عەتا سەراوی بۆ پشتیوان سادق: شەرم دەكەم تۆ وەزیری پەروەردەی ئەم هەرێمەی
  2019-06-24       1396       

عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر پرسی كچە یەكەمە نیقاب پۆشەكە، بە پشتیوان سادق دەڵێت"هەست بەشەرم ئەکەم تۆ وەزیری پەروەردەیی ئەم هەرێمەی."

ئاوێنە: شەوی رابردو، لەڕێوڕەسمی راگەیاندنی ئەنجامی ئەزمونە گشتییەكان و راگەیاندنی خوێندكارە یەكەم و دوەم و سێیەمەكانی سەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە رێكخرابو. كچە خوێندكارێك بەناوی زەینەب، بە نیقابەوە دەركەوت و لەسەر ستەیج هاتە ریزی پێشەوەی خوێندكارە یەكەمەكان، بەڵام لەلایەن رێكخەرانی رێوڕەسمەكەوە برایە دواوە.

ئەو حاڵەتە كاردانەوەی توندی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێ كەوتەوەو وا لێكدرایەوە لەبەر ئەوەی ئەو كچە خوێنكارە نیقابە بۆیە براوەتە دواوە، هەرچەندە وەزارەتی پەروەردە ئەوە رەتدەكاتەوە.

عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی لەوبارەیەوە لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك وێرای ئەوەی وتویەتی كە خۆی نە نوێژ دەكات و نە پابەندیی ئایینی هەیە، بەڵام لەسەر ئەو كارەی رێكخەرانەی رێوڕەسمەكە هەڵوێستێكی توندی بەرامبەر بە وەزیری پەروەردە نیشانداوە.

سەراوی نوسیویەتی"تۆ کە سیستمی پەروەردەت سەقەتەو سیستمێکی موەحدی جل لەبەرکردنت نییە، بۆ ئەبێ زوڵم لە خوێندکارێک بکەی کە حیجاب پۆشە. بەڕاستی من هەست بە شەرم ئەکەم تۆ وەزیری پەروەردەی ئەم هەرێمەی."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ لیژنەی رێكخستنی رێوڕەسمەكە لەڕونكردنەوەیەكدا وتی"كۆمه‌ڵێك كه‌س له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بۆ مه‌به‌ستێكی‌ دیاریكراو، كه‌وتونه‌ته‌ ته‌قه‌و پڕوپاگه‌نده‌ی‌ ناڕاست و نه‌شیاو له‌سه‌ر دیمه‌نێكی‌ مه‌راسیمه‌كه‌ كه‌ گوایه‌ "قوتابییه‌كی‌ باڵاپۆش" خراوه‌ته‌ دواوه‌".

وتیشی"بۆ به‌رچاوڕونی‌ هه‌موان رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ بردنه ‌دواوه‌ی‌ قوتابییه‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندی‌ به‌ باڵاپۆشییه‌كه‌یه‌وه‌ نه‌بوه‌، به‌ڵكو له‌ رێكخستنی‌ یه‌كه‌م و دوه‌م و سێیه‌مه‌كانی‌ ئاستی‌ هه‌رێم و له‌ چوارچێوه‌ی‌ ریزبه‌ندی‌، داوا له‌ سێیه‌مه‌كان كراوه‌ بچنه‌ پشته‌وه‌ و دوه‌مه‌كان له‌ رێزی‌ دوه‌م و یه‌كه‌مه‌كانیش له‌ پێشه‌وه‌ بوه‌ستن".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا"ئه‌م قوتابییه‌ش ئاستی‌ دوه‌می‌ به‌ ده‌ست هێنا بو، بۆیه‌ برایه‌ ریزی دوه‌م، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هه‌ر  نیه‌تێكی‌ دیكه‌مان هه‌بوایه‌ ئه‌وا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوە به‌ مه‌رج بانگهێشتمان ده‌كرد".

وه‌زاره‌تی په‌وه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڕه‌شه‌ی له‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ش كرد كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ زیاتر ده‌وروژێنن و وتی"ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ له‌ ئه‌مڕۆوه‌ رێكاری‌ یاسایی‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر ناوزڕان و ته‌شهیرێك ده‌گرینه‌به‌ر و سكاڵای‌ له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ین."


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×