عەلی شەمخانی: لێدوانەكانی ترەمپ بەجددی وەرناگرین
  2019-06-21       819       

عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بەجددی وەرناگرێت و دەشڵێت؛ ئێران، نە عێراقەو نە ئەفغانستان.

ئاوێنە: عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنحومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لەمیانی بەشداریكردنی لەبەرنامەیەكی كەناڵی روسیا تودەی-دا، رایگەیاند، ئەو سیاسەتەی سزاكان و شەڕی ئابوری كە ئەمریكا پەیڕەوی دەكات دژبە گەلی ئێران، ئەنجامی نابیت.

وتیشی"ئەوە سیاسەتێكی دوژمنكارانەیەو لەكۆتاییدا تێكدەشكێنرێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو كە ئێران 15 دراوسێی هەیەو ئەوەش بەقسەی ئەو وادەكات كە سزاكانی ئەمریكا لەسەر وڵاتەكەی تێكبشكێنرێن.

جەختیشی كردەوە كە سیاسەتی وڵاتەكەی سیاسەتێكی رونەو پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە دەكات بەتایبەت لەم دۆخەی جێهاندا لەپەیوەست بە بواری وزەوەو وتیشی"تاران هێرش ناكاتە سەر هیچ لایەنێك، بەڵام ئەگەر هێرشمان بكرێتە سەر ئەوا پەلاماردەرەكە پەشیمان دەبێتەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو كە بونی سەربازیی بیانی بەتایبەتی بونی سەربازیی ئەمریكا لەكەنداو، هۆكاری ئاڵۆزكردنی ناوچەكەیە كە بەقسەی شەمخانی باشترین نمونە بۆ ئەوەش، پشتیوانیكردنی ئەوان(ئەمریكییەكان) بو بۆ عێراق لە شەڕیدا دژ بە ئێران و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و لەكۆتاییشدا داگیركردنی كوەیت. وتوشیەتی"هەمو ئەمانە بە چرای سەوزی ئەمریكا ئەنجام دران."

ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە وڵاتەكەی لێدوانەكانی ترەمپ بەجددی وەرناگرێت و وتوشیەتی"بەڵام لەكۆتاییدا دەبێت حسابێك بكەین، چونكە كۆماری ئیسلامی ئێران، نە عێراقەو نە ئەفغانستان."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×