په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان رونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر دوایین ده‌ستكاری بودجه‌ ده‌دات
  2019-01-10       746       
غالب محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عێراق

دوای ئه‌وه‌ی سێ جار ده‌ستكاری پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عێراق كراو تێیدا گه‌ره‌نتی ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و به‌شێك له‌ پێشمه‌رگه‌ به‌بێ راده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم كراوه‌، په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عێراق لایەنی باش و خراپه‌كانی له‌په‌یوه‌ست به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورده‌وه‌ ده‌خاته‌ڕو.

ئاوێنە، ئەیاد محه‌مه‌د: ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی گۆڕان، غالب محه‌مه‌د بەئاوێنەی ڕاگەیاند"دوای دەست كاری سێیەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق، بەتایبەتی دەستكاری بڕگەی (ج) لە مادەی (١٠)ی پرۆژە یاساكە کە زەمانەتی ناردنی موچەی فەرمانبەران (٦٨٢) هەزار و بەشێك لە پێشمەرگە دەکات بەبێ رادەستکردنی نەوتی هەرێم  كە مانگانە (٤٥٤) ملیار رەوانە دەکریت بۆ فەرمانبەران و بەشیکیش بۆ پێشمەرگە دەنێریت كە نزیكەكی (٦٧) ملیار دینار ده‌بێت."

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتیشی"لەئەگەری جێبەجێکردنی لایەنی خراپه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ کە بە پێی برگەی (ج) دەڵێت ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند نەبێت و داهاتی ناوخۆو نەوت رادەستی خه‌زێنەی عراق نەكرێت، وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نابێت بە هەناردەكردنی بەشە بودجەی هەرێم كە لە پڕۆژە یاساكە هەیە  جگە لە موچەی (٦٨٢) هەزار فەرمانبەرانی كە دەكاته‌ (٤٥٤)ملیار دینار لە گەڵ (٦٧) ملیار بۆ پێشمەرگە :"

به‌پێی قسه‌ی غالب محه‌مه‌د ئه‌وه‌ش ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی بڕینی 598 ملیارو 856 ملیۆن دیناری حاكمه‌ كه‌ خه‌رجده‌كرێت بۆ (دەرمان، كڕینی گەنم و جۆ لە جوتیارانی هەرێم، كرینی وزە ) چونكە وەك (٦٨٢) فەرمانبەرەكه‌ و بەشێك لە پێشمەرگە جیانەكراوەتەوە.

هه‌روه‌ك مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ ببێته‌ هۆی بڕینی پاره‌ی پەرەپێدانی پارێزگاكان كە په‌یوه‌ندی راستە و خۆی هەیە بە لامەركەزی و پرۆژە بۆ هاوڵاتیانی پارێزگاكان و وتوشیه‌تی"ئەو پارەیه‌ی كە لای هەرێمی كوردستان هەیە بە شێوەیكی نادادپەروەرانە سەرفدەكرێت و بێ گەرانەوە بۆ پارێزگاكان بەڵكو بە مەزاجی شەخسی سەرفدەكرێت."

وتوشیه‌تی"تەسلیم نەكردنی نەوت لە لایەن پارتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پارتی نایەوێت داهاتی نەوت بۆ هاوڵاتیانی هەرێم سەرفبكرێت و هەروەها سەرفنەكردنی پتڕۆدولاریش بۆ ئەو شوێنانەی كە وەك نمونە گەرمیان كە رۆژانه‌ زیاتر لە ٤٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت بەڵام یەك دیناریش بۆ هاوڵاتیان ئەو دەڤەرە نییە".

ئه‌وه‌شی وه‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ "دو مانگ پیش ئێستا باسی رێكەوتنێكی نهێنیمان كرد لە نێوانی (پارتی و عادل عبدالمهدی) كە نەوت تەسلیم نەكرێت بەڵام بەرامبەر بەوە پارەیەكی كەم بێت، ئەمەش سەره‌تاكەیەتی كە پارتی دەیەوێت كەس ئاگای لە داهاتی نەوت نەبێت جگە لە خۆی و خۆیشی بۆ كارە ناشەرعیەكانی خۆی بەكاری بهێنێت و مەسرور بارزانی بەم كارە دەیەوێت پڕۆژەیاسای بودجە بۆ هەرێم نەبێت بەمەش بە دڵی خۆی تەخشان و پەخشان بە پارەوە بكات و بێ ئەوەی بگەرێتەوە بۆ پەرلەمان و هیچ چاودێرییەکی لەسەربێت وەك چۆن ئیستا هەیە، هەروەها جێگیركردنی رێژەی 12.67 لە بودجەعیراق بۆ هەرێم دەبێت بە عورفێكی خراپ."


غالب محمد باسی لەبارەی لایەنی باشی پرۆژە یاساکەوە وتی"لایەنی باشیەكەی ئەوەیه‌ كە ڕێژەی پارەكە زیاد دەكات بۆ نزیكی ٥٠٠ ملیار دینار كە ئەگەر راستگۆ بن بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەتوانن موچەی فەرمانبەران بدەن بێ باشەكەوت و دەتوانن خزمەتگوزاری بە هاولاتیان بگەیەنن و نرخی سوتەمەنی كەم بكەنەوە و هەروەها ئەم هەمو باجە نایاساییانە نه‌هێڵن، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیه‌ ئایا بەرپرسانی هەرێم ئەمانە دەكەن؟"

هه‌رخۆی وه‌ڵامی دایه‌وه‌و وتی"بەندە وەك خۆم وەڵام بدەمەوە نەخیر، چونكە لە ٢٠١٤ دەتوانن موچەی فەرمانبەران بدەن بەڵام هەتا ئێستاش بە باشەكەوتەوە دەیدەن".

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×