بوڵدان: هیوادارم ئەم دەنگانە نەك تەنها چارەنوسی ئیستەنبوڵ بەڵکو چارەنوسی تورکیاش بگۆڕێت
  2019-06-23       710       

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)، دوای ئەوەی لە یەكێك لە بنكەكانی دەنگدان لەهەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ دەنگیدا، هیوای خواست، دەنگدان نەك تەنها چارەنوسی ئیستەنبوڵ بەڵكو چارەنوسی توركیاش بگۆڕێت.

ئاوێنە: پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە بۆ ئەوەی کە بەشداری لەپرۆسەی دەنگداندا بکات چوە قوتابخانەی سەرەتایی موراد کولوک لەگەڕەکی فلۆریای ناوچەی باقرکۆی. بوڵدان لەلایەن ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی هەدەپە، پەرلەمانتاری هەدەپەی ئیستەنبوڵ زوڵێخا گولوم و دایکانی ئاشتییەوە پیشوازی لێکرا.

بوڵدان دوای دەنگدان لە لێدوانێکی کورتدا بۆ میدیاکان وتی"هیوادارام کە هەڵبژاردنی ٢٣ی حوزەیران بۆ گەلانی تورکیا ببێتە خێر. هیوادارم ئەم دەنگانەی ئەمڕۆ نەك تەنها چارەنوسی ئیستەنبوڵ بەڵکو چارەنوسی تورکیاش بگۆڕێت. سەرەڕای ئەوەی کە نەشتەرگەریم بۆکراوە بەڵام هاتم و بەشداریم لە دەنگداندا کردو ویستم بیسەلمێنم کە دەنگێکیش کاریگەری خۆی دەبێت. ئێمە بەردەوام دەڵێین کە دەنگێکیش دەتوانێت گۆڕانێک بخوڵقێنێت. لەسەرهەمان بیرکردنەوە دەنگی خۆم دەدەم. ئیستەنبوڵ چارەنوسی تورکیا دەگۆرێت، هەربۆیە من دەنگم دا."

هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە وتیشی"بریا دەنگەکانی ٣١ی ئادار پوچەڵ نەدەكرانەوە وئەم هەڵبژاردنە دوبارە نەدەكرایەوە. سەرەڕای ئەوەی کە دەستگیرا بەسەر ئیرادەی گەلدا بەڵام جارێکی تر بەشداریمان لە هەڵبژاردندا کرد. من دڵنیام کە دیموکراسی لەم سەندوقانە دێتەدەرەوە. ئاشتی، برایەتی و ئازادی لەسەندوقەکان دێتە دەرەوە. هیوادارم هەڵبژاردنی ئیستەنبوڵ ببێتە خێر بۆ هەموان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×