پارتی‌و ئاكەپە: لەدۆستایەتی واوەتر
  2019-06-22       2448       

ئا: ئاوێنە

 


توركیا یەكەم ویستگەی گەشتەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی نوێی هەرێم بو بۆ دەرەوەی وڵات، ئەمەش بایەخ‌و گرنگی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان‌و بۆ پارتی‌و بۆ ماڵی بارزانیش دەردەخات.

لەنێو ئەو میوانە دەرەكیانەی رۆژی 10ی خوزەیران لەرێورەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێمدا لەهۆڵی سەعد عەبدوڵا ئامادە بون، مەولود چاوش ئۆغلوی وەزیری دەرەوەی توركیا لەهەمویان دیارتر بو، هەربۆیە لەڕیزی پێشەوەدا لەنێوان سەرۆكی نوێی هەرێم نێچیرڤان‌و ‌و سەرۆكی راسپێردراوی حكومەت مەسرور بارزانیدا دانرا بو.


بۆچونی جیاواز هەیە سەبارەت بەسەرەتاکانی پەیوەندیی نێوان پارتی‌و دەوڵەتی توركیا، بەشێك پێیانوایە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی ئەیلول‌و تیرۆر كردنی دكتۆر سه‌عید قرمزی تۆپراک "دکتۆر شڤان"‌و هاوڕێكانی كە بەفەرمانی سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلول لەساڵی 1971دا لەگەڵاڵە كوژران. بەشێكیی دیكەش پێیانوایە میتی توركی پشتیوانی پارتی كردوە لەبەرامبەر یەكێتیدا لەكاتی كارەساتی هەكاریدا.


یەكەم پەیوەندی فەرمی‌و راگەیاندراوی نێوان پارتی‌و یەكێتی ئەو كاتە بو كە دوای راپەڕینی 1991، "تۆرگۆت ئۆزال"ی بەبنەچە كورد سەرۆكی توركیا خوازیاری چارەسەر كردنی كێشەی كورد لەباكور‌و یارمەتیدانی كورد لەباشور بو، ئەو پێشوازی لەتاڵەبانی‌و بارزانی كرد لەئەنقەرە‌، بەڵام زۆری نەخایاند ئۆزال لەهەلومەرجێكی نادیاردا گیانی سپارد.


ئەوەی جێی سەرنجە هەر لەسەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەردو سەركردەی پارتی‌و یەكێتی لەپێناو رازیكردنی توركیادا دژایەتی خۆیان بۆ بونی پەكەكە لەقەندیل‌و هەرێمی كوردستاندا راگەیاند، بەڵام ئەم هاوكارییەی پارتی‌و یەكێتی دژ بە پەكەكە هەرزو درزی تێكەوت بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆوە.


بەحوكمی هەڵكەوتەی جوگرافیی ئەو ناوچانەی لەبندەستی ئەم دو هێزە بەشەڕهاتوەدا بون، توركیا بوە عەرابی پارتی‌و ئێرانیش بوە عەرابی یەكێتی. كاتێك یەكێتی تەنگی بەهێزەكانی پارتی هەڵچنی، توركیا راستەوخۆ لەڕێگەی فڕۆكە جەنگییەكانیەوە لەبەرژەوەندی پارتی دەستێوەردانی كردو چەندین بنكەی سەربازیشی لەدەڤەری بادینان دامەزراند.


لەگەڵ هاتنە سەركاری ئاكەپەو ئەردۆغان لەتوركیا‌و دەرهێنانی نەوت‌و غاز لەهەرێمی كوردستان، ئەم پەیوەندییانەی نێوان پارتی‌و ئاكەپە هەرچی زیاتر توندوتۆڵ بون، ئەگەرچی لەدو بڕگەی چارەنوسسازدا دەسەڵاتی ئاکەپە پشتی كردە پارتی، لەكاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر هەولێر‌و لەئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمدا، ئەمەش جۆرێك لەگومانی پارتی بەرامبەر بەتوركیا دروستكرد، بەڵام نەگەیشتنە رادەی لێكدابڕان‌.


لەپاش ئەو دو روداوەش، نێچیرڤان شێلگیرانە هەوڵیداوە پردی پەیوەندییەكی تۆكمە لەگەڵ توركیادا دروستبكاتەوە، چونكە توركیا زیاد لەهۆكارێك بۆ پارتی‌و مانەوەی گرنگ بوە لەڕوی سیاسی‌و ئەمنی‌و سەربازی‌و ئابوریشەوە. لەخۆڕا نییە كە لەم ساتەوەختەدا ئەردۆگان، نێچیرڤان بە"میوانێكی تایبەت" ناودەبات، بەتایبەتی کە لەهەڵبژاردنی سەرۆكی شارەوانی ئەستەنبولدا دەنگی كورد بۆ ئاكەپە مەسەلەی مەرگ‌و ژیانە.


سەرباری ئەو هەڵوێستانەی ئەردۆغان‌و ئاكەپەش بەرامبەر بەپارتی‌و بارزانی لەکاتی هێرشی داعش‌و ریفراندۆمدا، هێشتا چەندین هۆكار هەن وادەكەن لەپەیوەندییان لەگەڵ پارتی‌و ماڵی بارزانی لەدۆستایەتی واوەتر بڕوانن.


توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی لەنزیكەوە چاودێریی بارودۆخی هه‌رێم دەكات، كوردستان هەم لەڕوی ئەمنیەوە جێی بایەخە بۆ توركیا‌و هەم لەڕوی ئابوریی‌و سیاسیشەوە، هەر گۆڕانكارییەكی ئەمنی‌و سیاسی‌و ئابوری لەهەرێمی كوردستاندا روبدات، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەو وڵاتە دەبێت، بۆیە زۆر مەبەستیانە پارتی‌و بارزانی لەهەرێمی كوردستاندا بەباڵادەستی بمێننەوە.


لەڕوی ئابورییەوە، ئێستا هەرێمی كوردستان دووەم شەریكی بازرگانی توركیایە لەئاستی جیهاندا (لەدوای ئەڵمانیا)، که‌ ساڵانە بەبڕی زیاتر لە 12 ملیار دۆلار شمەكی توركی هاوردە دەكات. سەدان كۆمپانیای توركی لەهەرێمی كوردستاندا كاردەكەن‌. هه‌روه‌ها ئەو یەدەگە گەورەیەی لەنەوت‌و گازدا كوردستان هەیەتی بایەخێكی گەورەی هەیە بۆ ئابوری توركیا، بەئەندازەیەك كە شارەزایەكی بواری وزە ئەمە بە"دەرچونی لۆتۆیەك بۆ توركیا" ناودەبات‌و باس لەگرێبەستێكی 50 ساڵەش دەكرێت لەنێوان نێچیرڤان‌و زاواكەی ئەردۆگاندا كە وەزیری دارایی‌و ئابوری توركیایە.


لەڕوی ئەمنییەوە، توركەكان پەیوەندییەكی توندوتۆڵی ئەمنییان لەدوای ساڵی 1991ەوە لەگەڵ پارتیدا چێكردوە، كە بەشێكی فراوانی ناوچەكانی سەر سنوری توركیای بەدەستەوە بوە، لەساڵی 1994ەوە بنكەی سەربازیی‌و موخابەراتیان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دامەزراندوە‌و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەمە جگە لەوەی لەزانیاری گۆڕینەوە‌و كاری موخابەراتیدا میت‌و پاراستن پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان هەبوه‌.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×