به‌رهه‌م ساڵح و پۆمپیۆ جه‌خت له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غداو واشنتۆن ده‌كه‌نه‌وه‌
  2019-01-09       542       

به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق و مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جه‌خت له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دوقۆڵییه‌كانی نێوان به‌غداو واشنتۆن ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌رهه‌م ساڵح به‌پێویستی ده‌زانێت ئه‌مریكا به‌شدار بێت  لە بنیادنانەوەی عێراق و سەرپێخستنەوەی ئابوری وڵات و باشترکردنی توانای سه‌ربازی.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ(چوارشه‌ممه‌)، مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراق و به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، بەرهەم ساڵح ئەمرۆ چوار شەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازی کردوه‌ له‌ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە و په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و ئه‌مریکا گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ کراوه‌.


به‌رهه‌م ساڵح له‌ میانی كۆبونه‌وه‌كه‌دا که‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماده‌ی بوه‌ تەئكیدی کردۆته‌‌وه‌ که‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ پێویستی به‌ گفتوگۆ و لێکگه‌یشتنێکی تازه‌ هه‌یه‌ لە نێوان تەواوی پێكهاتەكان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی و نه‌هێشتنی بارگرژیی و چه‌سپاندنی دۆخێکی ئارام که‌ له‌ خزمه‌تی گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا بێت به‌گشتی.

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی دوقۆڵی عیراق و ئه‌مریکاش به‌رهه‌م ساڵح ئاماژەی به‌ گرنگی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ كردوه‌ له‌ نێوان هەردو وڵات، هاوکات پەرەپێدان و پێشخستنیشی له‌ هه‌مو بواره‌کاندا به‌ پێویست زانیوه‌ به‌ تایبه‌ت بەشداریكردنی ئەمریكا لە بنیادنانەوەی عێراق و سەرپێخستنەوەی ئابوری و بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی وڵات و باشترکردنی توانای سه‌ربازی.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سوربونی وڵاتەكەی دوپاتكردۆتەوە بۆ هێشتنەوە و به‌هێزکردنی پەیوەندییەكی تایبەت لەگەڵ عێراق لەهه‌مو ئاستەكاندا، هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕی وڵاته‌که‌شی بۆ بەگژاچونەوەی داعش و مه‌ترسی  تیرۆرستان به‌ گشتی لە عێراق و تەواوی ناوچەكە دوپاتکردۆته‌وه‌.


پۆمپیۆ رونیشكردۆتەوە ئەمریكا عێراق بە هاوبەشێكی گرنگ و ستراتیژی دەزانێت لە زۆربەی بوارەكانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی، سه‌باره‌ت به‌ بواری ئابوری و بازرگانیش وەزیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ئاماده‌ی وڵاته‌که‌ی دەربڕیوه‌ بۆ بەشداریكردن لە وەبەرهێنان و پرۆسەی بنیادنانەوەی عێراق و بەتایبەتیش شارە تازه‌ ئازاد كراوەكان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×