هۆكاری لابردنی بڕگەی تەواوكردنی پێكهاتەی حكومەت لەدانیشتنەكەی پەرلەماندا ئاشكرادەكرێت
  2019-06-22       559       

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی حیكمە لەپەرلەمانی عێراق هۆكاری لابردنی بڕگەی دەنگدان لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكومەت لەكارنامەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەماندا بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە حكومەت ناوی هیچ كاندیدێكی رەوانەی پەرلەمان نەكردوە.

ئاوێنە: خالید جەشمەعی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی حیكمە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هۆكاری لابردنی ئەو بڕگەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكومەت ناوی هیچ كاندیدێكی بۆ پەرلەمان نەناردوە ئەوەش پەرلەمانی ناچاركردوە ئەو بڕگەیە لە كارنامەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆیدا لاببات.

ئەو پەرلەمانتارە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەوە لەكاتێكدایە حكومەت دوێنێ خۆی پەرلەمانی ئاگاداركردۆتەوە، ئەو بڕگەیە زیادبكرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە كە پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە بڕگەی دەنگدان بە تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەی حكومەت لە تەواوی دانیشتنەكانی داهاتوی پەرلەماندا جێگیربكرێت تا ئەو كاتەی یەكلایی دەكرێتەوە.

سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، كارنامەیەكی نوێی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی بڵاوكردەوە كە تێیدا بڕگەی دەنگدان بە تەواوكردنی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی لە كارنامەكەدا لابراوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كارنامەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی بڵاوكردبوەوەو دەنگدانی بە تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەی حكومەت لە بڕگەی یەكەمدا دانابو.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×