هەپەگە كوژرانی پێنج سەربازی سوپای توركیای راگەیاند
  2019-06-24       945       

هەپەگە ئاشكرایكرد، لە سێ چالاكی گەریلادا دژبە سوپای توركیا لە ئاوەشین، چەلێ و خواكورك، هەشت سەربازی توركیا كوژراون و لە نسێبین-یش بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیاوە دو گەریلا شەهید بون.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە)، لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە كە دوێنێ یەكشەممە لەناوچەی "ئاوەشین"، هێزێكی سوپای توركیا كەوتۆتە بۆسەیەكی گەریلاوەو لەئەنجامدا پێنج سەربازی ئەو سوپایە كوژراون و پێنجی دیكەش بریندار بون.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەمڕۆش هێزەكانی گەریلا لەناوچەی خواكورك چالاكییەكان دژبە سوپای توركیا ئەنجام داوەو لەئەنجامدا سەربازێك كوژراوە.

بەپێی بەیاننامەكە هەر ئەمڕۆ لەناوچەی "چەلێ"ی جولەمێرگ، لە چالاكییەكی گەریلادا دژبە سوپای توركیا دو سەربازی ئەو سوپایە كوژراون.

هەپەگە ئەوەشی خستۆتەڕو كە لەو سێ چالاكییەدا گەریلا بێ‌ زیان بوە.

لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا، هەپەگە ئاشكرایكردوە كە لە 12ی ئەم مانگەدا لەناوچەی "ئومەریا"ی سەربە نسێبین لە مێردین، سوپای توركیا دەستی بە ئۆپەراسیۆن كردوەو بە كۆپتەرو فڕۆكەی جەنگی بۆردومانی ناوچەكەی كردوەو لەئەنجامدا دو گەریلا شەهید بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×