به‌پێی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق،
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، نێچیرڤان بارزانی له‌میانی دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی
رایگه‌یاندوه كه له‌دوای ده‌ستبه‌كاربونی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم سوربوه له‌سه‌ر
ئه‌وه‌ی به‌غدا یه‌كه‌م وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كانی بێت، چونكه "پایته‌ختمانه"
ئاوێنه: نێچیرڤان بارزانی، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه،
به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدێك، له‌یه‌كه‌م گه‌شتیدا دوای ده‌ستبه‌كاربونی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم
گه‌یشته به‌غدای پایته‌خت و به‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه له‌عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك
وه‌زیران، به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمار‌و محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقدا
كۆبوه‌وه.
نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر
له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ناوه‌ڕۆكی دیداره‌كه‌ی نێوان عادل عه‌بدولمه‌هدی و نێچیرڤان
بارزانی خسته‌ڕو.
به‌پێی به‌یاننامه‌كه له‌دیداره‌كه‌دا، عادل عه‌بدولمه‌هدی وێڕای
پیرۆزبایی له‌نێچیرڤان بارزانی به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربونی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم، جه‌ختی
له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و گرنگی كاریی هاوبه‌ش و هاریكاریی نێوان هه‌ردولا
له‌پێناو به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی عێراق له‌نێویشیاندا
هاوڵاتیانی هه‌رێم كردۆته‌وه.
هه‌روه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختیشی له‌سه‌ر كاركردن وه‌ك یه‌ك تیم
به‌شێوه‌یه‌كی دۆستانه و راشكاوانه بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م پرسه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان
و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه ئیجابییه‌كان و جێبه‌جێكردنی ده‌قی ده‌ستور و هه‌روه‌ها
پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ تاوتوێكردن و چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م دۆسیه‌كان و
هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوی كرداریی له‌و روه‌وه كردۆته‌وه.
له‌به‌یاننامه‌كه‌دا هاتوه كه "لای خۆیشییه‌وه سه‌رۆكی هه‌رێمی
كوردستان وتی: سوربوم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌غدا یه‌كه‌م وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كانم بێت،
چونكه پایته‌خته فیدراڵه‌كه‌مانه، ئێمه‌و سه‌رجه‌م سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی
كوردستان و گه‌لی كوردستان وا سه‌یری به‌غدا ده‌كه‌ن كه قوڵایی ستراتیژی ئێمه‌یه،
ئیراده‌یه‌كی جددیمان هه‌یه بۆ تێپه‌ڕاندن و چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م ناكۆكییه‌كان
و پرسه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان."
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه پێشتر نێچیرڤان بارزانی له‌دوای
كۆبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراقدا له‌به‌یاننامه‌یه‌كی كورتدا
رایگه‌یاندبو"ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ به‌ڕێزان سەرۆک وەزیران، سەرکۆمار و سەرۆکی
ئەنجومەنی نوێنەران کۆبومەوە و دوپاتم کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ئامادەیە سەرجەم کێشە
ھەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ حکومەتی فێدرالی عێراق بەپێی دەستور چارەسەر بکات و له هه‌مو
بواره‌کاندا هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی بکه‌ین."