بەرپـرسێکی یەکێتی: محەمەدی‌ حاجی‌ مەحمود یەکێکه‌ له‌وانه‌ی‌ دۆخی‌ كه‌ركوكی‌ به‌مرۆ گه‌یاند
  2019-06-25       2189       
بەرپـرسێکی یەکێتی ڕەخنەی توند لەمحەمەدی‌ حاجی‌ مەحمود دەگرێت‌و ده‌ڵێت، "ئەو یەکێک بووە لەوانەی پـیداگیریی دەکرد لەوەی کەرکوک توشی ئەم کارەساتەی ئێستا بکات".

ئاوێنه‌: ڕەوەند مەلا مەحمود، جێگری‌ بەرپرسی‌ مەڵبەندی‌ کەرکوکی‌ یەکێتی‌، ڕەخنەی توند لەمحەمەدی‌ حاجی‌ مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ده‌گرێت له‌باره‌ی‌ لێدوانێكی‌ پێشوی له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ كه‌ركوك.

ڕەوەند مەلا مەحمود به‌ده‌نگی‌ ئه‌مریكای‌ راگه‌یاندووه‌، "محەمەدی‌ حاجی‌ مەحمود یەکێک بووە لەوانەی پـیداگیری دەکرد لەوەی کەرکوک توشی ئەم کارەساتەی ئێستا بکات".

پێشتر محەمەدی‌ حاجی‌ مەحمود بێ هیوایی‌ خۆی‌ نیشاندابو لەوەی‌ جارێکی‌ تر دەسەڵاتی‌ کوردی‌ بۆ کەرکوک بگەڕێتەوە. لەو بارەیەوە ڕەوەند مەلا مەحمود ده‌ڵێت، "ئێمە لەکەرکوک ماوینەتەوە، ئەوە محەمەدی‌ حاجی‌ مەحمودە دەبێت لەشارەزورەوە بەدوربین سەیری‌ کەرکوک بکات."

وتیشی‌، "کاک محەمەد یەکێک بوو لەوانەی‌ پێداگیری‌ کرد کەرکوک توشی‌ ئەم کێشە بکات کە ئێستا تێیداین، ئێمەی‌ کەرکوکیەکان چەند هاوارمان کرد، پێمانگوتن توشی‌ ئەم کێشە گەورەمان مەکەن، سوپای‌ عێراق دێت‌و توشی‌ شەڕی‌ قورس دەبین، کەچی‌ کاک محەمەد دەیگوت، ئێمە دەوڵەت دروستدەکەین."

لە بەشێکی‌ تری‌ قسەکانیدا بەرپرسەکەی‌ یەکێتی‌ ڕەخنە لەئیدارەی‌ هەرێمی‌ کوردستان ده‌گرێت بەوەی‌ کێشەکانی‌ خۆیان بۆ کەرکوک گواستۆتەوەو توشی‌ کارەساتی‌ کردون، له‌و روه‌وه‌ ده‌ڵێت، "ئیدارەی‌ هەرێم کوردیان لەکەرکوک بەمڕۆ گەیاند، راستە دەسەڵاتمان وەکو جاران نەماوە، بەڵام نەمانهێشتووە غەدر لەکورد بکرێت‌و پێشمان بەپرۆسەی‌ تەعریب گرتووە."

ڕەوەند مەلا مەحمود جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ کاندیدی‌ یه‌كێتی‌ بۆ پۆستی‌ پارێزگاری‌ کەرکوک رزگار عەلی‌یە، "نەشمانبیستووە برادەرانی‌ پارتی‌ رەخنەیان هەبێت، تەنها وتویانە با بەشدار بین لەدانانی‌ پارێزگاردا بۆ کەرکوک‌و دەنگی‌ پێبدەین."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×