وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران بڕیارێكی یه‌كێتی ئه‌وروپا كه تێیدا به‌شێك له وه‌زاره‌تی ئیتڵاعات و دو هاوڵاتی ئێرانی خسته لیستی تیرۆره‌وه، به بڕیارێكی "نالۆژیكی و جێی سه‌رسوڕمان" ده‌زانێت.
ئاوێنه: به‌هرام قاسمی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، هۆشداری داوه كه كۆماری ئیسلامی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌دا كاردانه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی ده‌بێت و هه‌نگاوی پێویست هه‌ڵده‌گرێت.
یه‌كێتی ئه‌وروپا دوێنێ سێشچهممه، بڕیاریدا كه یه‌كێك له یاریدهدهرێتییهكانی وه‌زاره‌تی ئیتڵاعات و دو هاوڵاتی ئێرانی بخاته لیستی تیرۆری یه‌كێتییه‌كه‌وه، ئه‌وه‌ش وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشه پۆچهڵكراونهتهوهی به‌م دواییانه له ئه‌وروپا كراونه‌ته سه‌ر نه‌یارانی ئێران.
بڕیاره‌كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه به ده‌ركردنی به‌یاننامه‌یه‌ك له‌لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌وروپاه‌وه چوه بواری جێبه‌جێكردن.
وڵاتانی هۆڵه‌ندا، دانیمارك و فه‌ره‌نسا، ئێرانیان تۆمه‌تبار كردوه به هه‌وڵدان بۆ تیرۆركردنی نه‌یارانی له‌نێو خاكی وڵاته‌كانیاندا، به‌ڵام ئێران به‌رده‌وام ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ره‌تكردۆته‌وه.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ره‌خنه‌ی له یه‌كێتی ئه‌وروپا گرتوه له‌وه‌ی كه "له‌بری ئه‌وه‌ی چه‌ند گروپێكی تیرۆریستی تاوانكاری وه‌ك ئهحوازیه بخاته لیستی تیرۆری خۆیه‌وه، پشتیوانی لێ كردون."
به‌هرام قاسمی ئێرانی به هه‌ڵگری ئاڵای شه‌ڕی تیرۆر له‌ناوچه‌كه‌دا ناوبردوه‌و رایگه‌یاندوه كه ئاسایشی ئه‌وروپا قه‌رزاری شه‌ڕی ئێرانه له‌گه‌ڵ تیرۆر.