سێ په‌رله‌مانتاره‌كه‌: سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی ببێته‌ هۆی پابه‌ندبون به‌ یاسای بودجه‌ به‌ ئیجابی ده‌زانین
  2019-06-20       1848       

سێ په‌رله‌مانتاری له‌فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان، نه‌وه‌ی نوێ، كۆمه‌ڵ ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا ببێته‌ هۆی پابه‌ندبون به‌ یاسای بودجه‌ی 2019ی عێراق و هه‌نگاونان به‌ ئاڕاسته‌ی دروست بۆ چاره‌سه‌ری یه‌كجاری دۆسیه‌ی نه‌وت، ئه‌وا به‌ ئیجابی ده‌زانین.

ئاوێنه‌: نێچیرڤان بارزانی، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدێك، له‌یه‌كه‌م گه‌شتیدا دوای ده‌ستبه‌كاربونی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم گه‌یشته‌ به‌غدای پایته‌خت و به‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران، به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمارو محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقدا كۆبوه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی له‌دوای كۆبونه‌وه‌كانی له‌به‌یاننامه‌یه‌كی كورتدا رایگه‌یاند"ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ به‌ڕێزان سەرۆک وەزیران، سەرکۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبومەوە و دوپاتم کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ئامادەیە سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ حکومەتی فێدرالی عێراق بەپێی دەستور چارەسەر بکات و له‌ هه‌مو بواره‌کاندا هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی بکه‌ین."

ئەحمەدی حاجی رەشید په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی، سەرکەوت شەمس په‌رله‌مانتاری نه‌وه‌ی نوێ و هۆشیار عەبدوڵا په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌مڕۆ له‌به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا رایانگه‌یاند"پابەندبون بە یاسا چارەسەری مەلەفی نەوت دەکات، نەک رێکكەوتنی سیاسیی ژێر بەژێر!"

ئه‌و سێ په‌رله‌مانتاره‌ وتویانه‌"‎ ئێمە لە هەفتەی رابردودا و لە چوارچێوەی هەوڵەکانمان بۆ چارەسەری دەستوری و یاسایی کێشەکانی نەوت لە عیراقدا، خاڵێک کە جەختمان لێکردۆتەوە چارەسەری مەلەفی نەوت و کێشەی موچە و بودجەی هەرێمە لەرێگەی دەستور و یاساکانی عێراق."

ئه‌وه‌شیان خستۆته‌ڕو"‏‎لەو چوارچێوەیەدا هانی هەرهەوڵێکی دولایەنەی هەرێم و بەغداد ئەدەین بۆ کۆتایهێنان بە کێشە و قەیرانەکانی نێوانیان لەسەر بنەمای دەستور و یاسا، بەلامانەوە گرنگە درەنگ وەختیش بێت هەرێم پابەند بێت بە یاسایی موازەنەی ۲٠۱۹ ەوە."

له‌به‌یاننامه‌كه‌یاندا هاتوه‌"‏‎دوای هەوڵەکانی ئێمە لە بەدواداچون بۆ مەلەفی نەوتی هەرێم لە دادگای فیدراڵی سەرەرای کاردانەوە ناعەقڵانیەکان و هەوڵی تەخوینکردن و دروستکردنی دەیان تۆمەت."

وتوشیانه‌"سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغداد ئەگەر ببێتە هۆی پابەندبون بە یاسای بودجەی ۲٠۱۹ و هەنگاونانیش بە ئاراستەی دروست بۆ چارەسەری یەکجاری مەلەفی نەوت لەسەر بنەمای دەستور بە ئیجابی دەزانین، بە پێچەوانەوە ئەگەر بۆ خۆدزینەوە بێت لە پابەندبون بەیاسای موازەنە و هەوڵ بێت بەئاراستەی رێکەوتنی ژێربەژێری سیاسیی لە سەر مەلەفی نەوت ئەوا کێشەکان نەک وەک خۆی دەهێلتەوە بەلکو قوڵتریان دەکاتەوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×