وه‌زاره‌تی دادی ئیسرائیل رایگه‌یاند؛ وه‌زیری پێشوی وزه‌ی ئه‌و وڵاته دانی به‌وه‌دا نا كه سیخوڕی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران كردوه‌و زانیاری له‌باره‌ی كه‌رتی وزه، دامه‌زراوه‌و به‌رپرسانی دامه‌زراوه ئه‌منی سیاسییه‌كانی ئیسرائیله‌وه داوه‌ته حكومه‌تی ئێران.
ئاوێنه: وه‌زیری پێشوی وزه‌ی ئیسرائیل، گونه‌ن سه‌گه‌و، له ساڵانی 1995-1996، وه‌زیری وزه‌ی ئیسرائیل بو، ئه‌و له مانگی رابردودا له‌میانی گه‌شتێكیدا بۆ گینیا، ده‌ستگیركراو هێنرایه‌وه بۆ ئیسرائیل.
به وته‌ی ده‌زگای ئاسایشی ئیسرائیل، ناوبراو حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، كاتێك كه له نه‌یجیریا ده‌ژیا، په‌یوه‌ندی به ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئێرانه‌وه كردوه‌و وه‌ك سیخوڕێكی ئه‌و وڵاته ده‌ستی به‌كار كردوه.
ده‌زگای ئاسایشی ئیسرائیل هێمای بۆ ئه‌وه كردوه كه گوننه‌ن سه‌گه‌و، ساڵی 2012 چاوی به نوێنه‌رانی ئێران له باڵیۆزخانه‌ی ئه‌و وڵاته له‌نه‌یجیریا كه‌وتوه‌و بۆ ئاشنابون له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كاری بۆ كردون دو جار سه‌ردانی ئێرانی كردوه و ئه‌وانیش سیستمێكی ره‌مزیی په‌یوه‌ندییكردنیان پێداوه.
به‌پێی قسه‌ی وه‌زاره‌تی دادی ئیسرائیل، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی كه ناوبراو دانی به تاوانه‌كه‌یدا ناوه و به 11 ساڵ زیندانیكردن حوكم ده‌درێت، هه‌رچه‌نده بڕیاری كۆتایی سه‌باره‌ت به حوكمه‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئیسرائیل.
ئه‌و وه‌زیری پێشوی ئیسرائیل ده‌رچوی به‌شی پزیشكییه‌و له‌ساڵی 2004 به‌هۆی قاچاخیكردن به جۆره حه‌پێكه‌وه به سێ ساڵ زیندانی حوكم دراوه‌و دوای ته‌واوكردنی حوكمه‌كه‌ی له‌ساڵی 2007 ئیسرائیلی جێهێشتوه‌و مانگی رابردو له گینیا ده‌ستگیركراو هێنرایه‌وه ئیسرائیل.