پارێزگاری سلێمانی: 90 ملیار دینار ته‌رخانكراوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری
  2019-01-06       563       

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاند 90 ملیار دینار ته‌رخانكراوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌ترسی سلێمانی و پێشبینیش ده‌كات له‌سه‌ره‌تای وه‌رزی به‌هاره‌وه‌ ده‌ست به‌ كاركردن له‌ پڕۆژه‌كه‌دا بكرێت.

ئاوێنه‌: هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ(یه‌كشه‌ممه‌)، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ئاشكرایكرد؛ دواى هەوڵەکانمان خۆشبەختانە ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى پلاندان رەزامەندیان دەربڕى لەسەر بڕى تێچوى قۆناغى یەکەمى پڕۆژەى شەقامى 100 مەترى شارى سلێمانى کە 469 ملیار و 200 ملیۆن دینارە و لە سەر بودجەى ساڵى 2019ش بڕى 90 ملیاریان تەرخانکردوە وەک سەرەتاى دەستپێکردنەوەى پڕۆژەکە.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد؛هەر ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کەوتینە پەیوەندى بۆئەوەى پەلەبکەین لە سەرپێخستنى پڕۆژەکە و دەستکردنەوە بە کارکردن تێیدا، ئومێد دەکەین لە سەره‌تاى وەرزى بەهارەوە سەرجەم تیم و پێداویستیەکان دابین بکرێن و کارى تێدا بکرێت.

ئاماژەى گرنگى ئەو پڕۆژەیە کرد و وتى"جگە لەوەى خۆى پڕۆژەیەکى ستراتیژییە، هەلى کار و هەلى دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبون و بازاڕو چەند پڕۆژەیەکى دیکە بۆ سلێمانى دروست دەبێت."

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، ئاشکراىکرد سبەینێ نوسراوى ره‌سمی ئاڕاستەى شارەوانى دەکەن بە ئامانجى هەوڵدان بۆ دابینکردنى 780 پارچە زەوى بۆ کەسوکارى شەهیدانى شەڕى دژى داعش لە سنورى پارێزگاکە جا ئەو شەهیدانە لە هەر لایەنێکى سیاسى و لە هەر هێزێک بوبن.

پارێزگارى سلێمانى ئەوەشى خستەڕو؛ دەسەڵاتەکانیان لە ئەنجومەنى وەزیران وەرگرتوە بۆئەوەى ئەو پارانەى دەگەڕێتەوە لە پڕۆژەى دیکە خەرجى بکەن و وتى"775 ملیۆنى پڕۆژەکانى پێشو ماونەتەوە لەگەڵ ئەو پارانەى وەقفى نەوت مابونەوە کە بڕەکەى ملیارێک و 800 ملیۆن دینارى دیکەیە و ئومێد دەکەین بە نەختینە بێتەوە پارێزگا و لە پڕۆژەى نوێ خەرجیان بکەین".




زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×