مەكتەبی سیاسی پارتی: مەحمود سەنگاوی پیاوكوژو قاچاخچی‌و رۆژنامەنوس كوژو مافیایە
  2019-06-19       3308       
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەداتەوە‌و دەڵێت "مەحمود سەنگاو پیاوكوژو قاچاخچی‌و رۆژنامەنوس كوژو مافیایە".


ئاوێنە: مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەراگەیەنراوێكیدا كە تایبەتە بە وەڵامدانەوەی لێدوانێكی مەحمود سەنگاوی دەڵێت "ئێمە لە پارتی دیموكرات چاوەڕوانیمان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوە بوو ھەڵوێستیان بەرامبەر بەو بێڕێزیەی كراوە ھەبێت و رێگە لەو جۆرە عەقڵیەتانە بگرن كە ھەوڵی شەڕانگێزانە و فیتنە نانەوە دەدەن و رێگا لەوانە بگرن كە بە راسپاردە و فیتی خەڵكی دیكە ھەڕەشە لە یەك پارچەیی خاكی كوردستان دەكەن".


راگەیەنراوێك لەمەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

بە پشوو درێژی پارتی و سەرۆك مەسعود بارزانی، بە ھەوڵ و ھیمەتی ھەمووان، زەمینەی لێك تێگەیشتن و پێكھاتن لەسەر كۆی پرس و بابەتەكان ھاتووه‌تە ئاراوە و گرێ کوێرەکان کراونەتەوە و ھەنگاوەكانی پێكھێنانی كابینەی نۆیەم گەیشتوونەتە دوا قۆناغ كە دەمێكە خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی دەكەن بۆ رۆژانێكی باشتر و ئیستقراری سیاسی و ئابووری. لەو كاتەدا کە ناوچەكە و دەوروبەرمان لەبەردەم پێشھات و ئەگەری جۆراوجۆردان كەپێكەوەبوون و كاركردنی ھاوبەش لە ھێزە سیاسییەكان چاوەڕوان دەكرێت، كەسێكی وەكو مەحموود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) نەك ھەر نامسئولانە خۆی دەكاتە دەمڕاستی یەكێتی، بەڵکو بەریش دەدرێتە پارتی و رەمزی كوردستانمان.! 
خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی موژدەی خۆش و قسەی خێر و ھەنگاوی جدی و گوتاری عەقڵانی لە ھەموو لایەك دەكەن، كەچی كەسێكی نا سیاسی و نەزان بە زمانێك قسە دەكات كە ئەگەر ھەر لە قامووسی بێ پەروەردەییدا ھەبن، ناوەخت و بێ بیانوو بەسەر پارتیدا دەڕشێتەوە كە تەنیا خوێندنەوە بۆ ئەم جۆرە رەفتارەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەم رەوشە ناسكه‌دا كە ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت بکرێت، تێكدانی ئیستقرار و یەك دەستی و یەكگرتوویی كوردستان و ئاشوب نانەوەیە دژ بە بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەییمان و ھیچ تەفسیرێكی دیكە ھەڵناگرێت. 
ئەم جۆر و كەسانەی ناو رێزەكانی (ی.ن.ك) كە بە پیاوكوژ و كەڵەگایی لە خەڵكی ھەژار و قاچاخچیەتی و رۆژنامەنووس كوژ و مافیایانە ناسراون، لە پێكھێنانی حكومەتێكی بەھێز دەترسێن كە رێگایان لی بگرێت لە كەڵەگایی و ناوچەگەری و رەفتارە مافیاییەكانیان. 
بەداخەوە رەوشی ناوخۆی (ی.ن.ك) بەم رۆژە گەیشتووە كە لە مستەوای مەكتەبی سیاسیدا ھەریەكە و بە ئاوازێك بخوێنێ و داوا جاریش خیتابی سیاسی خەریکە بكەوێتە لای جنێوفرۆش و دەم ھەراشەكان و مەكتەبی سیاسی یەكێتیش ھەر بەوەندە ئیکتفا بکات کە زۆر بەشەرمنانە قسەكانی مەحموود سەنگاوی بە قسەی یەكێتی نەزانێ لەجیاتی ئیدانەكردن و ئیجرائات وەرگرتن...
ئێمە لە پارتی دیموكرات چاوەڕوانیمان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوە بوو ھەڵوێستیان بەرامبەر بەو بێڕێزیەی كراوە ھەبێت و رێگە لەو جۆرە عەقڵیەتانە بگرن كە ھەوڵی شەڕانگێزانە و فیتنە نانەوە دەدەن و رێگا لەوانە بگرن كە بە راسپاردە و فیتی خەڵكی دیكە ھەڕەشە لە یەك پارچەیی خاكی كوردستان دەكەن.
دڵگرانیشین كە ئەو جۆرە كەسانە ببنە قسەكەر و مدافعی یەكێتی و حەیف بۆ ئەو ھەموو خەبات و قوربانیدانەی خەڵكی كوردستان كە خیتابی سیاسی كەم و زۆر بكەوێتە لای نەزان و جنێوفرۆش و ئەوانەی لەخەمی نیشتیمان و نەتەوەدانین جگە لە ئەنجامدانی راسپاردەكان...
راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×