كاروان مەحمود سەنگاوی، كۆتا پەیام بۆ پارتی دەنێرێت
  2019-06-20       7627       

 

كاروان مەحمود سەنگاوی لەژێر ناونیشانی "كۆتا پەیام بۆ پارتی" رەخنەی توند ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات، باس لەوەش دەكات كە ئەوان هەمو تەمەنی خۆیان‌و كەسوكاریان بەخشیوەتە گەل‌و نیشتمان، دەشڵێت "لە پێش زۆربەی جەنراڵەکان و سیاسیە مایەپوچەکانی ناو پارتییەوە ملی ڕێگای ڕزگای خاکی کوردستانمان گرتوە".


ئاوێنە: كاروان مەحمود سەنگاوی كە باوكی ئەندامی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لەلاپەرەی تایبەتی خۆی لەتۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی " بە قەولی ئەوان گوایە کە لەبەر ئەوەی من پۆستم وەرنەگرتووە و باوکم بایەخی نەماوە لە ناو یەکێتی دا ئەم قسانە دەکات، ئاشکرایە بۆ هەموو لایەک ئەوەتەی مەحمود سەنگاوی هەیە چی ویستبێت و چی لا باشبووبێت بێ ترس و هیچ دوو دڵییەک ووتویەتی و بۆ یەک سانیە دەستبەرداری بیروبۆچوونەکانی خۆی نەبووە لە پێناو خۆ شیرین کردن لەلای پارتی و بنەماڵەی بارزانی، جا با نەیارانیش دڵنیابن و باش بزانن، مەحمود سەنگاوی نەک خاوەن پێگەیەکی بەهێز و جەماوەرێکی خۆڕسکە لە ناو یەکێتی بەڵکو خاوەن بڕیاریشە و یەکێکە لەو مەکتەب سیاسیانەی کە بە شانازییەوە بە دەنگی شەرعی خۆی بووە بە مەکتەب سیاسی و هیچ کەس ناتوانێ ئەو پەراوێز بخات".

 



نوسینەكەی كاروان مەحمود سەنگاوی

کۆتا پەیام بۆ پارتی

کاروان مەحمود سەنگاوی

ئاشکرایە کە ئێمەیەک کە هەموو تەمەنی خۆمان و کەسوکارمان و خوێنی ئازیزان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانمان بەخشیتوەتە گەل و نیشتیمانەکەمان و لە پێش زۆربەی جەنراڵەکان و سیاسیە مایەپووچەکانی ناو پارتییەوە ملی ڕێگای ڕزگای خاکی کوردستانمان گرتووە لە هەمووان زیاتر پەرۆشی یەک ڕیزیی و یەک پارچەیی خاکی کوردستانمانە و چەندین جاریش هاوڕێ و هاوسەنگەرانمان لە بۆنە و مەراسیمە جیاوازەکاندا باسی مەترسیەکانی لێکترازان و دابەشبوون و دووبارە بوونەوەی دوو ئیدرەیییان کردوە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و مەترسی دووبارەبوونەوەی شەڕی نەگریسی ناوخۆ، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پارتی چەندین جار ئاگادار کراوەتەوە کە ئێمەی ماندووانی ناو یەکێتی چیتر قبوڵ ناکەین ماف و حەقەکانمان لە لایەن پارتی ەوە زەوت بکرێت و زۆنەکەمان لە خێر و بێرەکانی هەرێمەکەمان بێ بەش و مەخدوور بکرێت، تاکو ئێستا لەبەر خاتری خاترداران و خەڵکی کوردستان و خەمی میللەتەکەمان و دابەشنەبوون و لێکترازان دانمان بە خۆماندا گرتووە و باجی زۆرمان لە نەرمی نواندن لە بەرامبەر پارتیدا داوە بەڵام چیدی بەدڵنیاییەوە یەکێتیەکان وەک جاران لە حەقە خوراوەکانیان خۆش نابن.
لە دوای بڵاوبوونەوەی وتەکانی باوکم هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی دەربارەیی بە کارێزما نەبوونی مەسعود بارزانی و ئەو بێ ڕێزیەی پارتی و سەرۆکەکەی لە مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا دەرحەق بە یەکێتی و ڕابەرمان هەڤاڵ مام جەلالیان کرد پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەوە بۆ خوارەوە، لە سەرۆکەوە بۆ ئەندام، لە وەزیرەوە بۆ گزیر، لە وتەبێژەوە بۆ مەسینە هەڵگر، هەموو حیزبەکە بە خۆیان و کەناڵەکانیانەوە کەوتوونەتە خۆیان و وەها شپرز بوون مەکتەب سیاسیەکەیان کاتژمێر ١٢ی شەو بەپەلە پڕزوکێ بەیانامەیەکی هەلەق و بەلەقیان بڵاو کردۆتەوە کە جگە لە هێرشێکی بێ ئەدەبانەدا بۆ سەر ئێمە چەندەها بوختان و تۆمەتی بێ بنەمایان داوەتە پاڵمان کە ئەمە لە کاتێکدایە دەزگا بێزراوەکەی بارزانی و کەناڵە فەرمیەکانیان ڕایانگەیاند بوو کە ئێمە لە ئاستی ئەوەدا نین ئەوان جوابمان بدەنەوە بەڵام شپرزەییەکەیان بە جۆرێکە کە لە سەرجەم دەزگاکانیانەوە بە هەڵپە لە هەوڵی ناشرینکردنماندان و پاشان لە ڕێگەی چەند هەلپەرست و دۆڕاوێکی سیاسی و ڕابردوو گڵاو و کەم و بچووک و بێ سەنگ و قورساییەوە وتەکانی باوکم بە پەیڕەو کردنی سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان دادەنێن، بەڵام بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرایە کە ئەوە بارزانییە بۆ کورسیەکەی و داگیرکاریی تاکو ئێستا لە هیچ خیانەتێک نەسڵەمیونەتەوە. قسەکانی باوکم کە خودی خۆی کردویەتی خۆشی و ئێمەش لێی بەرپرسیارین و ئەگەر قسەکانیش ڕاست و بە بایەخ نەبووبا پارتی بەم جۆرە نە ئەکەوتە ئینزاروە و ئاوە بە حەساسیەت شتەکەیان وەرنەئەگرت. ڕای ئێمە لەوانەیە تەعبیر لە ڕەئی ڕەسمی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەکات بەڵام ئاشکرایە کە ئەوە بۆچوونی زۆرینەی ئەندام و لایەنگران و جەماوەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و تەنانەت لایەنگرانی ئەو حزبانەشە کە پاڵیان داوە بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە پێناو بەدەستهێنانی پلە و پۆست و ئیمتیازات.
پێویستە بە بیری پارتی و هاوئاوازەکانی بهێنینەوە ئەوە ئێمە نەبووین و پارتی بوو بە پلانی ئابووری سەربەخۆ ژیانی مووچە خۆرانی کوردستانی برد بەرەو ئاقارێکی خراپ، ئەوە ئێمە نەبووین بە ڕیفراندۆمی درۆینە و کێشەی شەخسی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکومەتی عێراق چارەنووسی میللەتێک ڕووبەڕووی مەترسی لە ناوچوون بکەینەوە، ئەوە ئێمە نەبووین بەبێ تەقە شنگالمان چۆڵ کردبێت و ئێزدیەکانمان تەسلیمی داعش کردبێت، ئەوە ئێمە نەبووین لە پێناو دزی و تاڵانکردنی نەوت و دەسکەوتی زیاتر قەیرانی ئابووری تووشی کوردستان بکەین و دوایش بەسەرێکی شۆرەوە بگەڕێینەوە عێراق، ئەمانە و هەزار داستانیتر دەسکەوتی پارتی و بارزانیە کە نەک ناتوانن نکۆڵی لێبکەن بەڵکە پەڵەیەکی ڕەشیشە بە ناوچاوانیانەوە و پێیان عەیبە لێشی بدوێن مەگەر لە ڕێگەی ئەندامە دەستە پاچەکانیانەوە نەبێت.
جەنابی کاک مەسعود بارزانی، کە خەونی لە مێژینەی بوون بە مەرجعەی باڵای کوردە، ئەبوو وەک خەمخۆری کورد هەستایە بە نێوەندگیری نێوان لایەنە سیاسیەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان نەک لە پێناو پۆستی زیاتر بۆ حیزبەکەی ببێتە هۆکاری دروستکردنی کێشەی زیاتر بۆ نێو ماڵی سیاسی کورد. بارزانی زیاتر وەکو سەرۆک حزبێک تەعامول لەگەڵ کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان و پرسە نەتەوەیەکاندا دەکات. بارزانی، خۆی و حزبەکەی بە درێژایی مێژووی خۆیان داینەمۆی سەرهەڵدانی کێشە سیاسیەکان و نەتەوەییەکان بوون یاخود تەرەفی سەرەکی بوون تێیدا نەک لە باشووری کوردستان بە تەنها بەڵکو لە سەرجەم پارچەکانی تری کوردستانیش.
لە کۆتاییدا، بە قەولی ئەوان گوایە کە لەبەر ئەوەی من پۆستم وەرنەگرتووە و باوکم بایەخی نەماوە لە ناو یەکێتی دا ئەم قسانە دەکات، ئاشکرایە بۆ هەموو لایەک ئەوەتەی مەحمود سەنگاوی هەیە چی ویستبێت و چی لا باشبووبێت بێ ترس و هیچ دوو دڵییەک ووتویەتی و بۆ یەک سانیە دەستبەرداری بیروبۆچوونەکانی خۆی نەبووە لە پێناو خۆ شیرین کردن لەلای پارتی و بنەماڵەی بارزانی، جا با نەیارانیش دڵنیابن و باش بزانن، مەحمود سەنگاوی نەک خاوەن پێگەیەکی بەهێز و جەماوەرێکی خۆڕسکە لە ناو یەکێتی بەڵکو خاوەن بڕیاریشە و یەکێکە لەو مەکتەب سیاسیانەی کە بە شانازییەوە بە دەنگی شەرعی خۆی بووە بە مەکتەب سیاسی و هیچ کەس ناتوانێ ئەو پەراوێز بخات، باوکم زۆر جار لە ڕابردوو ئێستاشدا چانسی ئەوەی هەبووە پۆست وەربگرێت و زۆ ئاسانیشە بۆ ئەو کە هەر پۆستێک بۆ ئەو بشێت وەریبگرێت لەبەر ئەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و حیزبەکەشمان شایەتی خەبات و ماندووبوون و ڕابردووی پڕ شانازی بۆ ئەدەن کە ئەگەر لە زۆر کەس و بنەماڵە و تەنانەت حیزبیش زیاتری نەکردبێت بۆ کوردستان کەمتری نەکردووە، مەحمود سەنگاوی هەر مەحمود سەنگاویە لە هەر پلە و پۆست و شوێنێکدا بێت یا نەبێت و ئامانجی ئێمە خۆشگوزەرانی و ئازادی و سەربەخۆی گەلەکەمانە نەک پۆست وەکوو هەنێک کەس کە ئەشقی پۆست و کورسی خیانەت نەما پێیان نەکات و قەیران نەما نەیکەن بە بەشی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×