په‌رله‌مانتارێكی‌ گۆڕان داوا له‌داواكاری‌ گشتی‌ عێراق ده‌كات لێپرسینه‌وه‌ له‌نێچیرڤان بارزانی‌‌و رێباز حه‌ملان بكات
  2019-06-21       1619       

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه‌ ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتووه‌، په‌رله‌مانتارێكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان داوا له‌داواكاری‌ گشتی‌ عێراق ده‌كات لێپرسینه‌وه‌ له‌نێچیرڤان بارزانی‌‌و رێباز حه‌ملان بكات، به‌هۆی‌ پێنه‌دانی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌.

ئاوێنه‌: به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌، غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق رۆژی‌ 23/5/2019، داوای‌ له‌داواكاری‌ گشتی‌ عێراق كردووه‌ كه‌ دەسەڵاتە دەستوریی‌و یاساییەکانی خۆی‌ به‌كاربهێنێت بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌هه‌ریه‌ك له‌نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و رێباز حه‌ملان وه‌زیری‌ دارایی‌و هه‌ر به‌رپرسێكی‌ دیكه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ به‌رپرسن له‌پێنه‌دانی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم‌و خواردنی‌ مافی‌ هاوڵاتیان.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌نوسراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ عێراق بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆری‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ناردووه‌، به‌ڵام حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌و پاره‌یه‌ به‌شه‌فافی‌ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم خه‌رجناكات، له‌به‌رامبه‌ردا هیچ  به‌رپرسێكی‌ په‌یوه‌ندیدار له‌حكومه‌تی‌ عێراق به‌رگریی‌ له‌هاوڵاتیان‌و مافه‌كانایان ناكات، له‌كاتێكدا ئەم بابەتە چه‌ندین ساڵه‌ دوبارە دەبێتەوەو بەردەوامیشە.

لای‌ خۆیه‌وه‌ غالب محه‌مه‌د ناوه‌رۆكی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ی‌ پشتراستكرده‌وه‌و به‌ئاوێنه‌ی‌ ڕاگەیاند، "داواکاری گشتی تاکو ئێستا هیچ ڕونکردنەوەیەک یاخود وەڵامێکی نەداوەتەوە، ئەگەر تا ئەم مانگە وەڵامم نەداتەوە، ئەوا کەیسەکە ده‌به‌مه‌ دادگای ئتیحادی‌و ئیداریی، بۆئەو مەبەستەش بەشێوەیەکی باش ئامادەکاریم کردوە، پشت بەخواو هاوڵاتیان بەردەوام دەبین بۆگەڕاندنەوەی مافی هاوڵاتیان".

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×