ئێران: تەقاندنی یەك فیشەك بە ئاڕاستەی ئێمە، ئاگر لەبەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بەردەدات
  2019-06-22       1273       
كەشتییەكی ئێرانی لەكاتی هەڵدانی موشەكێكدا لە یەكێك لە مانۆڕەكاندا. ئەرشیف

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری هێرشكردنە سەر ئێرانی راگرت، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، روبەڕوی هەر هێرشێك دەبینەوە. وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی ئێرانیش دەڵێت: تەقاندنی یەك فیشەك بە ئاڕاستەی وڵاتەكەی، ئاگر لەبەرژەوەندییەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لەناوچەكە بەردەدات.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دوێنێ رایگەیاند، بەنیازبون وەڵامی ئێران بدەنەوە بەهۆی خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمەریکاوە لەئاسمانی کەنداو، بەڵام بەر لەهێرشکردنە سەر سێ ئامانجی دیاریکراو، بڕیاری داوە هێرشەکە ئەنجام نەدرێت.

عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، لەوبارەیەوە رایگەیاند، بەدەر لە هەر بڕیارێك كە ئەمریكییەكان بیدەن، رێگەنادەین هیچ دەستدرێژییەك بكرێتە سەر خاكی ئێران و ئامادەین روبەڕوی هەر هێرشێك بۆ سەر سەروەری كۆماری ئیسلامی ئێران ببینەوە.

جەختیشی كردەوە كە بڕیارەكانیان لەژێر كاریگەری ئەمریكییەكاندا نابێت و هەر هەڕەشەیەك یان دەستدرێژییەك هەبێت روبەڕوی دەبینەوە.

لەلایەكی دیكەوە ئەبوفەزڵ شكارچی، وتەبێژی باڵای هێزە چەكدارەكانی ئێران، رایگەیاند، هەر هەڵەیەكی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لەناوچەكە دژ بە ئێران وەك ئەوەیە فیشەك بنێن بە كۆگای باروتەوە كە هەم ئەمریكاو بەرژەوەندییەكانی و هەم هاوپەیمانەكانیشی لەنێو ئاگری ئەو كۆگایەدا دەسوتێن.

شكارچی هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە كاتێك ئێران دەڵێت لەگەڵ جەنگ نین ئەوە لەڕوی لاوازی خۆی و بەهێزی دوژمنەوە نییە بەڵكو بە مانی ئەوەیە كە ئێران هیچ كات دەستپێشخەریی شەڕ نەبوەو نابێت بەڵام "ئەگەر بچوكترین هەڵە لەدوژمنەوە بكرێت، روبەڕوی گەورەترین كاردانەوەی ئێران لە ناوەڕاست و رۆژئاوای ئاسیا دەبنەوەو بێگومان ناتوانن بە سەلامەتی لێی دەرچن."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×