هەرێم: داوای كەمكردنەوەی موچەی پلە باڵاكان دەكرێت
  2019-06-23       543       


لەگەردبونەوەیەكیدا لەبەردەم تەلاری پەرلەمانی كوردستان ژمارەیەك لەكەسایەتی‌و چالاكوان لەچوارچێوەی هەڵمەتی دادپەروەری داوای كەمكردنەوەی موچەی پلە باڵاكان دەكەن، لەراگەیەنراوێكیشیاندا داواكارییەكانیان ئاراستەی سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.


ئاوێنە: ئەمرۆ "یەك شەممە" گروپی هەڵمەتی دادپەروەری راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە كە تایبەتە بە موچە‌و موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان لەهەرێمی كوردستان، كە تێیدا هاتوە " موچەی بنەڕەتی پلە باڵاكان بۆ نیوەی ئێستای كەمبكرێتەوە, بۆ ئەوەی جیاوازی موچە كەمبكرێتەوە لە كوردستان كە بەرزترین رێژەیە لە جیهان، یاسای خانەنشینی پلە باڵاكان بە ئاستێك رێك بخرێت لە 2 ملیۆن زیاتر نەبێت بۆ ئەوانەی تەمەنی خانەنشینی دەیانگرێتەوە, ئەوانی دیش بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان".



راگەیەنراو

داواكارییەكانمان بۆ سەرجەم لیستەكانی پەرلەمان و رایگشتی كوردستان

لە نۆساڵی رابردودا كاتێك دەستپێشخەریمان كرد لە دۆسیەی خانەنشینی پلە باڵاكان تا هەنوكە كۆی گشتی 29 گردبونەوەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە باڵاكان و كەمكردنەوەی موچەی بنەڕەتیان ئەنجامداوە, هەمو جارەكان بە دوای چالاكیەكانماندا لە لیستە جیاجیاكان پڕۆژە یاسا پێشكەشكراوە، زۆر جار كەسی وا هەو واژۆی دەخستە سەر چەندین پڕۆژە یاسا, مخابن زۆربەی هەوڵەكانیان بۆ خۆ دەرخستن و دەنگ كۆكردنەوە وە, تا هەنوكە یەك پەرلەمانتار و پلە باڵا لە تاقیكردنەوەكە دەرنەچون كە لە خۆیانەوە دەستپێبكەن, تەنانەت ئەوانەش دەوڵەمەند ون یان لە پارتە دەسەڵاتدارەكان ون هیچ پێویستییەكیان بەو موچەیە نەو , لە بەرامبەردا لە خولی پێشوی پەرلەماندا بە یاسا بودجەی زەبلاحی بێ نمونە لە جیهانیان بۆ پارتەكانیان بڕیەوە, تا ئێستا نەیانتوانی پڕۆژە یاسایەك بۆ چاكسازی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان پێشكەش بكەن, راگەیاندنەكان لە لایەن ئۆلیگارشیە هەڵتۆقیوە سیاسیەكانەوە كۆنترۆڵ كرا بێ ئەوەی لەسەرچاوەی داهات و خەرجیەكانیان لێكۆڵینەوە بكرێت, ئێمە كە حیزبەكانمان لە ساڵی 1991 لە ئاوارەیی هێنایەوە كوردستان و كردمانن بە فەرمانڕەوای ئەم هەرێمەو سەركردەكانیشیانمان لە پیندۆزیەوە كردە ملیاردێر, ئەمڕۆ هیچ مافێك بە ئێمە بە رەوا نابینن, تەنانەت لە هۆڵە داخراوەكانیش چالاكیان لێ قەدەغە كردوین, دەبوایا بەرامبەر بەو هەمو قوربانیەی پێشكەشمان كرد وەفادار بونایا كە ئێستا ئەوان و نەوە لە دوای نەوەیان لێی دەخۆن, لیرەدا كۆمەڵێك داواكاری بۆ 29 یەمین جار دەخەینە بەردەم پەرلەمانتارانی خولی تازەی پەرلەمان لە لیستە جیاجیاكان بە هیواین پشتیوانی بن, هەرچەندە تەواو بێئومێد بوینەو متمانە بە سستەمی سیاسی نەماوە:

1- موچەی بنەڕەتی پلە باڵاكان بۆ نیوەی ئێستای كەمبكرێتەوە, بۆ ئەوەی جیاوازی موچە كەمبكرێتەوە لە كوردستان كە بەرزترین رێژەیە لە جیهان.

2- یاسای خانەنشینی پلە باڵاكان بە ئاستێك رێك بخرێت لە 2 ملیۆن زیاتر نەبێت بۆ ئەوانەی تەمەنی خانەنشینی دەیانگرێتەوە, ئەوانی دیش بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.

3- بودجەی پارتەكان كە زیاتر لە 1%ی بودجەی كوردستانە, كەمبكرێتەوە بە راستەوانە لە گەڵ بڕەكەی, واتا ئەو پارتانەی بەرزترین بودجەیان هەیە بەرزترین رێژەیان لێ كەمبكرێتەوە, بە ئاستێك كەمبكرێتەوە لە ملیارێك دینار بۆ مانگێك تێ نەپەڕێت بۆ هەر پارتێك.

4- موچەی بنەڕەتی لە هەنگاوی یەكەمدا بۆ هەمو ئەو هاوڵاتیانەی كوردستان ببڕدرێتەوە كە هیچ سەرچاوەیەكی داهاتیان نییە, لە داهاتودا هەمو هاوڵاتیانی كوردستان بگرێتەوە, بڕەكەی لە لایەن دەستەیەكی ئاوریزانەوە دیاریبكرێت, ریالیستی بێت لە گەڵ داهاتەكانی هەرێمی كوردستان, لە دابین كردنی ژیانێكی شەرافەتمەندانە بۆ سەرجەم خەڵكی كوردستان.


5- بەرپرسان و پەرلەمانتاران منداڵەكانیان بنێرنەوە بۆ قوتابخانە گشتیەكان, رێز لە كەرتی گشتی بە تایبەت پەروەردەو تەندروستی بگرن, كە خۆیان حاكمن بەسەریەوە.


هەڵمەتی دادپەروەری
23-6 هەولێر


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×