کەواتە ڕون و ڕاستی چونە حکومەت و نەچونە حکومەت هیچ سودێکی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان نابێت."