"هێشتا ناوی كاندیدی وەزارەتەكان پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق نەكراون"
  2019-06-22       607       

هەرچەندە بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا دەنگدان لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكومەت بەڕێوەبچێت بەڵام تا ئێستا، ناوی كاندیدانی ئەو چوار وەزارەتەی ماون پێشكەش بە پەرلەمان نەكراون. پەرلەمانتارێكی عێراق دەڵێت؛ سەرۆك وەزیران بە نوسراوی رەسمی ناوی كاندیدەكان رەوانەی پەرلەمان بكات یاخود خۆی لەپەرلەمان ئامادە بێت و راستەوخۆ ناوەكان پێشكەش بكات كاریگەری لەسەر یاسایی بون دەنگدان لەسەر ئەو كاندیدانە نابێت.

ئاوێنە: بەپێی قسەی فالح عیساوی، وتەبێژی كوتلەی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان، سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەركردەی كوتلە سیاسییەكان بەر لە دەستپێكردنی دانیشتنەكە كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بگەنە دیدێكی كۆتایی لەسەر پرسی متمانەدان بە تەواوكردنی كابینەی حكومەت.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە پەرلەمان و سەرۆكایەتی پەرلەمان ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی تەواوكردنی كابینەی حكومەت هەركات لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە ناوی كاندیدەكان پێشكەشی پەرلەمان بكرێن.

ئاماژەی بەوەشداوە كە سەرۆك وەزیران خۆی ئامادەی پەرلەمان بێت و ناوەكان بەشێوەیەكی راستەوخۆی لەدانیشتنەكەدا پێشكەش بكات یاخود بەشێوەی نوسراوی رەسمی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان بكات، ئەو رێكارانە هیچیان كاریگەرییان لەسەر یاساییبونی دەنگدان بۆ تەواوكردنی كابینەی حكومەت نابێت.

سەبارەت بەوەی ئایا ناوی كاندیدەكان بۆ ئەو چوار وەزارەتەی ماون یەكلابونەتەوە، ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرایكردوە كە بۆ وەزیری بەرگری كە ئیستحقاقی سوننەكانە، لەماوەی چەند رۆژی رابردودا كۆبونەوەی بەردەوام هەبوە لەپێناو دیاریكردنی كەسێكی پیشەیی و سەربازیدا بۆ ئەو وەزارەتەو رێككەوتن لەسەر دو ناو كراوە لەنێوان هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان و پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی وەتەنییەدا كە بریتین لە لیوا سەڵاح حەریری و لیوا نەجاح شەممەری و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران سەرپشك كراوە لەوەی كام لەو دو ناوە بەگونجاو دەزانێت بۆ ئەوەی پێشكەشی بكات.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە بۆ وەزارەتی پەروەردەش كە ئیستحقاقی میحوەری وەتەنیەو بەدیاریكراوی كوتلەی مەشروعی عەرەبیە، تەنها ناوی یەك كاندید پێشكەش كراوە كە بریتییە لە سەفانە حەمدانی، سەبارەت بە وەزارەتی دادیش ناوی دادوەر رزگار عەلی پێشكەش كراوە و بۆ وەزارەتی ناوخۆش كە ئیستحقاقی هاوپەیمانی بینایە بەپێی زانیاری ئێمە ناوی چەند كەسێك پێشكەش كراوە كە لەنێویاندا فەریق عەبدولغەنی ئەسەدی هەیە.

پەرلەمانتارەكەی عێراق جەختی كردۆتەوە كە ئەمڕۆ تۆپەكە لە گۆڕەپانی سەرۆك وەزیراندایە بۆ ئەوەی لەپەرلەمان ئامادە بێت یاخود بە نوسراوی رەسمی ناوەكان پێشكەش بكات، بۆ ئەوەی ئەو چوار وەزارەتە هەمویان یان زۆربەیان دەنگیان لەسەر بدرێت.

بڕیارە كەمێكی تر(سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ)، دانیشتنی پەرلەمان دەست پێبكات كە یەكێك لە بڕگەكانی دەنگدانە لەسەر تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەی حكومەت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×