پارێزگاری كه‌ركوك ده‌ستخۆشی له‌ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی له‌سه‌ر ئاڵای كوردستان ده‌كات
  2019-01-09       942       
راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت

پارێزگاری كه‌ركوك ده‌ستخۆشی له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ رێنماییه‌كی بۆ داگرتنی ئاڵای كوردستان له‌كه‌ركوك و داواش له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كات "روخساره‌كانی ته‌نگژه‌" له‌ شاره‌كه‌ لابه‌رن.

ئاوێنه‌: راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، ئه‌مشه‌و(چوارشه‌ممه‌)، له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند"ده‌ستبه‌جێ په‌یوه‌ندیمان كرد به‌ نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌و ئێمه‌ هه‌ڵوێسته‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران عادل عه‌بدولمه‌هدی و رێنماییه‌كانی بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌رباره‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و له‌ژماره‌یه‌ك له‌ شه‌قامه‌كانی كه‌ركوك، به‌رزده‌نرخێنین."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ كه‌ "هه‌ڵوێسته‌كه‌ (ی سه‌رۆك وه‌زیران) دوای داواكه‌ی دوێنێ شه‌وی ئیداره‌ی پارێزگاو په‌یوه‌ندییه‌ به‌رده‌وامه‌كانمان هات، سوربونی زۆری سه‌رۆك وه‌زیران له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری پارێزگای كه‌ركوك ده‌رده‌خات كه‌ له‌و كاته‌وه‌ی تاكه‌ ئاڵای عێراق له‌ سه‌رتاسه‌ری پارێزگاكه‌دا له‌زیاتر له‌ساڵێك له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ هه‌ڵكراوه‌، ئاسایش و ئاشتی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌."


وتوشیه‌تی"سوپاس و پێزانینی خۆمان پێشكه‌شی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كه‌ین بۆ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ خێراكه‌ی"

پارێزگاری كه‌ركوك داواشی كردوه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان  په‌له‌ بكه‌ن له‌ لابردنی "روخساره‌كانی ته‌نگژه‌"و پشتیوانی ئاسایش و سه‌قامگیری و سه‌لامه‌تی سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی كه‌ركوك بكه‌ن به‌پێی رێنماییه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان.


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ(چواره‌شه‌ممه‌)، نوسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتوه‌ رایگه‌یاند سه‌رۆك وه‌زیران چه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كی به‌په‌له‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار، به‌و پێیه‌ی كه‌ پارێزه‌ری ده‌ستوره‌و شه‌ونخونی ده‌كێشێت بۆ گه‌ره‌نتی پابه‌ندبون پێوه‌ی، و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی جیاجیا ئه‌نجامداوه‌ و رێنمایی داونه‌تێ كه‌ ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گا حزبییه‌كان له‌كه‌ركوك دابگیرێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی كارێكی دژ به‌ ده‌ستوره‌.


سه‌رۆك وه‌زیران بۆ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان جه‌ختی كردۆته‌وه‌ كه‌ رێگا گونجاوه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ پرسیار له‌ دادگای باڵای فیدراڵی بكرێت له‌سه‌ر ده‌ستوریبونی ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ر له‌ په‌یڕه‌وكردنی، ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت رێز له‌ ده‌ستور بگرین هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موان داوای ده‌كه‌ین.


شه‌وی رابردو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانی له‌ كه‌ركوك ئاڵای كوردستانی هه‌ڵداو به‌رپرسانی حزبه‌كه‌ش ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ ده‌ستوری ده‌زانن.


به‌یاننامه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی باسی له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ سیاسییه‌كان له‌میانی په‌یوه‌ندی پێوه‌كردنیان باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ كه‌ركوك ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌و مافی خۆیانه‌ ئاڵای كوردستانی تێدا هه‌ڵبده‌ن، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ كه‌ركوك ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌و ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سنوره‌ی ده‌ستور بۆ هه‌رێمی كوردستانی كێشاوه‌.


جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ كه‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ ده‌مێننه‌وه‌و ناكرێت هیچ گۆڕانكارییه‌كی دیفاكتۆییان تێدا ئه‌نجام بدرێت تا ئه‌و كاته‌ی‌ پرسه‌كه‌ له‌ڕوی ده‌ستورییه‌وه‌ یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×