فڕۆکەخانەی سلێمانی: راگرتنی گەشتەکان زیانی پێنج ملیۆن دۆلاری لێکەوتۆتەوە
  2019-01-08       711       
تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی


بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاشکرای ده‌كات كه‌ بەهۆی داخستنی ئاسمانی تورکیا بەسەر گەشتەکاندا زیانی پێنج ملیۆن‌و 400 هەزار دۆلاریان پێگەیشتوە.



ئاوێنه‌: ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی له‌كۆنگره‌یه‌كه‌ی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، بەهۆی داخستنی ئاسمانی تورکیا بەسەر گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رۆژانە زیانی زیاتر لە 15 هەزار دۆلاریان لێکەوتوە.



وتیشی، "بەهۆی وەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی تێودەوڵەتی سلێمانییەوە ساڵی رابردو پێنج ملیۆن‌و 400 هەزار دۆلار زیانمان کردوە ئەوەیش بەهۆی وەستانی گەشتەکانی تورکیاو ئەڵمانیاو بەریتانیا، جگە لەئەو زیانانەی بەر هۆتێل‌و کۆمپانیاکان‌و کەرتی تایبەت‌و گوندی کارگۆ گەیشتوە".



بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی راشیگەیاند، لەساڵی 2018دا 309869 گەشتیار لەرێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە گەشتی هاتن و رۆیشیتنیان کردوە، بەراورد بەساڵی 2017 کە ژمارەکەی 485156 گەشتیار بوە، 36%ی ژمارەی گەشتیاران کەمیکردوە.



سەبارەت بەئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگوندی کارگۆی فڕۆکەخانەشەوە، ناوبراو وتی‌، ساڵی 2018 بەگشتی 9752 تۆن کەلوپەل هاوردە کراوە، بەراورد بەساڵی 2017 کە 36493 تۆن کەلوپەل هاوردە کراوە، بەرێژەی 73% هاوردەکردن لە رێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە کەمیکردوە.



سەبارەت بە هەناردەش رایگەیاند، ساڵی رابردو تەنها 352 تۆن کەلوپەل هەناردەی دەرەوەی وڵات کراوە، بەرامبەر بەساڵی 2017 کە 1987 تۆن کەلوپەل لەرێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە هەناردە کراوە رێژەکە 82% کەمیکردوە.



بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاشکرای کرد؛ ساڵی 2018 رێژەی 55013  کارتۆن جگەرە لەگەڵ بڕێکی لەبابەتی جوانکاریی‌و یاری منداڵان و مۆبایل و کەلوپەلی دیکە لەلایەن کۆنتڕۆڵی جۆریی فڕۆکەخانەوە پشکنینی بۆ کراوە، کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە کراوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×